بۆ درووستكردنی بارەگایە و پارتی چاوساغییان دەكات
ئاژانس – تایبەت
سوپای توركیا لە سنووری بادینان دەستی بە كڕینەوەی زەویوزاری هاووڵاتییان كردووە و بە ڕێگای وشکانی و ئاسمانییش هێز ڕەوانە دەكەن و بۆ ئەوەش هێزەكانی پارتی لەو سنوورە هاوكاریانە و چاوساغییان دەكات.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە چەند سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە؛ هێزەكانی سوپای توركیا لە ناوچەكانی (برادۆست، بەرمیزە، كانییەڕەش، دەشتی بەرازگر و شاخی كتكین) لەناو سنووری هەرێمی كوردستان بنكە و بارەگایان هەیە و هێزەكانیان لە سنووری شەمزینانی باكووری كوردستانەوە بە دوو ڕێگا هاتوونەتە ناو خاكی هەرێم، ڕێگای یەكەم (گوندی بێگژنە) لە سنووری شەمزینان و ڕێگای دووەم لە ناوچەی ماوان دەست پێ دەكات تا دەلیا سەر و شانشا.)
ئەم دوو ڕێگایە لە گوندی (خەروان) لەناو خاكی هەرێم یەك دەگرنەوە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی (ڕووبارۆك) كە بازگەیەكی گەورەی سوپای توركیای تێدا جێگیر كراوە، لەم بازگەیەوە هێزەكانیان دابەش دەكەن بەسەر (بەرمیزە، كانییە ڕەش و چیای كتكین.)
جگە لەوەی ئەم هێزانە بە ڕێگای وشكانی دێنە هەرێمی كوردستانهوه، لە ڕێگای ئاسمانییشەوە و بە هەلیكۆپتەر هێز لە توركیاوە دەگوازنەوە بۆ شاخی كتكین.
تەواوی ئەو سنوورانەی كە سوپای توركیا پێیدا تێپەڕ دەبێت و دێنە ناو خاكی هەرێمهوه، هێزەكانی برادۆستی پارتی تێدا جێگرن و هەواڵگریی هێزەكانی پارتی بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامی مێرگەسۆر چاوساغیی بۆ هێزەكانی سوپای توركیا دەكەن و ڕێنیشاندەریانن بۆ دەستنیشانكردنی بنكە و بارەگای پەكەكە لە بناری قەندیل.
هاوكات پەكەكەش هۆشداریی داوەتە دانیشتووانی گوندەكانی (پردە شاڵ، بەرگردگە و گۆچار) لە سنووری بناری قەندیل كە توركیا بە هاوكاریی پارتی هەوڵی درووستكردنی ڕەبیە و بنكەی سەربازی دەدات لەسەر زەویوزاری هاووڵاتییان.
هەر بە پێی بەدواداچوونەكانی ״ئاژانس״ سوپای توركیا دەستی كردووە بە كڕینەوەی زەویوزار و گوند و شاخەكانی هەرێمی كوردستان بۆ جێگیركردنی سوپای توركیا و درووستكردنی بارەگای هەمیشەیی بۆ هێزەكانیان.