بۆ پۆستی سه‌رۆکكۆمار له‌گه‌ڵ كورد گفتوگۆ ده‌كه‌ین
سازدانى: حه‌سه‌ن شه‌نون
خالید ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى حزبی ده‌عوه‌ى ڕێكخستنى عێراق ئاشكرای ده‌كات كه مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتی دیمو‌كراتى كوردستان به‌ڵێنى پێ داون كه ببێته به‌شێك له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى كه بڕیاره نورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى قانوون و هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى فه‌تح پێكى بهێنن بۆ درووستكردنى حكومه‌ت و ده‌شڵێت: “په‌یوه‌ندییه‌كى به‌رده‌وام و باش له نێوان بارزانى و مالیكی‌دا هه‌یه و به‌ر له ڕاگه‌یاندنى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان په‌یوه‌ندییه‌كى چڕ له نێوان هه‌ردوولایاندا هه‌بووه.”
خالید ئه‌سه‌دى له چاوپێكه‌وتنێكى “ئاژانس”دا باس له‌وه ده‌كات كه لیژنه‌یان بۆ دیاریكردنى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و سه‌رۆكوه‌زیران پێك هێناوه و بۆ سهرۆکكۆماریش له دواى دانیشتنى 15ی ئه‌م مانگه‌ى په‌رله‌مان گفتووگۆ له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌ین و ئاشكراشی ده‌كات كه تێبینییان له‌سه‌ر هه‌ندێك بڕیار و مامه‌ڵەی حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیران هه‌بووه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه پرسی پێكهێنانى كوتله‌ى زۆرینه له لایه‌ن ئێوه‌وه به چى گه‌یشت كه به‌شێك له لایه‌نه‌كانى به‌رانبه‌ر كوتله‌یه‌كیان ڕاگه‌یاندووه به ناوى فراكسیۆنى گه‌وره‌وه؟
خالید ئه‌سه‌دى: ئێمه نه‌خشه‌ى سیاسیمان وایه كه پرسى درووستكردنى كوتله‌ى گه‌وره له 153 په‌رله‌مانتار درووست بكه‌ین كه پێك هاتوون له ئه‌ندامانى هاوپه‌یمانى فه‌تح و ده‌وڵه‌تى قانون و 21 په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى نه‌سڕ و 23 په‌رله‌مانتارى یه‌كێتیى هێزه عێراقییه‌كان و 9 ئه‌ندامى لیستى وه‌ته‌نییه و په‌رله‌مانتارى چه‌ند كوتله‌یه‌كى تر و چاوه‌رێى ئه‌وه‌ین كه له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و دادگاى فیدراڵییه‌وه ڕابسپێردرێین بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ.
ئاژانس: ئه‌ى كوردتان له‌گه‌ڵه له‌و كوتله گه‌وره‌یه؟
خالید ئه‌سه‌دى: كورد هێشتا خۆى یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه و هه‌ڵوێستیان دیار نییه و چاوه‌ڕێى ههڵوێستیانین به‌ر له ئه‌نجامدانى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق له 15ی ئه‌یلولدا.
ئاژانس: ئه‌ى هاوپه‌یمانى سائریوون كه موقته‌دا سه‌در سه‌ركردایه‌تى ده‌كات په‌یوه‌ندى به كوتله‌كه‌ى ئێوه‌وه ده‌كات یان په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كوتلهكهتاندا چۆن ده‌بێت كه ئه‌ویش له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكى تر كوتله‌ى زۆرینه‌یان پێك هێناوه؟
خالید ئه‌سه‌دى: سائیروون نابنه به‌شێك له هاوپه‌یمانیى بینا كه نورى مالیكى سه‌رۆكى حزبی دعوه و لیستى ده‌وڵه‌تى قانون پێكى هێناوه كه ئه‌گه‌ر هه‌یه وه‌ك ڕه‌وتى حیكمه‌ى عه‌مار حه‌كیم بچنه نێو به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆنه‌وه، ئه‌وه‌ش پێشوازیی لێكراوه بۆ ئه‌وه‌ى چاو‌دێر بن به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه.
ئاژانس: به‌ڵام هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و سائیروون و نه‌سڕ و حیكمه ده‌ڵێن ئێمه خاوه‌نى زیاتر له 170 كورسی و خاوه‌نى كوتله‌ى زۆرینه‌ین، له‌م باره‌دا بۆ ئێوه نه‌بنه ئۆپۆزسیۆن؟
خالید ئه‌سه‌دى: ئه‌وه ئه‌گه‌رێكى دووره به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕووی دا ئه‌وه ده‌بینه ئۆپۆزسیۆنى حكومه‌ت له په‌رله‌مان.
ئاژانس: ئه‌ى پێشنیارى كوتله‌ى زۆرینه‌تان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامى باس كردووه؟
خالید ئه‌سه‌دى: ئێمه كراوه‌ین به‌رانبه‌ر هه‌موو هێزه كوردییه‌كان و كه‌سمان بایكۆت نه‌كردووه، به‌ڵام سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردییه‌كان هەڵوێستییان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه و وه‌ڵامى هیچ داواكارییهكیشیمان وه‌رنه‌گرتووه بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى بكرێت به هاوپهیمانێتییهكهمانهوه.
ئاژانس: پاڵێوراوان بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران كێن له لیسته‌كه‌ى ئێوه؟ نورى مالیكى یان كه‌سێكى تر؟
خالید ئه‌سه‌دى: كوتله‌ى بینا ئێستا كار له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ده‌كات و له دانیشتنى داهاتووشدا كه سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، به دوایدا لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ كورد دێته ئاراوه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆکكۆمار، دواتریش پاڵێوراوى خۆمان بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران ده‌خه‌ینه ڕوو؟
ئاژانس: مه‌به‌ستمانه بزانین مالیكى پاڵێوراوه بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران یان نا؟
خالید ئه‌سه‌دى: ئه‌وه‌ى له باره‌ى پاڵاوتنى نورى مالیكییه‌وه باس ده‌كرێت ورد نییه چونكه خۆى نایه‌وێت جارێكى تر خۆى بۆ ئه‌و پۆسته بپاڵێوێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌زۆریش بپاڵێورێت ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كى نیشتیمانییه و دیارترین كهیاسهتییهكانى نێو كوتله‌ى بینایه.
ئاژانس ئه‌و ڕێكاره چییه كه په‌یره‌وى ده‌كه‌ن بۆ دیراسەكردنى پاڵێوراوتان بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران؟ ده‌نگدان یان سازان؟
خالید ئه‌سه‌دى: له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێک كه‌وتووین كه لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت پێك بهێنین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى نێو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سایه‌تییه دیاری بكات كه ده‌بێته سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكى په‌رله‌مان به پێى چه‌ند بنه‌ما و پێوه‌رێك و له هه‌موو بارێكدا ئه‌و پرسه به ده‌نگدان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه.
ئاژانس: كێن ئه‌وانه‌ى پاڵێوراون بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران؟
خالید ئه‌سه‌دى: ناوى زۆر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ربگرن له‌وانه فالح فه‌یاز و محه‌مه‌د سودانی و خه‌له‌ف عه‌بدولسه‌مه‌د و قوسه‌ى سوهێل، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وانه یه‌كلایی نه‌بووینه‌وه تاریق نه‌جم وه‌ك پاڵێوراوى یه‌كلاییكه‌ره‌وه ده‌بێت.
ئاژانس: زانیارى هه‌یه ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى كه ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نیشتیمانى كوردستان و پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به‌شدار نه‌بن له كوتلهكهتاندا ئێوه‌ش ده‌نگ به پاڵێوراوهكهیان ناده‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆکكۆمار ئه‌وه وایه؟
خالید ئه‌سه‌دى: یه‌كتربینین و كۆبوونه‌وه‌ى جددى هه‌یه له نێوان ئێمه و سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردییه‌كاندا و هیچ شتێك نه‌بووه كه كێشه بخاته ئه‌و كه‌شه‌ى به هۆى ئه‌و دانوستانانه‌وه درووست بووه و تێبینیشمان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێكى كوردى نییه و له پاش دیاریكردنى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كورد ده‌ست ده‌كه‌ین به گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌بێته سه‌رۆکكۆمار و سازیشیش بۆ كه‌س ناكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بێته ناو هاوپهیمانێتییهكهمانهوه.
ئاژانس: ئه‌گه‌ر پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ربگرن هه‌مان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن كه پێشتر حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیران له‌گه‌ڵ هه‌رێم كردوویه‌تى له ڕابردوودا؟
خالید ئه‌سه‌دى: پێمان وایه كه هه‌ندێك سیاسه‌تى هه‌ڵه هه‌بووه كه حكومه‌تى ئێستا په‌یڕه‌وى كردووه كه پێویسته بگۆڕێت، له‌وانه ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندیى نێوان حكومه‌تى ناوه‌ندى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ده‌بێت به‌شێك له‌و سیاسه‌تانه بگۆڕدرێت كه له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بووبێت یان له لایه‌ن حكومه‌تى ناوهندییەوه بووبێت بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه پێكه‌وه‌ژیان و په‌یوه‌ندییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق.
ئاژانس: ئه‌ى بودجه‌ى 17%ى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرن ئه‌گه‌ر كورد پاڵپشتتان بێت بۆ وه‌رگتنى پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران؟
خالید ئه‌سه‌دى: ئه‌و كێشه هه‌ڵپه‌سێراوه ده‌بێت له چوارچیۆهى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌شمان به سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كورد وتووه.
ئاژانس: له‌م ماوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندیى ڕاسته‌خۆ له نێوان مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتی كوردستان و نورى مالیكى سه‌رۆكى لیستى ده‌وڵه‌تى قانوون هه‌بووه؟
خالید ئه‌سه‌دى: په‌یوه‌ندییه‌كى به‌رده‌وام و باش له نێوان بارزانى و مالیكی‌دا هه‌یه و به‌ر له ڕاگه‌یاندنى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان په‌یوه‌ندییه‌كى چڕ له نێوان هه‌ردوولایاندا هه‌بووه و بارزانى به‌ڵێنى پێ داوین كه ببێته به‌شێك له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان.
ئاژانس: ئه‌ى په‌یوندیى نێوان مالیكى له‌گه‌ڵ سه‌در و عه‌بادى چۆنه؟
خالید ئه‌سه‌دى: په‌یوه‌ندیى نێوان مالیكى و سه‌در و عه‌بادى نه‌پچڕاوه و باشه و ئه‌وه‌ى هه‌یه جیاوازیی هه‌یه له تێڕوانینیان له‌سه‌ر پرسه سیاسی و ستراتیژییه‌كان.
ئاژنس: ئه‌ى پێتان وایه عه‌بادى چانسى ئه‌وه‌ى هه‌بێت كه پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه؟
خالید ئه‌سه‌دى: عه‌بادى چانسى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكوه‌زیرانى له ده‌ست داوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شكستى هێنا له زۆربه‌ى ئه‌و دۆسیانه‌ى به‌ڕێوه‌ى برد و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى سیاسی و جه‌ماوه‌رییش هه‌یه له دژى.