ئامادەكردنی:موسعەب ئەدهەم
توشی هیكو ئیزوتسوی ژاپۆنی، (1914-1993) لە دایكبووی تۆكیۆ، فەیلەسوفی زمان، لە بونیاتنەرانی (فەلسەفەی ڕۆژهەڵات)، ئەدیب، ئایینناس و ئیسلامناس و بە شێوەیەكی تایبەت قورئانناسی ناوداری ژاپۆنییە.
ئیزوتسو كەسێكی فرەبوار و سنوورێكی نەناسراوە لە فەلسەفە و ئایینناسیی هاوچەرخدا. ئەو (35) زمان فێر بوو و لە نێوان ئەم زمانانەشدا بە لایەنی كەمەوە بەسەر (17) زماندا زاڵ بوو. لەوانەش، عەرەبی، عیبری، فارسی، سانسكریت، پالی، ڕوسی، لاتینی، یۆنانی و چینی. خاوەنی چەندین كتێبی پڕ بایەخە.
*ئیزوتسوی؛ هەڵهاتن لە ئایینی باب و باپیران
ئیزوتسو لە ماڵباتێكی كەم تا زۆر دەوڵەمەند گەورە بوو. باوكێكی سەختگیر و پەیوەستبووی بە ئایینی بوداییەوە هەبوو. سەختگیری و تووندیی مەزهەبی باوكی وای لە ئیزوتسو كرد لە تەمەنێكی كەمدا ڕیازەت بكێشێ وەكو ئەوەی لە ئایینی زندا هەبوو، ئەمەش بوویە هۆی ئەوەی ئیزوتسو بۆ ڕاكردن لە ئایینی باو و باپیرانی سەرەتا مژۆڵی پێچاوپێچەكانی زمانە دێرینەكان بێت و پاشان لە ڕێگوزەری زمانناسییەوە ڕووی لە فەلسەفە و ناسینی ئایینەكانی دیكە نا، ئیدی جارێكی دی بە ڕوانینێكی نوێوە بەرەو ناسینی سوننەتی باو و باپیرانی خۆی گەڕایەوە. خوێندنی ناوەندیی لە قوتابخانەی مەسیحیدا بووە هۆی ئەوەی بۆ یەكەمین جار لەگەڵ جیهانی یەهودی–مەسیحی ئاشنا ببێت، ئاشناییەك كە دواتر یارمەتیی دا لە توێژینەوە لە ئیسلامدا.
ئیزوتسو، خوێندنی زانكۆی لە بەشی ئابووریدا دەست پێ كردبوو، زۆر زوو بە عیشقی دێرینی خۆی زمان و ئەدەبیات گەڕایەوە و كتێبەكانی ژمێریاریی لە سەر پردێكەوە دەخاتە ناو ڕووبارێكەوە و، دكتۆراكەی لە بەشی زمانناسی وەردەگرێت. لە ساڵەكانی (1957-1958)ی زایینی قورئان بۆ زمانی ژاپۆنی وەردەگێڕێت لە سێ بەرگدا چاپ دەكرێت، وەرگێڕانی دانسقە و ورد كە ئێستا وەكو پشتێنەیەكی كلاسیكی لە قورئانناسیی ژاپۆنیدا بە كار دەهێنرێت. هەڵبەتە قورئان پێش ئیزوتسو بە زمانی ژاپۆنی وەرگێڕانی بۆ كرابوو، بەڵام ئەو وەرگێڕانانە لە زمانەكانە ئەورووپی و چینییەكانەوە، نەك لە بنەڕەتی عەرەبییەوە، وەرگێڕدرابوون. ئیزوتسو بۆ یەكەمین جار لە مێژووی زمان و ئەدەبیاتی ژاپۆنیدا، ڕاستەوخۆ قورئانی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی ژاپۆنی وەرگێڕا.
*زیندووكردنەوەی فەلسەفەی مەعنەویی ڕۆژهەڵات
ئیزوتسو لە گەشتی فیكریی خۆیدا نیازی ئەوە بوو كە ״جیهانگیری״ بیركردنەوەی عیرفانی بە ڕۆژهەڵاتییەكان و بە شێوەیەكی گشتی، هەموو جیهان پیشان بدات، ئەو بە دوای شوێنكەوتنی دەركەوتە جیاوازەكانی (ئەمری قودسی) بوو لە فەرهەنگە جیاوازەكانی ڕۆژهەڵات. ئیزوتسو لە بیری زیندووكرنەوەی ״جیهانی خەیاڵ״ یان ״جیهانی ڕۆحانی״یدا بوو. ئەو باوەڕی وا بوو مرۆڤی سەردەمی نوێ ״جیهانە مەعنەوییەكان״ و ״جیهانی خەیاڵ״ی فەرامۆش كردووە و كەوتووەتە داوی ״پووچگەرایی״یەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە پێگەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیدا باوەڕی وا بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەلسەفەی هاوچەرخ و بە هەمان شێوە ڕۆژهەڵاتناسی، جێبەجێكردنی فەلسەفە ڕۆژهەڵاتییەكان دەتوانێت كاردانەوەی فەلسەفی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوادا فەراهەم بكات.
لە دیدگای (میتافیزیكی عەدەم) لە قووڵایی لایەنەكانی ئاگایی مرۆیی، جۆرێك ناسین لە نەبوون (عەدم)دا شاردراوەتەوە و ئامانجی (فەلسەفە مەعنەویی ڕۆژهەڵات) یادهێنانەوەی نەبوون (عەدەم)ـە، نەبوون (عەدم)ێك كە هەموو شتێكە لە هەمان كاتدا نییە و پەیوەستكەری فەرهەنگە جیاوازەكانی (مەعنەوییەتی ڕۆژهەڵات)ـە. بۆ دووبارە بەخشینەوەی گیانیش بە (فەلسەفەی مەعنەویی ڕۆژهەڵات) بە تایبەت دەستی كرد بە بەراوردكردنی ئیسلام لەگەڵ ئایینی دائو (تائوتیزم) و ئەنجامی ئەم بەراوردكردنەش نووسینی كتێبێكی لێ بەرهەم هات بە ناوی (سۆفیزم و تائوتیزم). لەم كتێبەدا بەراوردی ئیسلام، بودیزم، هینۆئیزم، تائوئیزم، یەهودییەت، مەسیحییەت و بیركردنەوەی ئەفلاتوونیی یۆنان دەكات. هەروەها كتێبی (ئافرێنراو، بوون و كات) پاش كتێبی سەرەوەی نووسی و هەنگاوێكی پاش كتێبی (سوفیزم و تائوئیزم)ـە و لە قۆناغی پووختەبوونی فیكری ئیزوتسو نزیكترە.
شایانی گوتنە (ڕۆژهەڵات) لە (فەلسەفە مەعنەویی ڕۆژهەڵات)دا و لە سیستمی فیكری ئیزوتسودا دوو مانای جیاوازی هەیە، (ڕۆژهەڵاتی میتافیزیكی)ت ڕۆژهەڵاتێكی ناشوێن كە لە فەلسەفەی سوهرەوەردیدا باسی لێوە دەكرێت و ئیزوتسو بە داوی زیندووكردنەوەیەتی. مانای دووەمی (ڕۆژهەڵات) مانای ئێستایی و جوگرافیاكەیەتی كە لە دیدگای ئیزوتسودا ڕووبەرێكی فراوان دەگرێتەوە.
*كردنەوەی نهێنیی هێماكانی قورئان
ئیزوتسو لە پێگەی فەیلەسوفێكی كردەیی و ئیسلامناسێك، لە ڕێڕەوی زیندووكردنەوەی (فەلسەفەی مەعنەویی ڕۆژهەڵات) نەیدەتوانی لە قورئان بە خاڵی و بێ هیچ شتێك بمێنێتەوە، گەرچی توێژینەوەی قورئانیی ئیزوتسو لە ڕووی مێژووییەوە لە بەرهەمەكانی دیكەی لە (فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی)یدا لە پێشترە، بەڵام دەتوانرێ توێژینەوەی قورئانییەكەشی بخرێتە ناو پرۆژە فیكرییەكەیەوە لە زیندووكردنەوەی (فەلسەفەی مەعنەویی ڕۆژهەڵات)یدا و بەشێك لەو پڕۆژەیەی بژمێرین.
ئەو قورئانی بە شتێكی پێكەوەبەستوو و وەك یەك دەبینی كە لە هەمان كاتدا بە سادەیی پێكەوەبەستن و یەكڕەنگیی خۆی پیشانی خوێنەری ڕەخنەگر و گەڕیدەی نادات. قورئان دەڵێی وەكو مەعشوقێكە كە دیدار دەنوێنێت و خۆیشی دەپارێزێت، خۆی پیشان دەدات و نامێنێت. دۆزینەوەی پەیوەندیی چەند لایەنە و توێ توێی چەمكە قورئانییەكان بە یارمەتیی زمانناسیی نوێ، یەكێكە لە بەشدارییەكانی ئیزوتسو لە لێكۆڵینەوە قورئانییە نوێكاندا.
*دەڕۆم كەمێك بخەوم
ئیزوتسو لە ساڵی (1993)دا لە ماڵەكەی خۆیدا دەكەوێت، بە هاوسەرەكەی دەڵێت: (دەڕۆم كەمێك بخەوم)، بە هۆی ئەو ڕووداوەوە دووچاری خوێنبەربوونی مێشك دەبێت و ئەو لە خەو هەڵناسێتەوە.
ئیزوتسو ئەمڕۆ كەمێك ناسراوترە لەو كاتەی كۆچی دوایی كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو فەیلەسوف و ئایینناسێكە كە هێشتا ماویەتی بناسرێت.