سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه تۆمار ده‌كه‌ین كه تۆمه‌تباریان كردین
سازدانی: شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
ڕزگار حه‌مه محێدین، جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، كه تۆماری ده‌نگده‌رانی به‌غدا له‌وه‌ی هه‌رێم پاكتره و دەشڵێت ״پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم پێویستی به شه‌ش مانگ بۆ ساڵێكه״.
ڕزگار حه‌مه محێدین له چاوپێكه‌وتنێكی «ئاژانس»دا باس له‌وه ده‌كات كه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به شێوه‌یه‌كی نایاسایی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی له كار ڕاگرتووه و چاوه‌ڕێی ده‌ستبه‌كاربوونی په‌رله‌مانن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه، ده‌شڵێت: «سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه تۆمار ده‌كه‌ین كه تۆمه‌تباریان كردین.»
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان چی له ئه‌نجامه‌كان گۆڕی؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی له زۆربه‌ی پارێزگاكان له 100% بوو، له‌سه‌ر ئاستی عێراق له 99% بوو، واتا هیچ له ئه‌نجامه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هات.
ئاژانس: ئایا ده‌رئه‌نجامه‌كان نیشانده‌ری ئه‌وه بوون كه گومان له‌سه‌ر ئامێری ئهیلكترۆنیی هه‌ژماری ده‌نگده‌ران نه‌ماوه؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: بۆ یه‌كه‌مجاره له عێراقدا ئه‌و ئامێره به‌كار بێت، ئیشه‌كانی باش بوون، له 22%ی هه‌موو وێستگه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به ده‌ست هه‌ژمار كرایه‌وه و هه‌مان ئه‌نجامی ئه‌لیكترۆنی هه‌بوو، ته‌نها له شاری كه‌ركوك 150 هه‌زار ده‌نگ به ده‌ست ژمێردرایهوه، به‌ڵام هیچ گۆڕانكارییه‌ك به جیاواز له تۆماری ئه‌لیكترۆنی ڕووی نه‌دا، ئیتر ده‌بێت خه‌ڵك خۆی وه‌ڵامی ئه‌و گومانه بداته‌وه.
ئاژانس: ئه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان چۆن بوو؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: له هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی له 100% بوو، بۆیه هیچ گۆڕانكارییه‌ك له قه‌واره سیاسییه‌كان و كاندیدی لایه‌نێك بۆ لایه‌نێكی تر نه‌بووه.
ئاژانس: ده‌توانرێت له‌مه‌ودوا تانه له ئه‌ندامانی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بدرێت؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: مه‌گه‌ر به ناحه‌ق تانه‌مان ئاڕاسته بكرێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌ندامانی كۆمیسیاران زۆر سه‌ربه‌رزانه و به باشی ئه‌ركه‌كانیان به‌ڕێوه برد، ته‌نانه‌ت ئه‌و لیژنه وهزارییهش كه حه‌یده‌ر عه‌بادی درووستی كرد، پاش ئه‌و هه‌موو به‌دواداچوونه‌ی له لایه‌ن ده‌زگا گرنگه‌كانی عێراقه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ندامانی كۆمیسیاران كرا، نه‌گه‌یشتن به هیچ حاڵه‌تێك كه ئه‌ندامان هیچ كارێكی خراپیان كردبێت، دواتر سه‌رۆكوه‌زیران گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه وتی، سزای ئینزیباتیان بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاودێریی مه‌خزه‌نه‌كان نه‌كراوه، له كاتێكدا هه‌موو ئیشه‌كان به باشی به‌ڕێوه چوون.
ئاژانس: ئێوه وه‌ك كۆمیسیۆن سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه تۆمار ده‌كه‌ن كه تۆمه‌تباریان كردن به ساخته‌كاری؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: به پێی مادده‌ی 102 له ده‌ستووری عێراق ته‌نها ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌توانێت ئه‌ندامانی كۆمیسیاران بانگ بكات و ئاگاداركردنه‌وه‌یان پێ بدات و سزایان بدات، ئێستا چاوه‌ڕوانین په‌رله‌مانی عێراق یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی ئه‌نجام بدات، دواتر به نووسراوی ڕه‌سمی ئاگاداری په‌رله‌مان ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له لایه‌ن خۆیانه‌وه كۆمه‌ڵێك یاسایان له‌سه‌ر كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ركردووه، پاش به‌دواداچوونی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه تانه‌یان لێ داین و به شێوه‌یه‌كی خراپ قسه‌یان له‌سه‌ر كۆمیسیۆن و ئه‌ندامان كردووه، ئه‌وكات ئێمه وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگ و ئه‌ندامانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق به تاك و كۆ، سكاڵای ماددی و مه‌عنه‌وی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی تۆمار ده‌كه‌ین كه تۆمه‌تباریان كردین، چونكه له هه‌ندێك شوێن ئاسایش و ژیانی خۆمان و خێزانهكانمانیان خسته ژێر مه‌ترسییه‌وه، بۆیه ئه‌وكات چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگا ده‌كه‌ین، كه چۆن قه‌ره‌بوومان بۆ بكاته‌وه و له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه، متمانه بۆ ئه‌ندامانی كۆمیسیۆنیش بگه‌ڕێندرێته‌وه.
ئاژانس: ئایینده‌ی خۆتان له پاش بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان و دادگای فیدراڵی چی لێ دێت، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كاره‌كانتان؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: ئێمه له ڕۆژی 27ی ئابه‌وه ده‌ستبه‌كار بووینه‌وه، به‌ڵام جارێكی تر به بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له كاركردن ڕاگیراین، كه نه‌ده‌بوو بریاری له‌و جۆره بدرێت، چونكه ڕاگرتنی ئێمه ته‌نها به بڕیاری په‌رله‌مان ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه بۆ ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوانی په‌رله‌مانین.
ئاژانس: بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له لایه‌ن كۆمیسیۆنی هه‌رێمه‌وه بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه پرستان پێ كراوه؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: نه‌خێر.
ئاژانس: ئه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌رێم داوای تۆماری ده‌نگده‌رانیان لێ كردوون؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: به نووسراوی ڕه‌سمی داوایان كرد و له پێش هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار بۆ په‌رله‌مانی عێراق ناردمانه‌وه بۆ كۆمیسیۆنی هه‌رێم.
ئاژانس: له پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌راندا هاوكاریتان كردوون؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان كرابێت له پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران هاوكاریمان كردوون.
ئاژانس: ڕێژه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی له تۆماره‌كه‌ی هه‌رێم پاكتان كردووەته‌وه چۆنه‌و چه‌نده؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: ئه‌وه‌ی ئێمه ناردمان بۆ كۆمیسیۆنی هه‌رێم نزیكه‌ی 60 هه‌زار ده‌نگ بوو، كه ناوی مردووان و دووباره‌ی له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا تێدایه.
ئاژانس: به‌رزكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌نگدان له 90ساڵییه‌وه بۆ 100ساڵی له لایه‌ن كۆمیسیۆنی هه‌رێمه‌وه مه‌نتقییه؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به كۆمیسیۆنی هه‌رێمه‌وه هه‌یه و ناتوانین تانه له بڕیاره‌كانیان بده‌ین، ئه‌گه‌ر له یاسای هه‌مواری هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا نه‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.
ئاژانس: تۆماری ده‌نگده‌رانی ئێوه پاكتره یان ئه‌وه‌ی هه‌رێم؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: ئه‌و به‌راورده به‌و جۆره ده‌خه‌ینه ڕوو، هه‌موان ده‌زانن ئێمه كارتی بایۆمه‌تریمان درووست كرد، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردن كردووه په‌نجه‌مۆری ده‌ست و بیتاقه‌ی تایبه‌تی ده‌نگدانی بۆ كراوه، ئه‌مه‌ش بۆ كوردستان و هه‌موو عێراق بوو، ئه‌وه‌ی گرنگه ئێمه له كاتی ده‌نگدان ئامێری وردبینیمان به‌كار هێناوه، ئه‌وه‌ی كه‌سی حه‌قیقی و شیاو نه‌بووبێت ناتوانێت بچێت ده‌نگ بدات، چونكه ده‌نگده‌ر كارتی ده‌نگدانی ده‌خرایه ناو ئامێره‌كه‌وه، ئه‌ویش ته‌زویر قبوڵ ناكات، هاوكات له ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكی كورت ئه‌نجامه‌كانمان ئاشكرا كرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ده‌ستی ده‌نگه‌كان جیا بكرایه‌وه پێویستمان به زیاتر له دوومانگ ده‌بوو بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی، كۆمیسیۆنی هه‌رێم ئه‌و ئامێره‌ی نییه، واتا سوود له بیتاقه‌ی ده‌نگدان نابینن بۆ هه‌ڵبژاردن، بۆیه تۆماری ده‌نگده‌رانی عێراق تا ئاستێكی زۆر باشتره له تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم.
ئاژانس: كه‌واته پێت وایه ئه‌وه‌ی هه‌رێم هێشتا خه‌وشی تێدایه، كه ناتوانن له ماوه‌ی مانگێكدا پاكی بكه‌نه‌وه به‌ر له هه‌ڵبژاردن؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: مه‌حاڵه كۆمیسیۆنی هه‌رێم بتوانن له ماوه‌ی یه‌ك مانگدا تۆماری ده‌نگده‌ران پاك بكه‌نه‌وه، چونكه هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم ورده‌كاریی زۆری پێویسته.
ئاژانس: ئه‌ی پاکكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم چه‌ندی پێویسته؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: كۆمیسیۆنی پێشووی عێراق، به ماوه‌ی چوار ساڵ كاریان له‌سه‌ر پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی عێراق كرد، بۆیه هه‌رێمی كوردستان به لایه‌نی كه‌مه‌وه ماوه‌ی شه‌ش مانگ بۆ یه‌ك ساڵی پێویسته.
ئاژانس: ئه‌ی ده‌نگدان و هه‌ژماركردنی ده‌ستی زیاتر ئه‌گه‌ری ساخته‌كاری تێدایه یان ئه‌لیكترۆنی؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی زور شتی حه‌قیقیی ده‌رخست، زۆربه‌ی زۆری قه‌واره سیاسییه‌كان حه‌ز به‌و جۆره ده‌نگدانه ناكه‌ن، پێشتر ده‌یانوت ڕێژه‌ی ده‌نگدان له 59% یان له 58% بووه، به‌ڵام ئه‌م ئامێره ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه ڕێژه‌ی ده‌نگدان نه‌گه‌یشتووەته ئاستی له 50%، ده‌نگدانی ده‌ستی كه ژماره‌یه‌كی زۆر له فه‌رمانبه‌رانی ده‌وێت بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، ئه‌گه‌ری خراپه‌كاری هه‌یه، به‌ڵام ئامێره ئه‌لكترۆنییه‌كه زۆر باشتر بوو، پێشتر كاندید هه‌بووه له به‌غدا 675 هه‌زار ده‌نگی هێناوه، به‌ڵام به ئامێره ئه‌لكترۆنییه‌كه 102 هه‌زار ده‌نگی هێناوه، بۆیه پێم وایه ئامێره ئه‌لكترۆنییه‌كه ڕێگری زۆر له ته‌زویر ده‌كات.
ئاژانس: به‌رپرسانی كۆمیسیۆنی هه‌رێم ده‌ڵێن ته‌نها سه‌رژمێریی دانیشتووان چاره‌سه‌ره بۆ هه‌ڵبژاردنێكی بێغهش ئه‌مه وایه؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: به پێی ده‌ستووری عێراق هه‌رێم ناتوانێت سه‌رژمێریی دانیشتووان بكات، سه‌رژمێریی دانیشتووان لایه‌نێكی گرنگه، هاوكارێكی باشه له خاوێنكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و ژماره‌ی ڕاستی ده‌نگده‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه له ڕووی بایۆمه‌ترییه‌وه كردمان بۆ ئه‌وانه‌ی له سه‌روو ته‌مه‌نی 18ساڵین، كارێكی زۆر باش بوو، كه له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رنامه‌مان هه‌بووه كه به‌رده‌وام بین له داهاتوودا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌ستبه‌كار بین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م عێراق ئه‌و تۆماری بایۆمه‌ترییه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی دووباره‌ن و مردوون و وه‌همین لا ببرێن.
ئاژانس: كه‌ی پاره‌ی كارمه‌ندانی كۆمیسیۆن دابه‌ش ده‌كرێت؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: پاش ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی جارێكی تر كاره‌كانی كۆمیسیۆنی ڕاگرت چاوه‌ڕان ده‌كه‌ین كه له پاش ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق، بڕیار له‌سه‌ر تانه‌كانی كۆمیسیۆن بدات و ئینجا كار بۆ دابه‌شكردنی پاره‌ی كارمه‌ندانی كۆمیسیۆن ده‌كه‌ین، كه له ئێستادا پاره‌كه هه‌یه و ئاماده‌یه ته‌نها ڕێكاری ئیداری ماوه بۆ دابه‌شكردنی به‌سه‌ر كارمه‌ندانی كۆمیسیۆن.
ئاژانس: كۆی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كۆمیسیۆنی عێراق و هه‌رێم چه‌نده؟
ڕزگار حه‌مه محێدین: به گشتی له عێراقدا 250 هه‌زار كه‌س به‌شدارییان كردووه، خه‌ڵك هه‌بووه ئیشی نه‌كردووه، یان له‌و ڕۆژه‌دا نه‌چووه بۆ ده‌وام، كه له هه‌رێمی كوردستانیش نزیكه‌ی 50 هه‌زار كارمه‌ندی كۆمیسیۆن هه‌یه، به‌رپرسی یه‌كه‌م 300 هه‌زار دینار و به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌كان 250 هه‌زار و كارمه‌ندی ئاسایی 200 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن.