شەڕى گەورەى یەکێتیی لە هەولێرە
سازدانی: هێمن مامەند
حاجی مەسیفی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان دەڵێت: ڕەنگە هەڵمەتى دەستگیرکردنی کادرەکانمان لە هەولێر پەیوەندیى بە ململانێى نێو باڵەکانى پارتییەوە هەبوو بێت، بۆ ئەوەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێم پەک بخرێت.
حاجى مەسیفى لە چاوپێکەوتنێکى ״ئاژانس״دا باس لەوە دەکات کە بەرپرسانى یەکێتییان لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە سنوورێک بۆ ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەى پارتى لە سنوورى هەولێر دابنێن و دەشڵێت: ״شەڕى گەورەى یەکێتیى لە هەولێرە״.
ئاژانس: سەرەتا لە دۆسیەی دەستگیرکردنی کادرەکانی یەکێتییەوە دەست پێ دەکەین لە سنوورى هەولێر، ئەو ڕووداوە لە کوێوە دەستی پێ کرد؟
حاجی مەسیفی: دوو هەفتە لەمەوبەر کاک غانم سەباح، کە سەرپەرشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دەکرد لە سنووری قەراج و کەندێناوە و مەخموور، لە بازگەی بازاڕگەی مەخموور لە لایەن هێزێکەوە هێنایانە خوارەوە و بەبێ نووسراوی دادوەر دەستگیریان کرد، سەرەتای دەستگیرکردنی کادرانمان بەم شێوەیە دەستی پێ کرد، دواتر دوو کادری تری ئێمە بە ناوەکانى بەشدار جەوهەر و هەرێم ڕەفعەت دەستگیر کران، تا دواجار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پێشرەو وەیسی و لێزان بەکر و دەستگیریان کردوون، دیارە ئاساییە کادری حزبیش هەڵە بکات یان تاوانێک بکات، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بێت و بە فەرمانی دادوەر بێت، بەڵام ئەوانەی کە کراوە هەمووی لە دەرەوەی یاسا بووە و بەبێ فەرمانی دادوەر بووە، نیوەشەو هەڵکوتانە سەر ماڵان و بردنی کادری ئێمە بە پێخاوسی و لێدان، ئەمانە هەمووی بە مەبەستە و نیەتی خراپی لێ دەخوێندرێتەوە.
ئاژانس: دەستگیرکردنی هیچ کام لەم کادرانەتان لەسەر بنەمای یاسا و بە بڕیاری دادوەر نەبووە؟
حاجی مەسیفی: نەخێر هیچیان بە فەرمانی دادوەر نەبووە، لە کاتێکدا دوانیان پارێزەرن، تەنانەت سەندیکای پارێزەرانیشیان لێ ئاگادار نەکردووەتەوە.
ئاژانس: ئاسایش دەستگیری کردن یان دژەتیرۆری پارتی؟
حاجی مەسیفی: نازانرێت، هەر ئەوە دەزانرێت کە هێزێکی دەمامکدار بوونە، بەڵام سەیرە، ئەو هێزە دەمامکدارە کەس نازانێت کێیە، هەر هێزێک بێت دژەتیرۆر بێت ئاسایش بێت، یان هەر هێزێکی تر بێت، گرنگ ئەوەیە ئەمنییەت و ئاسایشی هەولێر، لە ئەستۆی پارێزگار و لیژنەی ئەمنیی ئەو شارەیە.
ئاژانس: لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی هەولێر لەسەر ئەو پرسە قسەتان کرد و چییان پێ وتن؟
حاجی مەسیفی: من وەکو جێگری مەڵبەند قسەم لەگەڵ کەس نەکردووە، بەڵام برادەرانی تر زیاتر لە ڕێگای شەخسی قسەیان لەگەڵ هەندێک بەرپرس و کەسی ناو پارتی کردووە، بەڵام ئەوان وتوویانە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
ئاژانس: ئەی وەک مەڵبەند لەگەڵ لقی هەولێری پارتی قسەتان کرد؟. چییان پێ وتن لەسەر ئەو پرسە؟
حاجی مەسیفی: بەڵێ لەگەڵ لقی دووی پارتی قسە کراوە، ئاخیر جار ئەوەیان بە برادەرانی ئێمە وتووە، کە ئەوان کادرێکیان لە گەرمیان دەستگیر کراوە، بۆیە ئەوانیش خەڵکی ئێمە دەگرن، بەڵام ئەو کادرەی ئەوان بە بڕیاری دادگا و بە فەرمانی دادوەر لەسەر کەیسی تر دەستگیر کرابوو، پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە.
ئاژانس: دەستگیرکردنی کادرانتان لە هەولێر نوێ نییە؟ پێشتر جاربەجار کادرتان دەستگیر کراوە؟
حاجی مەسیفی: بەڵێ ئەمە ڕاستە، بەڵام هیچ جار وەکو ئەمجارە نەبووە، ئێستا لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، بۆیە ئەگەر دەستپێکی پێکهێنانی کابینەی نوێ بەم شێوەیە بێت پێم وایە ئەنجامێکی خراپی دەبێت.
ئاژانس: پێت وا نییە ئەم کارەی پارتی پەیوەندیی بە ململانێی ناو پارتییەوە هەبێت، چونکە ئێمە زانیاریمان هەیە بەشێک لەناو پارتی لەگەڵ ئەوەدا نین و بەشێکی تریشیان دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ درووست بکەن؟
حاجی مەسیفی: لە سیاسەتدا هەموو شتێک واردە، لەوانەیە ئەوانیش ململانێ و باڵباڵینیان هەبێت و باڵێکیان بیانەوێت ئاستەنگ بۆ باڵەکەی تر درووست بکات و بیانەوێت حکومەت تەشکیل نەکرێت.
ئاژانس: ئەو گوشارەی پارتی لە هەولێر لەسەر یەکێتیی پەیوەندیی بە چییەوە هەیە؟ دەوترێت هەرکاتێک پارتی لەژێر گوشاری یەکێتییدا بێت پەنا بۆ دەستگیرکردن یان گوشارکردن دەبات لە کادرانتان لە هەولێر؟
حاجی مەسیفی: ئەو جۆرە کارانە چ یەکێتیی بیکات چ پارتی بیکات چارەسەر نیین، پێویستە لەسەر یەکێتیی و پارتی چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و پێک بێن، چونکە یەکێتیی و پارتی کۆمەڵێک ئەرکیان لەسەر شانە، بەرامبەر بە بەغدا، بەرامبەر ڕووبەڕووبونەوەی کێشەکانی ناوچەکە و بەرامبەر بە ژیان و قووتی هاووڵاتییان، ئەمە چارەسەر نییە، بەرێوەبەری ئاسایش کە دکتۆرای هەیە، بڵێ مادام ئەوان کادرێکی ئێمەیان گرتووە ئێمەش کادرێکی ئەوان دەگرین، ئەگەر هیچ گوناهێکی نەبێت، ئەمە کەی چارەسەری کێشەکانە.
ئاژانس: ئەم گوشارە لە هەولێر تەنیا لەسەر کادرەکانتانە یان لە فەرمانگە حکومییەکانیش لەسەر فەرمانبەرانتان هەیە؟
حاجی مەسیفی: جا ئێمە لە حکومەت و بەتایبەتی لە هەولێر چیمان لە دەستە تا ململانێمان بکەن، هەموو جومگە هەستیارەکان بە دەست پارتییەوەیە.
ئاژانس: پێت وایە ئەگەر یەکێتیى بەبێ چاسەری ئەو کێشەیە بچێتە حکومەتەوە هەڵە دەکات؟
حاجی مەسیفی: ئێمە لەسەر ئەو مەسەلەیە هەر گلەییمان لە پارتی نییە، لەگەڵ برادەرانی خۆشمان قسەمان کردووە، دەبێت سنوورێک بۆ ئەم کارە ناڕەوایانەی پارتی دابنرێت.
ئاژانس: پێت وا نییە شەڕی یەکێتیی لە هەولێر قورسترین شەڕی سیاسییە کە دەیکات؟
حاجی مەسیفی: بەڵێ ڕاستە، چونکە ئێمە وەکو مەڵبەندی هەولێر هەموو فشارەکان لەسەر ئێمەیە، لە هەولێر جومگە سەرەکییەکان لە دەست پارتییە، ئەمنییەت و ئاسایش لە دەست ئەوانە.
ئاژانس: پێت وا نییە بەشێک لە کێشەکان پەیوەندیی بەوە هەیە کە پرسی سەرۆککۆمار بۆ پارتی یەکلا نەکرایەوە و هێشتا پارتی تۆڵە لە یەکێتیى دەکاتەوە؟
حاجی مەسیفی: ئێ باشە خۆ پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی یەکلا نەبووەوە خۆ دونیا خراپ نەبووە، باشە ئەی بۆ پارتی لە هەرێم هەموو جومگەکانی بە دەستەوەیە، ئەی بۆ پارتی پرسی بە کەس نەکرد و جێگری دووەمی پەرلەمانی کاندید کرد و دەریش چوو کەسیش گلەیی نەبوو، پیرۆزیان بێت، خۆ ئەوانیش بۆ پرسی سەرۆککۆمار مونافەسەیان هەبوو، کاندیدی ئەوان دەرنەچوو، ئێمە چی بکەین، کاندیدی ئێمە کاک دکتۆر بەرهەم لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و بە دەنگدان دەرچووە، ئەمەی بۆ چییە، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کاک بەشیر حەدادیش کوردە و دکتۆر بەرهەمیش کوردە و دەبێت هاوکارییان بکرێت بۆ ئەوی سەرکەوتوو بن و مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێت.
ئاژانس: بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە نییە، کە یەکێتیی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم ناچێتە ژێر باری داواکانی پارتییەوە؟
حاجی مەسیفی: یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو نییە، من ڕێزم بۆ کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو هەیە، بەڵام یەکێتیی وەک ئەوان نییە، یەکێتیی پێگەی سیاسیی خۆی هەیە، خاوەنی خەبات و تێکۆشانی خۆیەتی، هێزی پێشمەرگەی خۆی هەیە، حکومەت وا پێک نایەت، پارتی بڵێ من هەرچی جومگە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتە هەیە لە دەستى من بێت و یەکێتیی تۆ وەرە بەشدار بە لەگەڵم.
ئاژانس: دەوترێت ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت یەکێتیی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی کاردانەوە و ڕەد فیعلی کادرەکانی بکات لە هەولێر، ئەو مەسجەتان بە پارتی وتووە؟
حاجی مەسیفی: بە دڵنیاییەوە ئێمە وتوومانە ئێوە هەڵدەکوتنە سەرماڵی کادرانی ئێمە ئەوانیش بەیانی کەسوکاریان هەیە و تەقەیەک دەکەن و کاردانەوەیان دەبێت، ئەمەش لە ئەستۆی ئێوەیە.
ئاژانس: ئەو گوشارانە لە هەولێر هەوڵێک نییە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی شەڕی ناوخۆ و دووئیدارەیی؟
حاجی مەسیفی: پێم وا نییە چونکە هەموو لایەک شەڕی براکوژیمان تاقی کردەوە، کەسمان نەمانتوانی یەکتر بسڕینەوە، بۆیە ئەوەی وا بیر لەم دۆخە بکاتەوە پێم وایە زۆر ناتێگەیشتووە لە سیاسەت، چونکە شەری براکوژی جگە لە ماڵوێرانی بۆ میللەتی کورد هیچ سوودی تری نییە.