ئارام عەلی عەزیز
لە ناکاودا مۆبیلەکان وەستان، تۆڕ نەما، هاتوچۆی شەمەندەفەرە و ترافیک لایتەکان تێک چوون، شاشە تەلەفزیۆنەکانی سەر شۆستەکان ڕەش بوون، مەکینەکانی پارەسەرفکردن لەکار کەوتن، پەیوەندیی کەشتیگەل و فڕۆکەکان بە سەنتەرەکانیانەوە پچڕان، وێستگەکانی کارەبا و بەرهەمهێنانی وزە و پاککردنەوەی ئاو لەکار کەوتن، بۆمبە زیرەکەکان بوونە بۆمبی گەمژە و بێعەقڵ و کارەساتیان نایەوە. هەموو شتێک بە تەواوەتی تێکچوو. ئەمە دیمەنی فیلمێکی هۆڵیود نییە، بەڵکو ئەوە تێکشکاندن و لەکارکەوتنی مانگە دەستکردەکانە لە تەقاندنی یەکەمین تەلقەی یەکەم جەنگی فەزاییدا.
لە ڕێکەوتی ١٣ی ئەم مانگەشدا ٤٥ هەزار هێرشی ئەلکترۆنی کرایە سەر ٧٤ دەوڵەت. ئەوەی تا ئێستا لە زیانەکانی ئەو هێرشە سایبەرییە زانراوە، هێڵی شەمەندەفەر لە ئەڵمانیا و سیستمی چاودێریکردنی تەندرووستی و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکانی بەریتانیا هاک کران، سیستمەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندرووستی و بانکی سبیربنک و کۆمپانیای میگافۆنی ڕوسی دووچاری هێرشی ئەلکترۆنی بوونەوە.
پڕچەککردنی فەزا
فەزای دەرەوە یان ئەوەی پێی دەڵێین ئاسمان ئێستا بە پێی زانیارییەکان ١٣٠٠ مانگی دەستکردی چالاکی تێدا کار دەکات و ٥٠٠ لەوانە هیی ئەمەریکایە و لە چەندین خولگەدا بە دەوری گۆی زەوی جێگیر کراون بە مەبەستی جۆراوجۆریی کەشناسی، پەیوەندی و چاودێری و سەربازی بەکار دەهێنرێن.
ئاشکرایە مانگە دەستکردەکان سەرجەم جیهانیان لە هەموو بوارەکاندا بە یەکتر بەستووەتەوە و جیهانیان کردووەتە گوندێکی بچووک، لە بواری سەربازییشدا کاریان ئیستیتلاع و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و دەستنیشانکردنی هێرشی ئەلکترۆنی و جاسووسی و دیاریکردنی ئامانج و ئاڕاستەکردن و پێکانیەتی بە وردی.
لەگەڵ جێگیرکردن و پێشکەوتنی مانگە دەستکردەکان، چەکی دژەمانگی دەستکردیش داهێنرا، کە بەشێکیان مینی فەزاییان پێ دەگوترێ و بەشێکیشیان بریتین لە ڕۆکێتی جیاجیا و دوورهاوێژ، کە هەم بە فڕۆکە و هەم بە شێوازی دیکە دەهاوێژرێت. بە کورتی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا ئەم ململانێیەی پڕچەککردنی ئاسمان بەردەوامە و لە هەشتاکاندا لەژێر ناوی جەنگی ئەستێرەکان ئەمەریکا چەندین ملیار دۆلاری لە بودجەکەیدا بۆ تەرخان کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەوەی زانراوە ئۆبامای سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ٥ ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرد.
چەکەکانی جەنگی فەزایی، تیشکی لیزەر و چەکی دەنگی (یوتی) و ڕۆکێتی دوورهاوێژی خێراتر لە دەنگن. جارناجار باس لەوەیش دەکرێ کە هەندێک لەو دەوڵەتانە چەکی وەکو هەورەبرووسکەیان بەرهەم هێناوە و لە ئاسمانەوە لە هەر جێگایەکیان بوێت لێی دەدەن. تەنانەت بە موبالەغەوە باس لەوە دەکرێت گوایە زەمینلەرزە و تەنانەت لافاو و تۆفان دەتوانن درووست بکەن و ئەو ڕووداوانەیش وەک کارەساتی سرووشتی دێنە بەرچاو.
پوتین پەیوەندیی بە فەزاییەکانەوە هەیە
ئەمەریکا و ڕوسیا و چین تا ئێستا لە هەموان پێشکەوتووترن لە بواری جەنگی فەزایی و زۆر لە نزیکەوە چاودێریی یەکتر دەکەن، تەنانەت لە هەندێک دیاردەی سەربازی، وەکو لەکارخستنی وێستگەکان و وەستاندنی سیستمی کارکردنی فڕۆکە چاودێرییەکان و خۆدزینەوە لە ڕادار و لێدانی کتوپڕ و ناچاوەڕواننەکراو، وەکو کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرجار لە جەنگی سوریادا ڕووی دا، بێ تەفسیر هێشتووەتەوە، چونکە بێ پێشینەن، هەر لەبەر ئەوە یەکێک لە تەفسیرەکانیان بۆ دیاردە سەربازییە بێوێنەکان ئەوەیە کە ڕوسیا تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی لە مەخلوقاتە فەزاییەکان وەرگرتبێت یان پوتین پەیوەندیی لەگەڵیاندا هەبێت، وەکو لە هەواڵێکی ئاژانسی ڕوسیا بڵاو کراوەتەوە و ئەم هەواڵە پشتڕاستی بوونی هێز و جەنگی فەزایی دەکاتەوە، سەرەڕای ڕاستبوون یان ڕاستنەبوونی ناوەڕۆکی هەواڵەکە.
یەکەمین تەلقە لە فەزاوە دەبێت
کەواتە: بە پێی ڕای شارەزایانی سەربازی با کەس چاوەڕوان نەبێت جەنگی سێیەمی جیهان لە وشکانی یان لە دەریاکانەوە دەست پێ بکات، بەڵکو یەکەمین تەلقەی ئەم جەنگە لە ئاسمانەوە دەبێت و بە چەکێکی نەناسراو دەست پێ دەکات، دواتر دوای تێکشکان و وەستانی مانگەدەستکردەکان، جەنگەکە بە چەکی تەقلیدی درێژەی دەبێت. بە پێی شارەزایانی بواری تەکنەلۆجیای ئەلکترۆنی، تێشکاندن و وەستاندنی سیستم و چەکە ئەلکترۆنییەکان زۆر ئاسانترە لە چەکی تەقلیدی. هەر لەبەر ئەوەیش ناوێرن دەست لە خۆیان بدەن، چاوەڕوان بن موفەجەئات بەڕێوەیە!