ئاراس حەسەن
كورد و ئێران، كورد و سوریا، كورد و توركیا، كورد و عێراق… كورد و كورد له هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته سهردهستهكهشدا، له گه‌رمه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنێكی ههڵكشاودان كه سه‌قامیگریی ناوچه‌كه، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ژیانی تاكه‌كان له هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته به‌ر مه‌ترسی.
ڕۆژی ١٣ی ئه‌م مانگه، ڕۆس هاریسن لێكۆڵه‌ری به‌رجه‌سته‌ی په‌یمانگه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زانكۆی جۆرج تاون، په‌یامێكی تاریكی بۆ خه‌ڵكی جیهانی سێ به گشتی و به‌تایبه‌تتر بۆ دانیشتووانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕاگه‌یاند: ״خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه.״
ئه‌م پسپۆڕه ڕوونی كردووه‌ته‌وه كه گوشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا، وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌نداو و ئیسرائیل، ئێران هان ده‌دات زیاتر په‌لی چین و ڕوسیا بگرێت و ده‌ستیان له كاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا، عێراق و سوریا وه‌ربدات. له هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش دا خه‌ڵك و خاك و مه‌سه‌له‌ی كورد، ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی زیاتر ده‌بنه‌وه.
له ڕۆژئاوای كوردستان، ڕژێمی ئه‌سه‌د به پشتیوانیی به‌شێك له گرووپه شیعه چه‌كداره عێراقییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازیی ده‌ست پێ كردوه و له دێره‌زوره‌وه به‌ره‌و قامیشلۆ به نیازی پێشڕه‌وییه. هه‌مان كات، چه‌كداره یاخییه ئیسلامگه‌را توندڕه‌وه‌كان، له باكوور و باشووری ڕۆژئاوای سوریا بۆ ڕێڕه‌وێك ده‌گه‌ڕێن كه بگوازرێنه‌وه بۆ سنووری دێره‌زور به‌ره‌و ئه‌لبوكه‌مال له دیوی سوریا و له‌گه‌ڵ له‌شكركێشی به‌ره‌و حه‌سه‌كه له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، به‌ره‌و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتیش پێشڕه‌وی بكه‌ن و له ناوچه‌ی جزیره‌وه له پارێزگای نه‌ینه‌وا له عێراق، به‌ره‌و زنجیره چیای حه‌مرین، و ناوچه كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك، دیالی، سه‌ڵاحه‌دین و موسڵ بڵاو ببنه‌وه.
له دیوی ڕۆژهه‌ڵات، جووڵه‌یه‌كی نه‌رم به‌ڵام ترسناك له‌سه‌ر ئاسایشی ڕژێمی ئیسلامی ده‌ستی پێ كردوه و وا سێ ڕۆژه مانگرتنی بازاڕییه‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تاران، ئیسفه‌هان و كرماشان به‌رده‌وامه. له پاڵ ئه‌مه‌شدا، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی به‌شێك له هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ڕۆژهه‌ڵات له ده‌ره‌وه ده‌ستی پێ كردوه و كه‌ناڵه په‌یوه‌نداره‌كانیش به پاشماوه‌كانی ڕژێمی شای ئێران ڕه‌زا محه‌مه‌د ڕه‌زا شا، وه‌كو فریادڕه‌سی گه‌لانی ئێران ده‌ناسێنن و له مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوه‌وه، بیرۆكه‌ی چه‌سپاندنه‌وه‌ی ڕژێمی پاشایه‌تی له ئێران‌دا گه‌رموگوڕتر بره‌و پێ ده‌ده‌ن.
له توركیا، هه‌ده‌په توانی به‌ربه‌ستی حزبی ده‌سه‌ڵات بشكێنێت و بگه‌ڕێته‌وه په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنه، سێ كێشه‌ی جه‌وهه‌ریی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتووه. له سێستمی سه‌رۆكایه‌تیی توركیادا، ئه‌ردۆگان بوو به سه‌رۆكێكی هه‌تاهه‌تایی كه هیچ هێزێك به‌م نزیكانه ناتوانێت كێبڕكێی بكات، په‌رله‌مان پێگه‌كه‌ی خۆی دا به سه‌رۆك، به‌شێك له كورد پابه‌ند بوو به كاری سیاسی و پاساوی بۆ خه‌باتی چه‌كداری له ده‌ست دا و به‌شێكیش له كورد، له ناوچه‌كانی وه‌كو شرنا‌خ، كه به درێژایی مه‌سه‌له‌ی كورد له توركیادا، خاڵی به‌هێزی كوردایه‌تی بووه، ده‌نگیان بۆ ئه‌كه‌په دا. هه‌موو ئه‌و دیمه‌نه، چاو‌دێر ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه پێگه‌ی كورد له توركیا و باڵی ئیقیلمیی په‌كه‌كه له سوریا و توركیا و عێراق پاشه‌كشێ ده‌كات و كوردی باكور، بۆ به‌دیلی تر ده‌گه‌ڕێت كه له نه‌بوونیدا، ئه‌كه‌په بۆشاییه‌كه‌ی پڕ ده‌كاته‌وه.
له عێراق، كورد له به‌رده‌م ته‌عریبێكی نوێ دایه له ناوچه‌كانی دیاله و سه‌ڵاحه‌دین و موسڵ و كه‌ركوك. زیادبوونی جموجوڵی گروپی تیرۆریستیی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، بۆته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ترس و تۆقاندنی زیاتری ئه‌و خێزانه كوردانه‌ی له ناوچه‌كانیان ماونه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه ڕێگه به هێزی پێشمه‌رگه و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان نادرێت بوونی به‌هێزیان هه‌بێت له لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، به‌شێك له‌و خێزانانه له‌ژێر گوشاری هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و به به‌رچاوی هێزه‌كانی سوپا و پۆلیسی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی، ناچار ده‌بن كه ناوچه‌كانی خۆیان چۆڵ بكه‌ن.
وه‌كو جارێك تۆماس فریدمان نووسیبووی، پشتێنهكانتان توند ببه‌ستن. هه‌وراز و نشێوی زۆر له‌ڕێیه.