بڕیار هەیە و ڕۆژەكەی دیار نییە
ئاژانس –شیروان محەمەد ئەمین
چوار لایەنی كوردستانی بە نیازن لە ئەمساڵدا كۆنگرە ئەنجام بدەن، بەبێ ئەوەی ڕۆژەكەی دیاری بكەن، ئەو هەوڵە چەند بۆ دوورخستنەوەی زوومی ڕەخنەی ئەنجامنەدانی كۆنگرەیانە بە هۆی دواكەوتنیەوە، ئەوەندەش لە ترسی ڕێوشوێنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقە بۆ بێبەشكردنیان لە نزیكترین هەڵبژاردن كە ئەو كۆمیسیۆنە سەرپەرشتیی دەكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان پێنج ساڵ لە وادەی ئەنجامدانی كۆنگرەی خۆی دوا كەوتووە و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش زیاتر لە حەوت ساڵ لەو هەنگاوە دوا كەوتووە و كۆمەڵی ئیسلامییش دەبوو حەوت مانگ لەمەوبەر كۆنگرەی ئەنجام بدایە.
هەرچەندە ئەو حزبانە ئاماژەیان بەوە داوە كە لەم ساڵدا كۆنگرە ئەنجام دەدەن، بەڵام هیچیان كاتەكەیان بە دیاریكراوی ڕانەگەیاندووە.
بە پێی یاسای پارتە سیاسییەكانی عێراق و بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەبێت چوار ساڵ جارێك سەرجەم پارتە سیاسییەكانی عێراق كۆنگرە ببەستن، ئەمەش وەك مەرجی كۆمیسیۆنە بۆ بەشداریكردنی قەوارە سیاسییەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا كە بڕیارە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.
پارتی پێنج ساڵە تووخنی كۆنگرە نەكەوتووە
پارتی دیموكراتی كوردستان لە كانوونی یەكەمی 2010 دوایین كۆنگرەی خۆی ئەنجام دا كە كۆنگرەی سیانزەهەم بوو، كە دەبوو لە ساڵی 2014دا كۆنگرەی چواردەهەم ببەستێت، لە دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی ئەو حزبەدا لە 18ی 1ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، بڕیاری دا ئەمساڵ كۆنگرە ببەستێت بەبێ ئەوەی وادەكەی دیاری بكات.
فازیڵ بەشارەتی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پارتی بڕیاری داوە لە ئەمساڵدا كۆنگرە ببەستێت، بەڵام ڕۆژی دەستپێكردنی كۆنگرە بڕیاری لەسەر نەدراوە و زۆرترین قسە لەسەر ئەوەیە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا كۆنگرە بەڕێوە بچێت.״
وتیشی: ״ئاگادار نیم لەوەی كە تا ئێستا لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق پارتی لە دواكەوتنی كۆنگرە ئاگادار كرابێتەوە، بەڵام ئێمە وەك پێویستی حزب و جێبەجێكردنی یاسا ئەركی خۆمان جێبەجێ دەكەین.״
ئەوەش لە كاتێكدایە بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״، پارتی نووسراوێكی ئاڕاستەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كردووە و تیایدا بەڵێنی ئەوەی داوە كە لە ئەمساڵدا كۆنگرە ببەستێت و بارودۆخی هەرێمی كوردستانیشی وەك پاساو باس كردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا كۆنگرەی نەبەستووە.
سۆسیالیست: كۆنگرە نەكەین تووشی كێشەی یاسایی دەبین
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2011 شەشەم كۆنگرەی خۆی ئەنجام داوە، لە ڕۆژی 13ی تەمموزی ساڵی پاردا سەركردایەتیی ئەو حزبە بڕیاری دا كۆنگرەی حەوتەم لە مانگی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوە بچێت، بەڵام نە ئەوكاتە ئەنجامی دا نە كاتی ئەنجامدانی بۆ داهاتووش دیارە.
بەختیار كەریم، وتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە شەش مانگی ڕابردوودا لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی پێك هێناوە و لە ئێستاشدا بەشێكی زۆر لە ئامادەكارییەكانی كۆنگرە تەواو بووە.״
وتیشی: ״ماوەی سێ ساڵ لە وادەی دیاریكراوی بەستنی كۆنگرە دواكەوتووین، ئەگەر كۆنگرە نەبەستین بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو تووشی كێشەی یاسایی دەبین، بۆیە هەوڵ دەدەین بەم نزیكانە سەركردایەتیی كۆبوونەوە بكات و بڕیار لەسەر ڕۆژ و درووشمی كۆنگرە بدات.״
كۆمەڵ: لە بەهاردا كۆنگرە دەكەین
كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە مانگی ئابی ساڵی 2015 سێیەمین كۆنگری ئەنجام دا و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەو حزبە بڕیاریان دا كۆتایی ساڵی ڕابردوو كۆنگرە ببەستێت، بەڵام نە ئەوكاتە كۆنگرەیان ئەنجام دا و نە وادەكەشی لە ئێستادا دیارە.
فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵ بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دەبوو كۆنگرەی چوارەم لە ساڵی ڕابردوو ببەستین، بەڵام ئێستا لە تەواوبوونی كۆنفرانسەكانداین.״
وتیشی: ״لە ئاییندەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كۆ دەبێتەوە و درووشم و ڕۆژی كۆنگرە دیاری دەكەین، كە پێشبینی دەكەم لە وەرزی بەهاردا كۆنگرە ببەستین.״
شیوعی: ئێمەش لەمساڵدا كۆنگرە دەكەین
حزبی شیوعیی كوردستان كۆنگرەی شەشەمی لە مانگی تشرینی دووەمی 2016 ئەنجام دا و وادەی كۆنگرەی نوێ لە مانگی تشرینی ئەمساڵدایە.
عەبدولڕەحمان فارس، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״شەرعییەتی سەركردایەتیی شیوعی تاكو مانگی 11ی داهاتووە، هاوكات بڕیارمان داوە لە ئەمساڵدا كۆنگرە بكەین، بۆیە لیژنەیەك لە ئاستە جیاوازەكانی ناو حزب ئامادەكارییان بۆ كۆنگرە كردووە، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان لەسەر مانگ و ڕۆژی دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە نەداوە.״
وتیشی: ״بڕیاری كۆمیسیۆنی عێراق و یاسای حزبەكان ڕۆڵی هەیە لە زووتر ئەنجامدانی كۆنگرەی حزبی شیوعیی كوردستان، بۆیە هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا كۆنگرە ببەستین.״