سازدانی: سه‌رچین ساڵح
جه‌بار جه‌لال، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، باس له‌وه ده‌کات، له ڕابردوو و ئێستا و ئایینده‌شدا سه‌باره‌ت به کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ڕهئێکی نه‌گۆڕیان هه‌یه و ده‌ڵێت: ״سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان کێشه‌ی یاسایی نییه تا بگۆڕدرێت.״
هه‌فته‌ی ڕابردوو یه‌کێتیی و پارتی کۆ بوونه‌وه و تێیدا یه‌کێتیی پێشنیاری گۆڕینی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کرد به که‌سێکی تر به‌ڵام پۆسته‌که هه‌ر لای گۆڕان بمێنێته‌وه.
جه‌بار جه‌لال له چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌ی ״ئاژانس״دا ڕوونی ده‌کاته‌وه، پێشتر یه‌کێتیی ئه‌و پێشنیاره‌ی له کۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ گۆڕان باس کردبوو و ڕاسته‌وخۆ پێشنیاره‌که‌ی یه‌کێتییمان ڕه‌ت کردبووه‌وه و ده‌شڵێت: ״یه‌کێتیی پێشنیاره‌که‌یان هه‌ر کرد و چاوپۆشی‌یان له ڕهئهکهی گۆڕان کرد.״
ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، دوایین هەڵوێستی گۆڕان لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان چییە؟
جەبار جەلال: لە بەیانێكی ڕەسمیدا بزووتنەوەی گۆڕان دواهەڵوێستی خۆی ڕوون كردووه‌تەوە، بۆچوونمان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە كە كاراكردنەوەی پەرلەمانە و بەردەوامبوونی دەستەی سەرۆكایەتیی ئێستای پەرلەمانە لەسەر ئەركە یاساییەكانی خۆی. له لایەكی ترەوە ئەگەر گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بكرێت دەبێت بە پێی پەیامەكەی كاك مه‌سعود بێت و گۆڕانكاری لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەدا بكرێت.
ئاژانس: گۆڕان لەسەر پێشنیارەكانی یەكێتیی دەڵێت چی؟ پێشتر یەكێتیی سەبارەت بەو پێشنیارانە لەگەڵ گۆڕان قسەی نەكردووە؟
جەبار جەلال: لە دواكۆبوونەوەی سەركردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتییدا ئەو سیناریۆیەیان بۆ گۆڕان باس كردبوو و سەركردایەتیی گۆڕان هەر لەوێدا پێشنیارەكەیان ڕەت كردبووەوە.
ئاژانس: بە یەكێتییتان وتبوو ئەگەر ئەو پێشنیارە سەریش بگرێت پێی ڕازی نابن؟
جەبار جەلال: ئیمە پێشتر و ئێستا و ئاییندەش ڕەئێكی نەگۆڕمان هه‌یه كە سەرۆكایەتیی په‌رله‌مان دەست بە كارەكانی بكاتەوە و لە كوێ بچڕاوە لەوێوە دەست پێ بكاتەوە، ئەگەر گۆڕانكاری زەروور بوو بكرێت كە سەرۆكایەتیی په‌رله‌مان نە وادەی تەواو بووە نە كێشەی یاسایی هەیە، كێشەی یاسایی لە سەرۆكایەتیی هەرێمە، ئەبێ بە یەك پاكێج بێت و سێ سەرۆكایەتییەكە بە پێی هاوسەنگیی هێز بدرێت بە لایەنەكان.
ئاژانس: گلەییتان لە یەكێتیی هەیە له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه؟
جەبار جەلال: چۆن گلەییمان نییه، ڕۆژانە پەیوەندیمان پێیانەوە هەیە و قسەی خۆمان كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان كە ئەو پێشنیارەیان كردووە و لەسەری ڕێك كەوتوون نییه‌تی ئێمەشیان زانیوە و ڕای ئێمەیان بە فەرمی زانیوە لەسەر ئەو شێوەیە لە كاراكردنەوەی په‌رله‌مان، بەڵام چاوپۆشی‌یان كردووە لە ڕایەكەی ئێمە و ویستوویانە شتێك بكەن گوایە ئێمەی پێ ڕازی بكەن.
ئاژانس: بۆچوونێك هەیە كە گوایە گۆڕان نەرمی نانوێنێت بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، ئایا كاتی نەرمینواندنی گۆڕان نییە، بۆچی گۆڕان ئەوە ناكات؟
جەبار جەلال: بە پێچهوانەوه گۆڕان نەرمیی زۆری نواندووە، كاتێك بارزانی پێشنیاری گۆڕینی سێ سەرۆكایەتییەكەی خستە بەردەم لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بزووتنەوەی گۆڕان لە كاتی خۆیدا پێشوازیی لە بەیاننامەكە كرد و پێشوازیی لە وەفدی پارتی كرد، پێمان وتن ئێمە بەو پێشنیارە ڕازین فەرموون میكانیزمی جێبەجێكردنی بخەنە ڕوو، ئەوانیش وتیان لەگەڵ لایه‌نەكان قسە دەكەین و لە كۆی ڕای لایه‌نەكان ڕەئێك دەخەینە بەردەم لایه‌نەكان، ئەوە كۆتادیدار بووە و ڕۆیشتن و نەگەڕانەوە.
ئاژانس: گۆڕان لەسەر چی ئەساسێك دەچێتە گفتوگۆی لایەنەكان و كاراكردنەوەی په‌رله‌مان؟
جەبار جەلال: تا ئێستا هیچ تەرحێك نەخراوەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان، هەر تەرحێك خرایە بەردەست بزووتنەوەی گۆڕان ئەوكات قسەی خۆمان دەكەین.
ئاژنس: گۆڕان ئامادەی لادانی سەرۆكی په‌رله‌مانە لە بەرامبەر پۆستەكانی تری هەرێم؟
جەبار جەلال: ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەسەر پۆستی سەرۆكی په‌رله‌مان بكەین لە بەرامبەر پۆستە هاوسەنگەكانی تری هەرێم.
ئاژانس: بڕیارە سەركردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتیی لە ڕۆژانی داهاتوودا كۆ ببنەوە، لەسەر چی قسە دەكەن؟
جەبار جەلال: قسە لەسەر ڕێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان و یەكێتیی دەكرێت وەك لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتییدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و ئالییه‌تێك دیاری دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی.