ئایین و تیرۆر لە خزمەت دەوڵەتی كەمالیزمدا
ئاژانس -ئەحمەد مستەفا
لە پاش بەهاری عەرەبی لە سوریا و گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانی خەڵك بۆ ململانێیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی چەكداری، پاشان سەرهەڵدانی چەندین گرووپی تیرۆریستی لەو وڵاتە، دەوڵەتی توركیا و حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێی گوتارێكی ״ئایینی- سیاسی״ەوە توانی سۆز و پشتیوانیی ئەو گرووپانە بە لای خۆیدا ڕابكێشێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی زۆر بە ئاسانی توانیان بەشێك لەو ڕێكخراوانە بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەشدا پاشخانە ئیسلامییەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆڵی گەورە دەبینێت.
ناوبراو لەم پڕۆسەیەدا گوتاری ئایینی بە كار هێنا و بە هەندێك هەڵوێستی ئایینی، سۆز و عاتیفەی نەك تەنها ئەو گرووپانە، بەڵكوو بەشێكی زۆر لە جیهانی ئیسلامیشی بە لای خۆیدا ڕاكێشا.
بەكارهێنانی گوتاری ئایینی و درووشم و ڕەمزە ئیسلامییەكان لە لایەن ئەردۆغانەوە بە شێوەیەك بەهێزە كە لە ئێستادا دەوڵەتی توركیا ڕكابەریی شانشینی سعودیە دەكات لە پێشڕەوایەتیكردنی مسوڵمانانی جیهان و نوێنەرایەتیكردنی جیهانی ئیسلامی لە ئاستی جیهاندا.
لە ڕاپرسییەكی كەناڵ و ماڵپەڕی ئەلجەزیرەی قەتەریدا، كە لە بەشداربوان دەپرسێت: ״ئایا كێ بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام دەزانیت، سعودیە یان توركیا؟״ ڕێژەیەكی بەرزی بەشداربوان دەنگیان بە توركیا دابوو، كە لە ڕاپرسییەكەدا پێش شانشینی سعودیە كەوتبوو.
هەر بۆیە شانشینی سعودیە ئەگەرچی لەگەڵ توركیا لەسەر هەمان هێڵی سوننەگەرایین لە ڕووی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵام بە هەستكردنی بەم مەترسییە، كە توركیا خەریكە پێشڕەوایەتیی جیهانی ئیسلامیی لێ وەردەگرێتەوە، لە ئێستادا لە زۆر ئاست لەگەڵ توركیا ناكۆكە، بەشێك لەو ناكۆكییانەش لە بابەتی دواهەمین لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا ڕەنگی داوەتەوە.
توركیا و سامانێكی مرۆیی لە چەكدارانی تیرۆریست
لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە چەكدارە ئیسلامییە سورییەكان و خێزانەكانیان لە توركیا نیشتەجێن، كە ژمارەیان بە دەیان هەزار خێزانە، مافی نیشتەجێبوون و، بە هەندێكیشیان ناسنامەی توركی بەخشراوە، ئەگەر لەشكركێشییەكانی ئەم دواییەی توركیاش بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان سەركەوتوو بێت ئەوا بە دەیان هەزاری تر لە چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و خێزانەكانیان كە لە ئێستادا لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدان دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی توركیا و بەمەش پاشەكەوتی توركیا لە هێزی مرۆیی پێكهاتوو لە گرووپە چەكدارەكان هێندەی تر زیاد دەكات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، تەنانەت توانیویەتی درز بخاتە ناو هاوسۆزیی نەتەوایەتیی عەرەبیشەوە و بەشێكی زۆر لە خێزانە عەرەبییەكان دەوڵەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیان لە حكومەت و دەوڵەتەكانی خۆیان پێ باشترە.
بەكارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەكان لە لایەن توركیاوە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە ساڵی 2014 زیاتر تۆختر بوویەوە و دەوڵەتی توركیا و حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە شێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو دەستی دایە ڕاكێشانی چەكدارانی ئەو گرووپە بۆ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و بە پێی ڕاپۆرتی چەندین ئاژانسی هەواڵی، ئەو گرووپە لە لایەن توركیاوە لە شەڕی كۆبانێدا بە كار هێنراون، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی عەفرینیش بە هەمان شێوە دەوڵەت و دەزگای هەواڵگریی توركیا گرووپی تیرۆریستیی داعشیان بە كار هێناوە.
لە گرووپە تیرۆریستییەكانەوە تا بەكارهێنانی ئیسلام و سوڕەتەكانی قورئان
دەوڵەتی توركیا و حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تەنها بە بەكارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەكان ڕانەوەستان، بەڵكوو ڕاستەوخۆ ئیسلام و مزگەوت و چەند سوڕەتێكی قورئانیشیان بۆ جۆشدانی میللی و هەروەها تەیاركردنی گرووپە چەكدارە ئیسلامییەكان بە كار هێنا.
لە شەڕی داگیركردنی عەفرین لە مزگەوتەكانی توركیادا سوڕەتی ״الفتح״ خوێندرایەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی چوونە ناو عەفرین فەتحێكی ئیسلامییە نەك داگیركاری.
دامودەزگا ئایینییەكانی توركیا بە هەموو شێوەیەك لە سیاسەتی دژایەتیكردنی توركیا بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرێتیی باكووری سوریا كە لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل ״یەپەگە״ەوە بەڕێوە دەبرێت، هاوكاریی حكومەتی توركیا دەكەن و بە فەتوای ئایینی شەرعییەت بە لەشكركێشییەكانی سوپا دەدەن.
لەسەر ئاستی جیهانییش چەندین گرووپ و دەزگای ئایینی پشتیوانیی توركیا دەكەن لە شەڕەكانی لە دژی پەكەكە و هەروەها لە دژی ڕۆژئاوای كوردستانیش، لەوانە دەزگای یەكێتیی زانایانی جیهانیی ئیسلامی كە ڕێكخراوێكی جیهانیی ئیسلامییە و چەندەها زانای ئایینی ئیسلام لە خۆ دەگرێت، ئەگەرچی ئەو دەزگایە نوێنەرانی پارچەكانی كوردستانیشی تیایە، بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ڕایەكی جیاوازیان هەبێت لە بەرژەوەندیی گەلی كورد یان لانی كەم بێلایەنی هەڵبژێرن.
هەروەها ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمینیش لەسەر ئاستی جیهان بە شێوەیەكی تووند و بێ مەرج پشتیوانیی سیاسەتە پاوانخوازییەكانی توركیا دەكەن.
هەڵوێستەكانی یەكێتیی زانایانی جیهانیی ئیسلامی كاردانەوەی لە ناو گەلی كورددا درووست كردووە و لەسەر ئاستی میللی و بزاڤە ڕۆشنبیری و سیاسی و ئایینییە كوردییەكان ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی یەكێتییەكە دەكرێت.
لە هەموو پارچەكانی كوردستان چەندین كەسایەتی و زانای ئایینیی سەربەخۆ بەرەنگاری ئەم بەكارهێنانەی ئایین لە لایەن حكومەتی توركیاوە بوونەتەوە و ئەوانیش لە ڕێی گوتاری ئایینیەوە مافی ڕەوای گەلی كورد لە خۆبەڕێوەبەری دەسەلمێنن.
ئەردۆغان و گەلەكۆمەكێی ئایینی
״ سوپای محەمەد بە ڕێوەیە״
لە دواهەمین لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان كە لە ئێستادا بەردەوامیی هەیە، دووبارە حكومەتی توركیا دەستی بردووەتەوە بۆ بەكارهێنانی گوتاری ئایینی لە لایەك و هەروەها بەكارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەكان لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ لە لایەكی تر.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکكۆماری توركیا لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكان لە تویتێكیدا ڕایگەیاند: ״ئەمڕۆ شێرە ئازاكانی سوپای محەمەد ئۆپراسیۆنی (كانی ئاشتییان) دەست پێ كرد، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.״
ئەردۆغان لە كاتی جەنگەكان بە تەواوی بە زمانێكی ئایینی قسە دەكات، بەڵام بۆ ئاشتی هەمیشە باس لە پێویستییەكانی توركیا بە جەنگ و پاراستنی سنوورەكان دەكات.
(سوپای محەمەد) ئەو ناوەیە كە ئەردۆغان لەو میلیشیا چەكدارییانەی ناوە، كە لە پاشماوەكانی داعش و بەرەی نووسڕە و چەكدارەكانی سوپای ئازادی سوریا درووستی كردووە و ئەمانە بە ناوی غەزا و بە خویندنی سوڕەتی الفەتحەوە دەنێرێتە سەر هێزەكانی یەپەگە و هێزەكانی هەسەدە ״هێزەكانی سوریای دیموكراتی״.
ئەم گەلەكۆمەكییە ئایینییەی ئەردۆغان لە شەڕەكانی لە دژی ڕۆژئاوای كوردستان بە كاری دەهێنێت پشتئەستوورە بەو ئارگۆمێنتەی كە گوایە هێزەكانی یەپەگە و هەسەدە هێزی چەپ و دژ بە ئایینن و لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە كۆمۆنیستن، كە ئەمەش دوورە لە ڕاستییەوە و تەنها دیعایەیەكی جەنگە بۆ درووستكردنی ئەو گەلەكۆمەكییە ئایینییە، كە مەترسیدارترین جۆری گەلەكۆمەكییە.
بەكارهێنانی گوتاری ئایینی بۆ پاكتاوكردنی گەلی كورد مێژوویەكی كۆنی هەیە و لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووش بە هەمان شێوە حكومەتی عێراقی لە سەردەمی حوكمی سەددام حسێن بە ناوی سوڕەتی ئەنفال و لە ڕێگەی فەتوای كافركردنی گەلی كوردەوە بە سەدان هەزار كەسیان لە دانیشتوانی كوردستانی عێراق جینۆساید كرد.
دەستكەوتەكانی توركیا لە بەكارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەكان
بەكارهێنانی ئەو گرووپە چەكدارییانە بۆ توركیا چەندین سودی هەیە، لەوانە پاراستنی گیانی سەربازە توركەكان لە بەرەكانی شەڕدا كە چەكدارە تیرۆریستەكان وەك قەڵغان دەكەونە پێش سوپای توركیا.
كوژرانی ئەو چەكدارانە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەوتۆ لە ناوخۆی توركیادا بۆ حكومەت درووست ناكات، سوپای توركیاش ئەمانە دەخاتە پێش خۆی لە شەڕەكاندا واتە وەك سوتەمەنیی جەنگ بە كاریان دەهێنێت.
بەكارهێنانی ئەو هێزانە كە خۆیان لە ئەسڵدا سورین، شەرعییەتێك دەبەخشێتە ئەجێنداكانی توركیا لە سوریادا كە ئامانجی یەكەمی لەناوبردنی ئەو قەوارە سیاسییەیە، كە بە قەوارەی كوردەكانی سوریا ناسراوە و بە ڕای توركیا سەر بە پەكەكەن، كە لە لایەن توركیاوە وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی و دووژمن ناسراوە.
لە ئێستادا وەلائی ئەو هێز و ڕێكخراوە تیرۆریستیانە بۆ توركیا بەشێوەیەكە، كە لە دوارۆژیشدا توركیا دەتوانێت بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەیان پێ بسپێرێت، كە لە ئێستادا لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە كوردییەكاندایە.
بەكارهێنانی ئایینیش لە ڕووی شەرعییەت و جەماوەرییەوە سودەكەی بۆ توركیا هیچی كەمتر نییە لە بەكارهێنانی چەكدارە تیرۆریستییەكان لە مەیدانی جەنگدا.
بەم گوتارە ئایینییە توركیا دەیەوێت سۆزی باوەڕدارانی جیهانی ئیسلامی بە لای خۆیدا ڕابكێشێت كە تا ڕادەیەكیش سەركەوتوو بووە.
بەڵام ڕاستی ئەوەیە كە توركیا چەكدارە تیرۆریستەكان وەك سوتەمەنیی جەنگ بە كار دەهێنێت و ئایینیش وەك كارتێك بە كار دەهێنێت بۆ بەهێزكردنی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی توركیی كەمالیزم، كە لە بنەماوە دەوڵەتی توركیای لەسەر دامەزراوە.