ڤینۆس فایەق
هیچ کوشتنێک نامکوژێت
خەیاڵێکم نییە شەرمی لێ بکەم
دڵێکم هەیە وەکوو ترێ
لەگەڵ شنەبا سەما دەکات
لەژێر خۆرێکی گەرمدا دەوەستم و
قژم شانە دەکەم
بە دەم گۆرانیگوتنەوە
کل دەدەم لە چاوم
دەرگایەکم نەماوە لە سەرمی دابخەیت
پەنجەرەیەکم نەماوە پەردەیەکی پێدا بدەیت
قژم هێند درێژە هیچ لەچکێک
پیا ڕاناگات کۆی بکاتەوە
دەنگم هێند بەرزە
هیچ دەستێک کپی ناکات
چاوم هێند تیژە
هیچ تاریکییەک کوێری ناکات
فرمێسکەکانی دایکم
دەکەمە شخارتەیەکەوە و
دانەدانە جگەرەیان پێ دادەگیرسێنم و
هەڵیان دەدەم بە بادا
دانەدانە ئاهـ و نزاکانی دایکم
لەگەڵ حێل و مێخەکێکدا دەهۆنمەوە و
لەناو دۆڵابێکی کۆندا هەڵیان دەگرم
ئیتر مردنێک نییە لێی بترسم
مردن وا لەناو جانتاکەی شانمدا
لەگەڵ سووراو و ماسکاراکەمدا بوونەتە هاوڕێ
شەرەفێک نییە لێی بسڵمەوە
لەسەر کۆلارەیەک نووسیم و هەڵمدا بۆ ئاسمان
لەگەڵ دوعایەکدا
بە شخارتەکەی دایکم سووتاندم
من ئیتر باسی ئازادیت بۆ ناکەم
لەمڕۆوە ئازادی دەژیم
باسی فڕینت بۆ ناکەم
لەمڕۆوە فڕین دەژیم
باسی پێکەنینت بۆ ناکەم
پێکەنین دەژیم
پیاڵەیەک چا تێدەکەم
کڵۆیەک بەختەوەری تێدەکەم و
بە کەوچکێک ئاسوودەیی تێکی دەدەم و
ڕووەو خۆم
ڕووەو دڵم
ڕووەو ئاسمان هەڵی دەدەم