وەزارەتی پێشمەرگە داوا دەکات ڕێگری لێ بكرێت
ئاژانس – سەرچین ساڵح
حەشدی شەعبی سەرقاڵی ناونووسینی گەنجانی كوردە لە ناوچەی گەرمیان و دووزخورماتوو بۆ درووستكردنی لیوای دووەمی حەشد لە كورد، بەڵام بەرپرسانی حزبی و حكوومی تەئكید لە ڕێگری درووستبوونی دەكەنەوە.
ماوەی زیاتر لە مانگێكە حەشدی شەعبی دەستی كردووە بە ناونووسین بۆ درووستكردنی لیوایەك كە پێكهاتەی لیواكە كوردن لە ناوچەی دووزخورماتوو و گەرمیان، بەرپرسانی كورد لەو ناوچانەش ئامانجی درووستكردنی لیوایەكی لەو شێوە بۆ تێكدانی ئارامیی ناوچەكە و پەلكێشكردنی سوپای عێراق بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەزانن.
پێشتر حەشدی شەعبی لیوایەكی تری لەو ناوچانە درووست كرد، بەڵام لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە دەركران و ئەم هەوڵەی ئێستایان بۆ درووستكردنی لیوای دووەمە.
محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی دووزخورماتوو بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ئەو لیوایەی پێشتریان خۆیان وا دەردەخست سەر بە ئۆپراسیۆنی دیجلە بن و لۆگۆی لیوای دیجلەیان پێوە بوو و لە سنووری كەركوك چەند ڕۆژێك مەشقیان كردبوو، بەڵام لە لایەن پێشمەرگەوە لە سنووری كەركوك دەركران.
وتیشی: ״دوای دەركردنیان لە سنووری كەركوك هاتنە گوندی یافا لە باشووری قەزای خورماتوو، لە 19ی ئەم مانگەوە لەو شوێنەش نەماون.״
ئەو لیوایەی ئێستا سەرقاڵی درووستكردنین، لە لایەن كەسێكەوە سەرپەرشتی دەكرێت خەڵكی كەركوكە و دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە، ناوی عیمادە و لهلایهن پێشمهرگهوه ئاگادار کراوهتهوه ناوچهکه جێبهێڵێت. ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان ناونووس كردووە زیاتر لە هەزار و 300 كەسن كە كوردانی دانیشتووی خورماتوو و چەمچەماڵ و كەلارن، لیواكە لە ڕووی ناونووسینەوە تەواو كراوە، بەڵام هێشتا پێویستییە سەربازییەكانیان بۆ دابین نەكراوە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی ״ئاژانس״ بەشێكی زۆری ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان ناونووس كردووە دانیشتووی ئیدارەی گەرمیانن.
محەمەد عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی وت: ״درووستكردنی ئەو لیوایە ڕاستە، لە ناوچەی گەرمیان تەنها ناونووسینی بۆ كراوە و ئێمەش هۆشداریمان داونەتێ واز لە درووستكردنی لیواكە بهێنن.״
باسی لەوەش كرد، لە ڕێگەی دامودەزگا حكوومییە پەیوەندیدارەكانی گەرمیانەوە هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ڕێگریكردن لە درووستكردنی ئەو لیوایە.
چەكداركردنی كوردانی گەرمیان لەژێر ناو و هێزی جیاوازدا زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامە و لە ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەی خانەقین لیوایەكی حەشدی شەعبی بۆ كوردانی ناوچەكە درووست كرا و نزیكەی ساڵێكە چەكدار كراون و لە ئەركدان لە سنووری ناحیەی سەعدییە.
وەزارەتی پێشمەرگە ناونووسین و درووستكردنی ئەو لیوایە پشتڕاست دەكاتەوە، ئاشكراشی دەكات كە بە شێوەیەكی جددی كار لەسەر درووستكردنی دەكرێت.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری هەیئەی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە، ناونووسینەكە لە شوێنێكی دیاریكراو نییە.
كەمال وتیشی: ״پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كورد ڕێگری لەم هەوڵە مەترسیدارە بكات.״