ئاسایش: ئاگادار نین لێبووردنی بۆ دەركرابێت
ئاژانس – شیروان محەمەد ئەمین
لەگەڵ ئەوەی ئاسایشی هەولێر بە تۆمەتی ״تیرۆر״ فەرمانی دەستیگركردنی بۆ سەلیم شووشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەركردبوو، ناوبراو گەڕاوەتەوه پایتەخت بەبێ ئەوەی دەستگیر بكرێت و دەشڵێت: ״ئیستا لە ماڵی خۆم بێخەم دانیشتووم״.
تارق نووری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە 24ی مانگی تەمووزی ڕابردوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ״فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەلیم شووشكەیی دەرچووە بە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕێكخراوی داعشهوه״، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ سەلیم شووشكەیی كە ئێستا پەرلەمانتاری عێراقە لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، دەگەڕێتەوە هەولێر بەبێ ئەوەی دەستگیر بكرێت.
سەلیم شووشكەیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەوەی لە ڕابردوودا لەسەر من گوترا، بۆ لەكەداركردنی كەسایەتیی من و كۆمەڵی ئیسلامی بووە و ئەو كاتەش هیچ كێشەیەكم نەبووە و ئیستاش لە ماڵی خۆم لە هەولێر بێخەم دانیشتووم.״
وتیشی: ״هیچ دانیشتن و ڕێكکەوتنێك لە نێوان پارتی و كۆمەڵدا لەسەر ئەو پرسە نەكراوە و مەسەلەكەش كۆتایی هاتووە. ״
هاوكات ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ״ئاژانس״ دەڵیت: ״ئاگادار نیم ئاسایشی پارتی سكاڵاكەیان لەسەر مامۆستا سەلیم شووشكەیی گەیاندووە بە كوێ، بەڵام ئەو ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و پارێزبەندیی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە توانیویەتی بگەڕێتەوە بۆ هەولێر״.
لەو بارەیەشەوە لیوا تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئاگادار نیم سەلیم شووشكەیی لێبووردنی بۆ دەركرابێت.״
״ئاژانس״ پەیوەندیی كرد بە حاكم مەسعود سنجاری، دادوەری ئاسایشی هەولێر، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك لەم بارەیهوە بدات.