يهریڤان ئه‌دهه‌م سه‌عید
تاكڕه‌ویی سه‌رۆكی توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، گرژیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و ئه‌نكه‌ره، ئاماژه‌ن به‌وه‌ی كه شه‌مه‌نده‌فه‌ری سیاسی و ئابووریی توركیا له ئه‌و وێستگه‌یه ده‌وه‌ستێت كه هۆگۆ شافێزی سه‌رۆكی پێشووی فه‌نزوێلا، وڵاته‌كه‌ی تێدا وه‌ستاند له ٢٠١٣دا.
لێكچوونه‌كان ئه‌وه‌نده زۆر و هاوتان له نێوان كه‌سایه‌تی و كاره‌كانی ئه‌ردۆگان و شافێزدا، مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه له‌وانه‌یه ده‌رچووی هه‌مان خوێندنگه‌ی سیاسی بن، له‌وانه‌یه ئه‌م دوو سه‌رۆكه هه‌مان ڕاوێژكاریان هه‌بووبێت، هه‌مان كتێبیان خوێندبێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان نین. شافێز پێش ئه‌ردۆگان بوو به سه‌رۆك، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی توركیا ده‌یكات، به جێ پا ڕۆشتنی سه‌رۆكی فه‌نزوێلایه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره كه ئه‌ردۆگان پشتگوێی خستووه، داهاتووی وڵاتێكی مه‌زنی وه‌ك توركیایه وه‌ك هێزێكی ناوچه‌ی سیاسی، ئابووری و سه‌ربازی و ڕۆڵی له سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تی ته‌نها له پێناو سه‌پاندی خودی خۆیدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانێ كه نه‌خشه ڕێگای شافێز وڵات به‌ره‌و كه‌ناری له‌رزین ده‌بات له ڕووی ئابوری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاسایش و په‌یوندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه.
با به‌كورتی بگه‌ڕێینه‌وه كۆتایی ساڵی ١٩٩٠ كه چۆن شافێز هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات وك سه‌رۆككۆمار و دواتر چی كرد كه فه‌نزوێلای به ئه‌مڕۆ گه‌یاند كه نه‌خۆشخانه‌كانی ته‌نانه‌ت ده‌رمانی تێدا نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی منداڵه‌كانی فه‌نزوێلا له كاتێكدا ئه‌م وڵاته خاوه‌نی مه‌زنترین یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانه.
وه‌ك چۆن پێش هاتنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیا له ٢٠٠٢دا، دۆخی سیاسی و ئابوری توركیا جێگیر نه‌بوو، هاووڵاتییانی توركیا بێزاربوبون له ده‌موچاوه دوووبارهكان، به‌هۆی پێكێنانی حكومه‌تی هاوپه‌یمانییه‌وه، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كرا، ئابووریی توركیا خراپ بوو، به هه‌مان شێوه، له فه‌نزوێلا له كۆتایی ١٩٩٠ كاندا، خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و مامناوه‌ند، هه‌مان هه‌ستی خه‌ڵكی توركیا یان هه‌بوون ده‌رباره‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی وڵاته‌كه‌یان. ئه‌م هه‌ستی تووڕه‌ی و بێزار و ناره‌زایه، هه‌لی ڕه‌خساند بۆ هۆگۆ شافێز كه پلاتفۆرمی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ١٩٩٨ له سه‌ر ئه‌وه بنیاد بنێت كه هه‌موو شتێك ده‌كات بۆ خه‌لكی كه‌م ده‌رامه‌ت، شافێز، به‌لێنی دا كه گۆرانكاری ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی بكات له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان كه تا ئێستا پشتگوێخراون له لایه‌ن ئیداره‌كانی پێشووی ئه‌و وڵاته‌وه. به‌ڵێنی دا كه دیموكراسی و ئازادی ڕاسته‌قینه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ فه‌نزوێلا. شافێز توانی هه‌لبژاردنه‌كان بباته‌وه به به ده‌ستهێنانی له سه‌دا ٥٦ی ده‌نگه‌كان.
له سه‌ره‌تای ١٩٩٩دا، شافێز سوێندی خوارد. بوو به ٤٥هه‌مین سه‌رۆكی فه‌نزوێلا. به پێچه‌وانه‌ی ئارامی ئه‌ردۆگانه‌وه بۆ سه‌رله‌نوێ بونیاندنانهوه و داڕشتنه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی له توركیا و گۆڕینی ده‌سه‌ڵاته‌كان، شافێز ده‌ستبه‌جێ ده‌ستی كرد به گۆڕانكارییه‌كان بۆ توند و تۆڵكردنی ده‌سته‌ڵاتی خۆی. له هه‌مان ساڵدا، ڕاپرسی ئه‌نجامدا بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستور و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌ربازی درووست كرد كه پێكهاتبوو له كه‌سانی ده‌روێشئاسا و گوێرایه‌ڵ كه شوێنی په‌رله‌مانی گرته‌وه. له هه‌مان كاتدا كه‌سانی نزیك و سه‌ر به پارته‌كه‌ی شافێز هاتنه په‌رله‌مانه‌وه. سیسته‌می دادوه‌ری هه‌نگاو به هه‌نگاو گۆڕی، دادوه‌ره‌كانی ده‌ركرد و گۆڕینییه‌وه به كه‌سانی نزیك له خۆی. ئازادی ڕاده‌ربرین تهسكبووهوه، هێرشكردنه سه‌ر به‌رهه‌ڵستكاران ده‌ستی پێكرد، به‌ندینخانه‌كان بوون به شوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پرسیاریان له كار و ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌كرد كه شافێز فه‌نزوێلای پێدا ده‌بات. ئه‌م هه‌نگاوانه زیاتر له دوای ٢٠٠٣وه ده‌ستی پێكرد و له ٢٠٠٦دا زیاتر تاكڕه‌وی شافێز ده‌بینرا.
بۆ زیاتر شه‌رعیه‌تدان به خۆی، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی له سالی ٢٠٠٢ دا ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌ك هێزێكی نه‌وه‌ستێنراو به‌رده‌وام بێت له سه‌ره‌وژێركردنی دامه‌زراوه‌كان له وڵاته‌كه‌یدا. شافێز سه‌ركه‌وتوو بوو له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، دووباره نه‌یاره‌كانی تێك‌شكاند، به‌ڵام زیاتر تاكڕهوتر بوو. له ٢٠٠٢ دا ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له كوده‌تایه‌كدا، به هامان شێوه‌ی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی هاوینی ٢٠١٦ی توركیا، شافێز له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لابرا به كورتی، به‌ڵام توانی بگه‌ڕێته‌وه. وه‌ك ئه‌ردۆگان، له چاوی خه‌ڵكدا، زیاتر به شه‌رعی و دیموكراتیتر بینرا.
له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٦، وه‌ك ئه‌رۆگان، ده‌ستی كرد به داخستنی میدیای ئازاد، زۆربه‌ی ته‌له‌فزیۆنه گه‌وره و سه‌ربه‌خۆكان یان كه سه‌ر به پارته به‌رهه‌ڵستكاره‌كان بوو داخران، ڕۆژنامه‌نووسان و كه‌سانی میدیا له سوچی به‌ندینخانه‌كاندا توندكران، سه‌ركرده‌ی پارته‌كانی دژ به شافێز ده‌ستگیركران. له هه‌مان كاتدا، دادگای بالای فه‌نزوێلا، پركرا له دادوه‌ری سه‌ربه شافێز و دادوه‌ره سه‌ربه‌خۆكان لابران وه‌ك چۆن له دوای كوده‌تا و گۆڕینی سیسته‌می سیاسی له توركیا، یه‌كێك له كاره‌كانی ئه‌ردۆگان دانانی دادوه‌ره‌كان بوو، لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و لابردنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتیان سنووردار ده‌كرد. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ردۆگانه‌وه، شافێز هه‌نگاوێك زیاتر نا، ده‌ستووری گۆڕی كه ڕێگه‌ی پێ ده‌دا كه بۆ هه‌تا هه‌تایه وه‌ك سه‌رۆك بمێنێته‌وه.
شافێز توانی ئه‌مانه بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك توركیا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داد و گه‌شه‌پێداندا، ئابوورییه‌كه‌ی به‌هێز، به‌ڵام فشهلی هه‌بوو. زۆربه‌ی داهاتی وڵاته‌كه به‌ند بوو به نه‌وته‌وه. كاتێك كه نه‌وت گرانبوو له سالی ٢٠٠٦ دا، شافێز توانی به‌رنامه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر په‌ره‌پێبدات، حكومه‌ته‌كه‌ی گه‌وره‌كرد له ڕووی كارمه‌نده‌وه، تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی باشتربوونی به خۆیه‌وه بینی، هه‌ژاری كه‌م بووه‌وه.
به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و پارهڕژانه ناو خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، متمانه‌یه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ری دا به شافێز، په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئاڵۆز كرد، كۆمپانیا نه‌وته ئه‌مه‌ریكییه‌كانی ده‌ركرد و بریاریدا نه‌وت به ئه‌مه‌ریكا نه‌فرۆشێ. دواتر له‌گه‌ڵ ڕمانی نرخی نه‌وتدا، شافێز نه‌یتوانی له سه‌ر به‌رنامه به‌خشنده ئابوری و خهیاڵاوییهكهی به‌رده‌وام بێت. ئابووریی فه‌نزوێلا، هاره‌ی كرد، حكومه‌ت نه‌یتوانی مووچه بدات، داموده‌زگاكانی وڵات به‌ره‌و ڕووی زیاتر گه‌نده‌ڵی ئیداری و ئابوری ڕۆشتن، دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییش تووشی ڕزان بوو له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه. شافێز نه‌خۆش كه‌وت و مرد له ٢٠١٣دا، به‌ڵام دوای چی؟ فه‌نزوێلای وا لێكردووه كه له‌وانه‌یه مه‌حاڵ بێت جارێكی كه له ڕووی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بگه‌ڕێته‌وه دۆخی پێش ١٩٩٨.
له‌م كاته‌دا، تا ڕاده‌یه‌ك، توركیاش به هه‌مان ڕێڕه‌ودا ده‌ڕوات كه فه‌نزوێلای ٩ ساڵ لهمهوپێش پێدا ڕۆشت. ئه‌ردۆگان ڕه‌تی ده‌كاته‌وه ئابوری وڵاته‌كی بخاته پێش ئایدۆلۆجییه‌وه. له ڕێگه‌ی دوربینی هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشه‌وه هاوپه‌یمانانی ڕابردوو ده‌بینێ. له ڕاستیدا ئه‌مه تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌یه بۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركات ئایدۆلۆجیا زاڵ‌بێت به سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیجییه‌كان، دۆخی فه‌نزوێلا ده‌بێته چاره‌نووس. به دڵنیاییه‌وه، ئابووریی توركیا زۆر جیاوازه له ئابووریی فه‌نزوێلا.
به پێچه‌وانه‌ی فه‌نزوێلاوه، توركیا ئابوورییه‌كه‌ی هه‌مه‌جۆره، نه‌وت و گاز هاورده ده‌كات نه‌ك هه‌نارده‌ی بكات، پیشه‌سازی و كه‌رتی تایبه‌ت له توركیا به‌هێزن، به‌ڵام كاتێك توركیا ده‌یه‌وێ بوه‌ستێ به‌رامبه‌ر وڵاتێك كه ته‌نها به‌های كۆمپانیای ئه‌پڵ، له ئابووریی توركیا گه‌وره‌تره، كێشه‌كه له‌مه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. ئابووریی توركیا له ٢٠١٨‌دا به ٨٤٨ ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێ له كاتێكدا به‌های كۆمپانیای ئه‌پڵی ئه‌مه‌ریكی یه‌ك ترلیۆن دۆلاری تێپه‌ڕاند. ئابووریی ئه‌مه‌ریكا به ته‌نها له سه‌دا ٢٥ی ئابووریی جیهانه. له‌به‌ر ئه‌وه، جه‌نگی ئابووری له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا له‌م كاته‌دا، وه‌ك كورد ده‌ڵێ، كوتانی ئاسنی سارده و ته‌نها خۆت ماندوو ده‌بیت.
له‌وانه‌یه یه‌كێك له باشترین پرسیاره‌كان له‌م بهرواردكارییهدا ئه‌وه بێت، چۆن دوو وڵاتی جیاواز له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، دوو ئابووریی جیاواز، له‌وانه‌یه هه‌مان چاره‌نووسیان هه‌بێت؟ گونجاوترین وه‌ڵام ئه‌كرێت ئه‌وه بێت كه هه‌ژاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسی، ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنوور، تاكڕه‌وی وێرانكه‌ره. ئه‌ردۆگان و شافێز هه‌ردووكیان له ڕێگای سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه هاتنه ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام هه‌ردووكیان دیموكراسیان به‌كارهێنا بۆ لاوازكردنی دیموكراسی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان له وڵاتهكایاندا. ئه‌مه‌ش ده‌كرێت وانه‌یه‌كی باش بێت بۆ كوردستان كه بۆ مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتدا له لایه‌ن هه‌مان نوخبه‌ی سیاسییه‌وه، وڵات به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ده‌بات.
له كاتی هه‌ڵبژاردنی شافێزدا له ١٩٩٨، ژنێكی فه‌نزوێلای له‌و ویلایه‌تی بهریناس كه شافێزی تێدا له دایك بووه، وتی، ״دیموكراسی تووشی هه‌وكردن بووه، شافێز، ئانتای بایۆتیكه״. ٢٠ ساڵ له دوای وته‌ی ئه‌م ژنه، نه‌خۆشخانه‌كانی فه‌نزوێلا له ڕیزی خراپترین نه‌خۆشخانه‌كانن له جیهاندا و ته‌نانه‌ت ئانتای بایۆتیكیش نییه منداڵه‌كانی فه‌نزوێلای پێ چاره‌سه‌ر بكرێت. شافێز چاره‌سه‌ر نه‌بوو، شێرپه‌نجه بوو بۆ وڵاته‌كه‌ی.