19 بەرپرسی بزووتنەوە و پاشماوەکانی نەهزە و ناڕازییەکانی کۆمەڵن
ئاژانس -شیروان موحەمەد ئەمین
کێشە نێوخۆییەکانى حزبە ئیسلامییەکانى هەرێمى کوردستان دۆخەکەى گەیاندووەتە ئەو ئاستەى کە ناڕازییەکانیان حزبێکى ئیسلامیى نوێ درووست بکەن بە ناوى ״یەکبوونەوە.״
بڕیارە لە یەکى مانگى شووباتى داهاتوودا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کۆنفڕانس ببەستێت، بە مەبەستی دووبارە ڕێکخستەوەی هەیکەلی بزووتنەوەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەى ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانى ئەو حزبە کە تا ئێستا کێشەکەیان یەکلایی نەبووەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״ کە لە ئەندامێکی دەستلەکارکێشاوەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە دەستی کەوتووە ״پێش بەستنی کۆنفڕانس چوار ئەندامی دیکە لە سەرکردایەتیی ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی جیا دەبنەوە و بە نیازن بە 15 ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، پارتێکی نوێی ئیسلامی دابمەزرێنن.״
هەر چەندە دووشەممەی ڕابردوو ٧ی کانوونی دووەم، بە نێوەندگیریی شەش ئەندامی مەکتەبی زانایانی بزووتنەوەی ئیسلامی کە توانییان جارێکی تر شەش ئەندامە ناڕازییەکەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کۆ بکەنەوە بە مەبەستی گەڕانەوەیان بەڵام ئەو هەوڵەش هیچی لێ سەوز نەبووە.
بە پێی زانیارییەکان لە ئێستادا ١٩ ئەندامی سەرکردەی ناڕازی لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەوڵی درووستکردنی حزبێکى سیاسیی ئیسڵامیى نوێدان.
کامیل مەحمود ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کە یەکێ بووە لە ناڕازییەکان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دووشەممەی ڕابردوو کە کۆ بووینەوە هەوڵەکان بۆ ئەوە بوو بگەڕێینەوە بۆ ناو ڕیزەکانی بزووتنەوە، بەڵام پێمان گوتن برایەتی و حاڵەتی کۆمەڵایەتیی نێوانمان دەپارێزین، دوای ئەم کۆبوونەوەیە ئیتر هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیدا نامێنێت و ئەو مەلەفە دادەخەین.״
وتیشی: ״ئەو شەش کەسەی کە جیا بووینەتەوە بڕیارمان داوە هەرچییەک بکەین پێکەوە بین، ئەزموونێکمان لە کاری حزبیدا هەیە، لە هەرشوێنێک پێمان بکرێت، خزمەت بکەین.״
ئەندامێکی ترى دەستلەکارکێشاوەی بزووتنەوە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لەسەر داوا و پێشنیاری شەش ئەندامە دەستلەکارکێشراوەکەی بزووتنەوە؛ چوار ئەندامی تری سەرکردایەتی لە بزووتنەوەدا ماون و لە پێش بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەدا دەگەڕێنەوە بۆ ناو بازنەی سەرکردایەتیی ڕەسەنی بزووتنەوەی ئیسلامی، هاوکات نۆ ئەندامی سەرکردایەتیی پێشووی بزووتنەوەش لەم دەستەیەدا کۆ بووینەتەوە، کە دیارترینیان هەردوو ڕابەری پیشووی بزووتنەوەن وەک مامۆستا مەلا محەمەد عومەر و مامۆستا مەلا سدیق عەبدولعەزیز، لە داهاتوویەکی نزیکدا پیش بەستنی کۆنفڕانسی بزووتنەوە خۆمان بۆ ڕاگەیاندنی حزب ئاشکرا دەکەین״.
وتیشی: ״هەر کاتێک خۆمان ڕاگەیاند دەردەکەوێت چەندە و چ پارسەنگ و کاریگەرییەکمان دەبێت لەنێو گۆڕەپانی ئیسلامیی کوردستاندا.״
کارى ئەو گرووپە نوێیە بۆ درووستکردنى حزبە ئیسلامییەکە تەنیا لەنێو بزووتنەوەدا نییە، بەڵکو ئەندامانى پێشووى ڕابوون (نەهزە) و ئەند ئەندامێکى ناڕازیی کۆمەڵى ئیسلامییش لە خۆ دەگرێت و بۆ ناوى حزبە ئیسلامییەکەش بە شێوەیەکى بەرایی یەکلایی کراوەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانى ״ئاژانس״، کە لەنێو سەرکردایەتیی پێشووی نەهزەی ئیسلامی لە کوردستان دەستى کەوتووە، دەستەی سەرکردایەتیی بزووتنەوە زۆرینەی هاوڕان لەسەر ئەوەی ناوی پارتەکەیان هەڵگرەوەی هەمان ناوی پێشووی یەکبوونی ئیسلامی بێت.
مەبەست لە دانانى ئەو ناوە لە لایەک ڕاکێشانی سۆزی ئەو کەسانەیە، کە پێشتر لەنێو یەکبوونی ئیسلامیدا بوون و دواتر دابەش بوون بەسەر کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامیدا، هەروەها بە هۆی ئەوەی یەکبوون لە پێش هەردوو پارتی ناوبراوی ئیسلامییەوە هەبووە.