حكومەتی هەرێم حەوت ملیار دۆلاری فەرمانبەران قەرزارە
ئاژانس – حەسەن شەنون
وتەبێژی حكومەتی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نادەنەوە و قەرزە لەسەر حكومەتی هەرێم، ئەوەش لە كاتێكدایە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبهرانی هەرێم گەیشتووهتە حەوت ملیار دۆلار.
سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراقی تایبەت بە ״ئاژانس״ وتی: ״حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسە لە چارهسەری كێشەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەبێت كات و شێوازی دانەوەیان بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا بكات״.
وتیشی: ״حەیدەر عەبادی پەیوەستە بەو بەڵێنەی كە داویهتی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پاش ڕادەستكردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم، بەڵام ئێمە بەرپرسن نین لە دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەوە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.״
ئەوەش لە كاتێكدایە بە پێی ڕاپۆرتێك كە لە لاپەڕە (14دا بڵاو كراوەتەوە؛ بڕی پارەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەیشتووەتە حەوت ملیار دۆلار.
عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״حكومەتی هەرێم پلانی هەیە حسابی بانكی بۆ فەرمانبەران بكاتەوە، كە ئەو پاشەكەوتە بە شێوەی ژمارە بچێتە سەر ئەو حسابە تا پارەی ئاو و كارەبا و زەریبە و باج و ڕسووماتی پێ بدەنەوە״.