ئاژانس
هەردوو هونەرمەند حەمید عوسمان و پەیوەند جاف پاش ئەوەی گۆرانیێەکی دوێتیان بە یەکەوە بڵاو کردەوە، بەنیازن بەرهەمێکی تر پێکەوە بکەن.
حەمید عوسمان بە “ئاژانس”ی وت: “پاش ئەوەی بە یەکەوە بەرهەمی (ڕیحانەمان) بڵاو کردەوە و چووە ناو خەڵکەوە، بۆیە بڕیارمان دا بە یەکەوە گۆرانییەکەی دیکە بڵێینەوە کە گۆرانییەکی کۆنە بە ناوی (یارەکەم) و زیاتر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەر لە لایەن هونەرمەند قادری سیاحی وتراوەتەوە و ئاواز و هۆنراوەکەش هەر هیی خۆیەتی، ئێمە تەنها کەمێک دەستکاریی میوزیکەکەیمان کردووە.”
حەمید عوسمان لە بارهی نزیکیی خۆی و پەیوەند جافهوه وتی: “ئێمە هاوڕێی منداڵی بووین، ئەویش هونەرمەندێکی باش و بەئەزموونە و حەز دەکەم کاری لەگەڵ بکەم، دیارە ئەویش منی قبووڵ کردووە و حەزی بە کارکردن کردووە لەگەڵم، بۆیە ئێمە هاوڕێیەتی و کەسایەتی و نزیکیی کاری هونەریمان لە یەکەوە کۆی کردووینەتەوە.”
بە وتەی حەمید عوسمان کاری تۆمارکردنی بەرهەمەکە و وێنەگرتنیشی تەواو بووە و لە شاری سلێمانی لە لایەن ئارام سەردارەوە دەرهێنانی بۆ کراوە و بڕیارە لە ١٧/٣ کلیپەکە بڵاو بکرێتەوە.