سەرپەرشتیارێکی کەمپەکە: دوای داواکە پارتی فشاری لەسەر درووست کردووین
ئاژانس – هێمن حەسەن
حکومەتی تورکیا دەستی بە فشارەکانی بۆ سەر حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر کردووە تا کەمپی مەخموور دابخەن کە نزیکەی ١٢ هەزار پەنابەری باکووری کوردستانی تێدایە، بەڵام کەمپەکە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، سەرپەرشتیارێکی کەمپەکەش دەڵێت دوای داواکەی تورکیا پارتی فشاری زۆریان لێ دەکەن.
لە هەرێمى کوردستان و لە قەزاى مەخموور ماوەى ٢٢ ساڵە کەمپێکى تایبەت بە کوردانى باکوورى کوردستان هەیە کە نزیکەی ١٢ هەزار کەس تێیدا دەژیت و لە ساڵى ١٩٩٦دا درووست کراوە، كەمپەكە لە ژێر چاودێریی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە، ئەوانەی لە كەمپەكەدان بەشێکیان لە لایەن توركیاوە بە پشتیوانیكردن یان ئەندامبوون لە پەكەكە تۆمەتبار كراون و تورکیا بە قوتابخانەی پێگەیاندنی کادر بۆ پەکەکەی دەزانێت.
نامۆ گابار، یەکێک لە فەرماندەکانى پەکەکە لە سنوورەکە بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند، هیچ ئەندامێکى ئێمە یان کەسوکارى گەریلاى ئێمە لە کەمپى مەخمووردا نییە، ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەى ئەردۆگانە.
بەپێى زانیارییەکانى ״ئاژانس״ کە لە سەرچاوەیەکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمەوە دەستی کەوتووە، حکومەتى تورکیا بە شێوەیەکى فەرمى داواى لە حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق کردووە کەمپى مەخموور دابخەن.
هەر بە پێى وتەى ئەو سەرچاوەیە، هەردوو حکومەت بە ئەنقەرەیان ڕاگەیاندووە، ئەو کەمپە تەنیا هاووڵاتیى ئاسایى تێدا دەژین و هیچ گەریلایەکى پەکەکەى تێدا نییە، ئەوەشیان بە بەرپرسانى تورکیا وتووە کە پرسى داخستنى کەمپەکە پەیوەندیى بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هەیە.
هەفتەی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆككۆماری توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵەكانی ״دی״ و سی ئێن ئێن-ی توركی ڕایگەیاند، چۆن مەترسی لە قەندیل و شنگالەوە بۆ سەر توركیا هەیە ئاواش لە مەخموورەوە هەیە.
ئەردۆگان ئاماژەی بەوەش كرد، مەخموور شوێنێكی زۆر گرنگە و لانەی پەكەكەیە، بۆیە بە وتەی خۆی داوایان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە بە زوویی بابەتی مەخموور چارەسەر بكات، چونكە پەكەكە ئەندامەكانی لەوێ پێدەگەیەنێت و پەروەردەیان دەكات.
لە سەرەتاى کردنەوەى ئەو کەمپە ژمارەى پەنابەرەکانى تەنیا پێنج هەزار بوو، بەڵام ساڵ بە ساڵ ژمارەى پەنابەرانى ناو کەمپەکە زیاتر بووە، ئەوەش بەهۆى فشارەکانى حکومەتى تورکیا لەسەر ئەو خێزانانەى کە یەکێک لە ئەندامانیان لەناو پەکەکە بووە یان هیچ لانەو جێگەیەکى مانەوەیان نەبووە لە دواى وێرانکردنى ناوچەکانیان لە لایەن سوپاى تورکیاوە.
جیهان یەڵماس یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کەمپى مەخموور بە ״ئاژانس״ى وت: ״لە دواى داواکارییەکەى تورکیا، پارتى لەژێر فشارى دەوڵەتى تورکیا فشارى لەسەر ئێمە درووست کردووە و بە ئاسانى ڕێگە بە هاتووچۆى ئەندامانى کەمپەکە نادەن کە بۆ ناو هەولێر و ناوچەکانى دیکەى هەرێم بیکەن.״
ئاماژەى بەوەش کرد، کەمپەکەیان هیچ پەیوەندییەکى بە پەکەکەوە نییە و ئەوانەى لەناو ئەو کەمپەدان لە دەست زوڵم و زۆریى حکومەتى تورکیا باکوورى کوردستانیان جێهێشتووە.
توركیا پێداگری لەسەر داخستنی كەمپی مەخموور دەكات كە بە لانەی پەكەكەی دەزانێت، بەڵام تا ئێستا لە بارەی چارەنووسی ئەو 12 هەزار كەسەی لە كەمپەكەدا دەژین هیچ ڕێگاچارەیەکى نەخستووەتە ڕوو كە پێدەچێت ئەگەر ڕادەست بكرێنەوە ئەوا ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە.
عابد ئیکە، نوێنەرى پارتى دیموکراتى گەلان ״هەدەپە״ لە هەرێمى کوردستان، ڕەتی دەکاتەوە ئەوانەى لە کەمپى مەخموردان گەریلاى پەکەکە بن، بەڵکو بە وتەى ئەو ئەوانە خەڵکى شار و گوندەکانى باکوورى کوردستانن کە ئەردۆگان وێرانى کردووە لێیان.
عابد ئیکە بە ״ئاژانس״ى وت: ״ئەوە جاری یەکەم نییە ئەردۆگان داواى داخستنى کەمپى مەخموور دەکات، بەڵکو بەردەوام هەڕەشەى لە عەفرین و کۆبانى و قەندیل و شنگال و کەرکوک و مەخموور کردووە، ئەگەر داوای داخستنی دەکات با چارەسەری پەنابەرەکانی بکات.״