وەزارەتی پێشمەرگە: هیچمان پێ ناكرێت
ئاژانس
لە توركیا ״بێڕێزی״ بەو پێشمەرگە بریندارانە كراوە كە بە مەبەستی چارەسەركردن ڕەوانەی ئەو وڵاتە كراون و بەشێكیشیان بێچارەسەر گەڕاونەتەوە، وەزارەتی پێشمەرگەش ئاگاداری ئەو ״بێڕێزیكردنە״یە و دەڵێت ״هیچمان پێ ناكرێت״.
بە مەبەستی چارەسەركردنی برینەكانیان كە لە شەڕی دژی داعشدا بەرگرییان كردووە و پێكراون، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بە دوو وەجبە زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەی ڕەوانەی توركیا كردووە، بەڵام بەشێك لەو پێشمەرگە بریندارانە ڕایدەگەیەنن ״بێڕێزی״یان بەرامبەر كراوە و بەشێكیشیان بەبێ چارەسەر گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.
دلێر فەتاح، موقەدەم لە هێزكانی پشتیوانیی دوو و جێگری ئامر كەتیبە، ئاماژە بەوە دەدات، لە نەخۆشخانەكانی توركیا بە خەمساردییەوە سەیر كراوە و هیچ چارەسەرێكی بۆ نەكراوە.
دلێر بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە لایەن كارمەندانی نەخۆشخانەكەوە بێڕێزیمان بەرامبەر دەكرا، جگە لەوەش سەرەتا بە منیان وت چارەسەرت دەكەین و دواتر وتیان چارەسەری تۆ لێرە نییە.״
دلێر فەتاح لە مانگی 10ی ساڵی 2014دا لە نێوان خانەقین و جەلەولا بۆمبی چێنراو پێیدا تەقیوەتەوە، قاچەكانی و دەموچاوی لەو تەقینەوەدا بەركەوتووە، لە ئێستادا چارەسەری برینەكانی قاچی كراوە، بۆ چارەسەركردنی دەموچاوی پێویستی بە دەرەوەیە و خەرجیی چارەسەرییەكەی بە 20 هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.
لە سەرەتای شەڕی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە تا ئێستا، هەزار و 654 پێشمەرگە شەهید و 9 هەزار و 707 پێشمەرگەش بریندار بوون، 62 پێشمەرگەش بێسەروشوێنن.
بەختیار جەبار، پێشمەرگە لە لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی، یەكێكی ترە لەو پیشمەرگانەی چووەتە توركیا و لە مانگی سێی 2015دا لە تەلەلوەرد بریندار بووە و نزیكەی 40 ڕۆژ لە نەخۆشخانەی چاك لە ئەنقەرەی توركیا ماوەتەوە.
بەختیار جەبار بۆ ״ئاژانس״ی ئاشكرا كرد: ״ئێمە بۆ چارەسەر ڕۆیشتبووین، بەڵام لە توركیا چەكیان لەسەر ڕاگرتین و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكردین كە ئایا ئێمە پێشمەرگەی پەیەدەین و چووین لە كۆبانێ شەڕمان كردووە؟״
ئەو پێشمەرگەیە نەشتەرگەرییەكی ناسەركەوتووی لە توركیا بۆ كراوە و خوێنەبرێكی قاچەكانی بڕدراوە، ئەگەر نەشتەرگەریشی بۆ بكرێت یان قاچی لە دەست دەدات یاخود گیانی لە دەست دەدات.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم ئاگاداری ״بێڕێزی״كردن بەو پیشمەرگانە و خراپیی چارەسەرە تەندرووستییەكانیانن، بەڵام دەڵێن هیچیان پێ ناكرێت.
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرامبەر خراپیی هەڵسوكەوتی نەخۆشخانەكانی توركیا لەگەڵ پێشمەرگە بریندارەكاندا هیچی پێ ناكرێت.