عەتا كەریم
لەمەودوا (بەغدا) سپۆنسەری سەرەكێی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی دابینكردنی بودجە و داراییەوە، لە كاتێكدا ئەم ئەزموونە لە ساوایەتیدا سەربەخۆتر بوو.
پرسی دەستوور، بودجە، پۆست لە بەغدا، گرێدانەكانی بەستنەوەی هەرێمی كوردستانن بە سەنتەری عێراقەوە، ئەم بەستنەوەیەش لە دوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كۆمیتەكەی مەسعود بارزانی، دەستی بەغدای ئاوەڵاكرد، توندتر ئەزمونی 28 ساڵە سەربەخۆكەی هەرێم بە خۆیەوە ببەستێتەوە، بەستنەوەیەك كە جوڵاندنی هێزی سەربازیی و سوپای عێراقی تێدا بەكارهێنرا، كە دەبێت پەیوەستی یەكپارچەیی خاك و دەستوور عێراق بێت!
كێشەی سەرەكی بژاردەیەكی سیاسیی و هەندێك هێزی كوردستانی ئەوەیە، كە تا ئێستاش ناتوانن یەكلاببنەوە كە ئایا سەربەخۆ، یان لەگەڵ عێراق بن، بۆیە نەسەربەخو بوون، نە لەگەڵ عێراقیش بوون، بۆیە هەڵەی ڕیفراندۆم ئەوەی سەپاند كە ڕووە و بەغدا بن!
لەدوای كەوتنی عێراق لە 2003 و پێكهێنانی عێراقی نوێ لە 2005، كورد بە ئەزموونی هەرێمەكەیەوە، ئاراستەی تێكەڵبوونەوەی بەعێراق هەڵبژارد، بەڵام بەشداریكردنەكەیشی بە نیوەناچڵ و كێشەداربوو!!، كە مەیلی جیابونەوەشی لە 2017دا جوڵاند، بە هەمانشێوە نیوەناچڵ و كێشەداربوو! بۆیە هەردوو ڕێگاكەی ناكامڵ و تەواونەكراو هێشتەوە!
كارەساتی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارییەكی قورسە، كە دوای 28 ساڵ خۆبەرێوەبەری لە باشوور هێشتا بەبێ ستراتیژی دوورمەودا (حوكمداریی دەكرێت)، لە نێوانی سەربەخۆیی (بەڕێوەبردن) و هاوبەشێتی لەگەڵ عێراقدا گیرۆدەیە! ڕوونتر پارە و پۆست و هەقبەشی 17%ی هەرێم لە بودجە، پەیوەستبوونی هەرێمی بەرەو عێراق كێشتر دەكرد، بەڵام مەیلی دەسەڵات و حوكمڕانیكردن لەهەرێم، حەزی عێراقیبوونی لاوازدەكرد! ئەم جۆرە مامەڵەیەش بە ڕیفراندۆم كۆتایی هات.
ئێستا لە پەسندكردنی بودجەی 2019ی عێراقدا، بەغدا پەیوەستكراوە كە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا بدات لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەرێم و عێراق! بۆیە سیحری دەسەڵادارێتی هەرێم وای لێ كراوە بەبێ سپۆنسەریی بودجەكەی نەتوانرێت، بەڕێوە ببرێت، ئەمەش پاشەكشەیەكی گەورەیە لە ئەزموونی هەرێمدا! ئەگەر بەراورد بەخودی دەسەڵاتدارێتی خۆی بكەیت لە دوو زەمەنی جیاواز، زەمەنێك كە لە 1992 تا 2003 دەكاتە بە دوو ئیدارییشەوە، ئەزمونی حومكڕانی كە ساوابوو، ئەزمونێكی كوردستانیانەبوو لە سەربەخۆیی ئیدارەدان و بەرێوەبردن و ژێرخانی دارایی و ئابووری خۆی( بە هەموو كێشەكانییەوە)، زەمەنی دواتریش لە 2003تا 2019 یە كە ئەزموونەكە لە ساوایی تێدەپەڕێت، بەڵام ڕووە و عێراق و لە سەرەتاكانی قەیرانی داراییدا و لە زەمەنی 2013-2018 سەربەخۆیی خۆی وەك ئەزموون لە دەست دەدات و فشارە دارایی و سەربازییەكانی عێراقی نوێ دەیچەمێنێت، ناچاری ژێر چەتری دەستوور و یەكپارچەیی خاكی عێراقی دەكاتەوە!
حوكمداریكردنی سەردەمی كابینەی نۆهەم، كە سەرەتای سپۆنسەركردنی مووچەخۆرانیەتی لەلایەن بەغداوە، هیچ سەنگ و گرنگییەك بۆ ئەزموونی بەرێوەبردن لە فۆرمی دەمەزراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و ئەوانی تریش ناهێلێتەوە و بەتاڵە لە حیكمەتی دەوڵەتداریی، ئەگەر حكومەتێك لەدەرەوەی سەربەخۆیی دارایی و ئابووریی و نەوتیدا بێت، ئەزمونێكی كۆتكراوە!، هەرچەند بە نەزانی جوڵەی (سەربەخۆیی بە پاڵنانی ڕیفراندۆم، سەربەخۆیی ئابووریی بەشكستی سیاسەتی نەوتی)، گێژاوەكەی لولدانی حوكمڕانیی بوون لە هەرێم.
هەڵە سیاسیی و ئابووری و دیپلۆماسییەكان لەلایەن بژاردەیەكی سیاسییەوە، قومارێكی دۆراوی گەورە بوو بە خودی ئەزموونی خۆبەرێوەبردن لە باشوور و سوتاندنی كارتە بەهێزەكانی بوو لەگەمەیەكدا كە هێزی چارەنووسسازیی لە پرس و كاریگەریی كورد لە عێراق و ناوچەكەدا كردە یاریكەرێكی پاسیڤ.
ئەمجۆرە مامەڵە سیاسیی و حوكمڕانییەی هەرێم لە ناوخۆ دەیكات و لە عێراقیشدا هاوشێوەیە، سەنگ و كاریگەریی كورد و ئەزمونەكەی كردووە بە حزبی، بۆیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش مامەڵەی حزبیانەی لەگەڵ دەكرێت، نەك كاراكتەرێكی حوكمڕانی بە مۆر و لۆگۆی كوردستانی!