یەکگرتوو بە ئاگاداریی هەرێمی کوردستان کردوویەتی
ئاژانس
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ئاگاداریی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی ئیخوان موسلیمینی توونسەوە هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان هەرێم و توركیا ئاسایی بكاتەوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکكۆماری توركیا ڕەتی دەكاتەوە دەستپێشخەرییەكە قبووڵ بكات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆ ببێتەوە.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ یەكگرتووی ئیسلامی لە ڕێگەی بەرپرسانی حزبەكەی و عەلی قەرەداغی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی جیهان هەوڵی داوە بۆ ئەوەی فشارەكانی توركیا لەسەر هەرێم كەم بكرێتەوە و دەرگای گفتوگۆ دانەخرێت، بۆ ئەو مەبەستە پەیوندیی بە ڕاشد غەنوشی ڕابەری ئیخوان موسلیمین لە توونسەوە كراوە، بەڵام ئەو هەوڵە بێئەنجام بووە.
نەسرەدین سەعید بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەوڵی خۆمان داوە لە ڕێگەی عەلی قەرەداغییەوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمی بەڵام نازانم هەوڵەكان به كوێ گەیشتوون״.
هاوكات عومەر محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ״ئاژانس״ی ئاشكرا كرد كە هەوڵەكانی یەكگرتوو بە ئاگاداریی هەرێمی كوردستان بووە لە ڕێگەی عەلی قەرەداغی و ڕاشید عەنوشییەوە.
وتیشی: ״هەوڵەكان بە دوو ئاڕاستەدا بوون، بەشێكیان پەیوەندیی بەو هەڕەشانەوە بوو كە توركیا پێش و پاش ڕیفراندۆم ئەنجامی دا؛ خۆشبەختانە هەوڵەكان سەری گرت و ئاڕاستەی دووەمیش پەیوەندیی بە ئەنجامدانی كۆبوونەوە و گفتوگۆوه بوو لە نێوان بەرپرسانی هەرێم و ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا، بەڵام ئەم هەوڵەیان سەری نەگرت.״