ئاژانس
پرسی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا گەرمە، کانیدی سەرۆکایەتیی پارتی کۆماری و دیموکراتەکان هەموو هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ببنە براوەی هەڵبژاردن، بڕیارە هەڵبژاردنەکە 3ی تشرینی دووەمی 2020 لە ئەمەریکا بەڕێوە بچێت.
ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی لەسەر کوردیش دەبێت بەو پێیەی دۆسیەی کورد هەمیشە بابەتێکی گەرم بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام ئایا سیاسەتی کامیان بۆ کورد باشترە؟ دۆناڵد ترەمپ؟ یان جۆ بایدن؟
ترەمپ و کورد
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کانیدیدی کۆمارییەکان هەڵوێستەکانی بەرامبەر کورد ئاشکرایە و بە پێی ڕووداوە سیاسییەکان لە تویتەر قسەی خۆی لەسەر دەکات، لە کاتی داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە دوو ڕۆژدا ٢٤ تویتی لەسەر کورد کرد، ئەو ڕۆژێک کوردەکانی بە شەڕکەری باش وەسف دەکرد ڕۆژێکیش دەیویت ئەوان لە جەنگ هەڵدێن و فریشتە نین، بە تویتێک هێزەکانی ئەمەریکای لە ڕۆژئاوا کشاندەوە، هەر بۆیە وەک دەوترێت ترەمپ ئەمانی نییە، لە هەر ساتێکدا بێت دەکرێت بڕیارێکی نوێ بدات و هەموو شتەکان ئاوەژوو بکاتەوە.
بایدن و کورد
جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان خۆی بە دۆستێکی نزیکی کورد دەزانێت، لە ساڵی ٢٠٠٢ هاتە کوردستان و وتی تەنها چیاکانی دۆستی ئێوە نین، ئەو لەسەر بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا ڕەخنەی تووندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت، کارەکەی بە خیانەتکردن لە کورد ناوبرد، ئێستاش لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئەم دۆسیەیە لە دژی بە کار دەهێنێت، لە سەر کوردیش چەندیدنجار هێرشی تووندی کردووەتە سەر تورکیا، بایدن شارەزاییەکی زۆری لەسەر کورد و دۆسیەی کورد هەیە، بڕیارەکانی جێگیرترن لەسەر ئاستی کەسی بۆ کورد باشترە بە بەراورد لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی، کۆمارییەکانی ئەمەریکا زیاتر دۆستی کوردن وەک لە دیموکراتەکان.
هەمیشەش لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان لە پێش هەموانەوەیە، هەر بۆیە گەر کورد ژیرانە مامەڵە بکات لەگەڵ ئەمەریکا، لە کاتی پێدانی مافەکانی بڕیاری هەڵەی وەک ڕیفراندۆم نەدات و کێشەیان بۆ دروست نەکات، نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نیشان بدەن، کۆمارییەکان دەربچن یان دیموکراتەکان چاوەڕوان دەکرێت پشتگیرییەکی بەهێزی کورد بکەن