یاسای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری نه‌یتوانی دامه‌زراوه حكوومییه‌كان ناچار بكات زانیارى بده‌ن به ڕۆژنامه‌نووسان
ئاژانس – هێمن پشده‌رى
زۆربه‌ى دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى تا سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم خاوه‌نى وته‌بێژ و به‌شى ڕاگه‌یاندنى تایبه‌ت به خۆیانن، به‌ڵام كه‌مترین جار وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ده‌نه‌وه.
ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌یه كێشه‌ى بۆ ڕووماڵى ڕۆژانه‌ى ڕۆژنامه‌نووسان درووست كردووه و ده‌زگا ڕهسمییهكانیش له چاوى ئه‌واندا به ناشه‌فاف پیشان ده‌دات.
كۆ كردنه‌وه‌ى زانیارى بۆ ڕۆژنامه‌نووس له كارى ڕۆژانه‌دا له هه‌رێمى كوردستان كارێكى ئه‌سته‌مه، سه‌ره‌ڕاى بوونى یاسای مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى كه ساڵى (2013) له لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه ده‌ركرا كه ماف به ڕۆژنامه‌نووس ده‌دات بڕیار بدات و له‌سه‌ر بهرپرسانیشى پێویست كردووه وه‌ڵامى بده‌نه‌وه.
فه‌رمان سادق ڕۆژنامه‌نووس له شارى هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك نییه له نێوان به‌شى ڕاگه‌یاندنى دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووساندا، ئه‌وه‌ش جۆرێك له كێشه‌ى بۆ ڕۆژنامه‌نووسان درووست كردووه.
فه‌رمان سادق بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״زۆر جار وته‌بێژه‌كان وه‌ڵامى ته‌له‌فۆن و ئیمه‌یڵ ناده‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر نووسراویشیان بۆ بكه‌ى تا 15 ڕۆژ تێنه‌په‌ڕێت وه‌ڵام ناده‌نه‌وه، ئه‌و كاته‌ش ڕاپۆرت و هه‌واڵه‌كانمان به‌هاى نامێنێت״.
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ى شارى هه‌ولێر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌ویش وه‌كو هاوڕێ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانی به ده‌ست وته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كان و حكوومه‌ته‌وه״گیریان خواردووه״ و وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانیان ناده‌نه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت: ״ئه‌و وته‌بێژانه نا‌وێرن زانیارى بده‌نه ڕۆژنامه‌نووسان و له لایه‌ن سه‌روو خۆیانه‌وه ڕێگرییان لێ ده‌كرێت״.
یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانى زانیاری به لای به‌شێكى زۆر له ڕۆژنامهنووسانەوە به یاسایه‌كى باش بۆ به‌ده‌ستهێنانى زانیارى داده‌نرێت، به‌ڵام حكوومه‌ت به ته‌واوه‌تى خۆى له جێبه‌جێكردنى دزیوه‌ته‌وه.
به پێى مادده‌ی 22ـى یاساكه ده‌بێت له ماوه‌ی (90) ڕۆژدا له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی له ڕۆژنامه‌ی وه‌قائعی هه‌رێمی كوردستان بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام دواى تێپه‌ڕبوونى زیاتر له 3 ساڵ هێشتا ئه‌و یاسایه نه‌توانراوه كاری پێ بكرێت و نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
وه‌ك له‌و یاسایه‌دا ئاماژه‌ى پێ كراوه ئامانج لێى دابینكردنی كه‌شێكی زیاتری ئازادی ڕاده‌ربڕین و بوونی شه‌فافییه‌تی زیاتره له به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگا گشتی و تایبه‌تییه‌كان، به‌ڵام یاساكه نه‌یتوانیوه ئه‌و كه‌شه بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و هاووڵاتیان دابین بكات.
به پێى یاساكه‌ش لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار بۆ لێپرسینه‌وه له جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستانه.
زیا پترۆس سڵێوه، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״ئێمه به‌رپرسیار نین له جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكه، چونكه به پێی مادده‌ی 21ـی یاساكه ده‌بێت ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕێنمایی پێویست ده‌ربكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه، به‌ڵام ئێمه سێ جار نووسراومان بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ناردووه و تا ئێستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه״.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ده‌سته‌كه‌یان نووسراویان بۆ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت و ڕێكخراوه‌كان و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت كردووه بۆ ئه‌وه‌ى زانیاریى ته‌واو بده‌ن به ڕۆژنامه‌نووسان و هاووڵاتیان.
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ وه‌ڵامنه‌دانه‌وه و پێنه‌دانى زانیارى به ڕۆژنامه‌نووسان به پێچه‌وانه‌ى یاساى مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى ده‌زانێت و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وە كه پێویسته دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت پابه‌ندى ئه‌و یاسایه بن و جێبه‌جێی بكه‌ن.
به پێى مادده‌ى 6ـى یاساكه پێویسته سه‌رجه‌م دامه‌زراوه گشتی و تایبه‌ته‌كان فه‌رمانبه‌ری تایبه‌ت دابین بكه‌ن بۆ پێدانی زانیاری به هه‌ركه‌س و لایه‌ن و ڕاگه‌یاندنكار و ڕۆژنامه‌نووسێك كه كاری به زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ده‌بێت و له حاڵه‌تی پێنه‌دانی زانیارییه‌كه ئه‌وا له ماوه‌ی یاساییدا ده‌توانرێت داواكه بگه‌یه‌نرێته دادگای تایبه‌تمه‌ند تا كه‌یسه‌كه یه‌كلا بكاته‌وه و لایه‌نی پێشێلكاری یاسا كه هه‌ڵنه‌ستاوه به جێبه‌جێكردنی یاساكه سزای ماددی بدات.
ئازاد حه‌مه‌ئه‌مین نه‌قیبى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تا ئێستا هیچ ڕۆژنامه‌نووسێك نه‌چووه‌ته به‌رده‌م یاسا سكاڵا تۆمار بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت زانیاری‌یان پێ نه‌داوه كه به بڕواى ئه‌و ئه‌مه به‌شێكه له كێشه‌كه و ده‌شڵێت: ״یاساكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به مردوویى له دایك بووه״.
ئازاد حەمه‌ئه‌مین به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״ئه‌گه‌ر هه‌یه له‌م نزیكانه‌دا ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ڕێنمایى ده‌ربكات بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م یاسایه، جێبه‌جێكردنى به لاى ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه گرنگه، چونكه كه‌ره‌سته‌ى ڕۆژنامه‌نووس زانیارییه، بۆیه حكوومه‌ت نه‌ك ڕێنمایى، پێویسته لیژنه له هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان درووست بكات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته״ و وتیشی: ״پێویسته پرسى وهڵامنهداوهى وتهبێژهكانى حكوومه‌ت به پێى یاسا چاره‌سه‌ر بكرێت״.
جگه له وته‌بێژ و به‌شى ڕاگه‌یاندن دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت ماڵپه‌ڕى ئهلیكترۆنییشیان هه‌یه و به‌شێكى زۆریش له‌و ماڵپه‌ڕانه‌ى حكوومه‌ت ناچالاكن و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر نوێ ناكرێنه‌وه، له كاتێكدا ده‌بوایه ئه‌م ماڵپه‌ڕانه سه‌رچاوه‌ى زانیارى و هه‌واڵی هاووڵاتیان و ڕاگه‌یاندنه‌كانیش بن.
به‌شێك له وته‌بێژى حكوومه‌ت و دامه‌زراوه ڕه‌سمییه‌كان ته‌نیا بۆ ده‌ربڕینى هه‌ندێك هه‌ڵوێست یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى میدیاكان ڕاگهیەندراو بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.