د.سەردار عەزيز
تەنکەری زۆری نەوت دەبینیت کە بە ڕێگا شەقوشڕەکانی کوردستاندا دێن و دەڕۆن پاشان لە مەرزێکەوە خۆیان دەکەن بە دیوی ئێراندا و لەوێوە پەیتا پەیتا دەڕۆن بۆ کەنداوی فارسی، هەتا بارەکەیان لە کەشتییەکدا بەتاڵ بکەنەوە. نەوتی ڕەش، بە زۆری بۆ وڵاتی هیند دەڕوات. ئەمە حەکایەتی قیر و گوندی هیندی پێکەوە گرێ دەدات.
لە ئەدەبیاتی ئەورووپیدا گوندی هیندی وەها بینراوە کە کۆمارێکە بۆ خۆی. چارلس میتکاف لە ساڵی ١٨٣٠ ئەم چەمکە دادەڕێژێت، پاش ئەو خەڵکانی تر وەک گومانلێنەکراوێک مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن، لە نێویاندا هاینە و مارکس. بەڵام ئەمڕۆ چیرۆکێکی تری گوندی هیندی دەگێڕینەوە. هیند نزیکەی ٦٥٠ هەزار گوندی هەیە. ئەم گوندانە هەتا ئێستا جادەی قیرتاویان بۆ ڕانەکێشراوە. ئەمڕۆ وڵاتی هیند پاش چین لە گەشەیەکی ئابووریی خێرادایە. چونکە میتۆدی ئابووریی جیهانگیری بەو جۆرەیە لە سەر گۆی زەوی بە دوای ئەو جێگایانەدا دەگەڕێت کە دەستی کاری هەرزان و بازاڕی تیادایە. بەڵام کاتێک ماوەیەک بە سەر گەیشتنی ئابووریی جیهانگیریدا تێدەپەڕێت، ئەوا خێرا گۆڕانکاری بە سەردا دێت، چونکە بۆ هەمیشە دەستی کار بە هەرزان نامێنێتەوە و بازاڕ هێندە بە خرۆش نابێت.
سەرەتا وڵاتی چین بوو. چینییەکان لە پەنجاکانەوە گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کە ئەگەر سوور بن لە سەر ئابووریی سوشیالیزمی ئەوا زۆربەی خەڵکەکەیان لە برساندا دەمرن، بۆیە خێرا پەنایان بردە بەر ئابووریی سەرمایەداری بەڵام بە هەنگاو و ناوچەی جوگرافیی دیاریکراو. ئەمە چیرۆکێکی ئاڵۆزە لە ململانێی کەپیتالیزم و سۆشیالیزم و هەروەها ململانێی هەناو جەنگی سارد لە بلۆکی سۆشیالیستی بەرامبەر بلۆکی سەرمایەداری. چۆن لە سەردەمی نیکسۆندا لە ڕێگای کیسنجەرەوە ئەم درزە دەکرێتەوە.
گەر بگەڕێینەوە سەر چیرۆکەکەمان، ئەمڕۆ هیند دەیەوێت ئەو ٦٥٠ هەزار گوندە بە یەکەوە ببەستێت بە مەبەستی گەیاندنی ئابووری و بە بازاڕکردنیان. بۆ ئەم مەبەستە هیند پێویستی بە بڕی ئێجگار زۆری قیر هەیە کە لە پاشماوەی نەوت، قیر بە تایبەت لە نەوتی قورس درووست دەکرێت. عێراق چونکە نەوتی قورسی زۆرە، بووەتە وڵاتی یەکەم لە دابینکردنی نەوتی قورس و نەوتی ڕەش بە هیند. وڵاتی هیند لە بەرامبەر ئەمەدا خۆراک و هەندێ ئامێری ورد و جلوبەرگ بە عێراق دەدات. بەڵام لە سەرووی هەمویەوە دۆلار.
ئەم چیرۆکە لە چەند لایەکەوە جێگەی سەرنج بوو.
یەکەم، عێراق دەبێتە سەرچاوەی گۆڕینی وڵاتی هیند لە وڵاتێکی لە یەک دابڕاو هەتا ببێتە وڵاتێکی پێکەوە گرێدراو لە سایەی ئابووریی جیهانگەریدا، هەتا بە سوودی بەردەوامی ئابووری بشکێتەوە. بەڵام عێراق خۆی وەک هیندی لێ دێت لە دابڕان و نەبوونی ڕێگاوبان و پەراوێزبوون. بۆ ئەمە ئێمە پێویستە فراوانتر لەوە بیربکەینەوە کە هەمیشە بیرمان کردوەتەوە، ئەویش ناچاربوونە بە بیرکردنەوە لە ئاستی گلۆباڵدا.
دووەم، بەشی زۆری نەوتی ڕەش و نەوتی قورس بە قاچاخ دەبرێت. زۆرجار وەها مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت کە پاشەڕۆیە. بەڵام دەبێتە بنەمای ماددەی قیر کە ماددەی سەرەکییە لە درووستکردنی ڕێگاوباندا. لە هیند بە مەبەستی درێژەدان بە بوژانەوەی ئابورییە، لە عێراق سەرچاوەی وێرانکردنی ئابوورییە. بەشێکی زۆری ئەو جەنگەی لە بەسرە هەیە پەیوەستە بە گروپەکانی قاچاخچی نەوت و دەستگرتن بە سەر بەندەرەکاندا.
سێیەم، کاتێک عێراق لە ڕێگای پاشەڕۆوە هیند دەبوژێنێتەوە، هیند لە دەیەی داهاتودا دەبێت سێیەم وڵاتی جیهانی، بەڵام لە دەیەی داهاتوودا عێراق، گەر لە سەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت دەبێتە وڵاتێکی خراپتر لە ئەفریقا. گەر لێرەدا لە میانەی چەمکی پاشەڕۆدا بیربکەینەوە، عێراق کە پاشەڕۆی بە نرخترین کاڵای دەدات بە هیند، کە نەوتە، ئەوا لە ئەنجامدا خۆی دەبێتە پاشەڕۆ، بەڵام هیند دەبێتە وڵاتێکی جیهانی. کەواتە دوو پرۆسە لە ئارادایە، یەکەم، لە هەناوی سیستەمی جیاوازدا ماددە ڕۆڵ و ئەرکی جیاوازی هەیە دووەم، ئابوری جیهانی لە مۆدێلی بەرهەمهێنانی تایبەتمەندی بەڕێوە دەچێت.
چوار، دەبێت بیر لە سوڕێک بکەینەوە، عێراق لە ڕێگای سامانە سروشتیەکەی دونیا دەگەشێنێتەوە، بەڵام خۆی وێران دەکات، چونکە ئەو داهاتەی کە عێراق دەستی دەکەوێت بەشی زۆری دەچێت بۆ گەندەڵی و چەک، کە دوانەی توندوتیژین لە ناوچەکەدا. لێرەوە بەرەو ئەو پرسیارە دەڕۆین ئایا لە سەردەمی جیهانگەریدا، ئێمە لە ڕێگای سامانەکەمانەوە چ ڕۆڵ و پێگەیەکمان هەیە و لە ئەنجامدا چ جۆرە ژیانێک دەژین. ئەم پرسیارە دەمانبات بۆ کرۆکی ئابوری سیاسی، بەمانای پێکەوە نوسانی هەمیشەیی ئابوری و سیاسی، لێرەوە دەتوانین هەموو پێکهاتەکانی دونیای ئێمە پێکەوە گرێ بدەین: شەڕ، چەک، دۆلار، نوخبەی گەندەڵ، تیرۆر. سەردەمانێکی زۆرە کە لیبرال و مارکسییەکان پێمان دەڵێن کە ئابوری و سیاسەت دوو بواری جیاوازن.