چیرۆکی ئەو گەنجە کوردەی ٢١ ڕۆژ ڕووناکیی نەبینی
ئاژانس – سەلام هانەدنی
هەڵۆ نووری، تەمەن 28 ساڵ، كە لە شارەزوور نیشتەجێیە، لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكەی دەكەونە بۆسەیەكی تیرۆریستانی داعش لە داقوق، هەڵۆ و ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ خۆیان دەبەن، هاوسەر و منداڵەكەی ئیزن دەدەن، بەڵام دوای هەفتەیەك لەگەڵ باوكی دەكەونە مامەڵە و لە بەرامبەر ئازادكردنیدا داوای 100 هەزار دۆلار دەكەن.
هەڵۆ، یەكەم ڕۆژی مانگی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ خێزانەكەی لە ناحیەی وارماوای شارەزوورەوە بەڕێ دەكەون بۆ ماڵی خەزورانی لە گوندی قەرەیەتاغی سنووری قەرەتەپە-جەبارە لە جەلەولا، بەڵام لە ڕێگەدا كۆمەڵێك چەكدار ڕایان دەگرن و لە ئۆتۆمبێلەكە دایان دەبەزێنن و ڕاستەوخۆ دەست و چاویان دەبەستنەوە، بۆیە هەڵۆ داوایان لێ دەكات هاوسەرەكەی ئازاد بكەن و چی بەسەر خۆی دەهێنن ئاساییە، بۆیە داواكەی پەسند دەكەن و ئەو دەڕفێنن و هاوسەرەكەی ئیزن دەدەن.
هەڵۆ نووری، كە چەند ڕۆژێكە ئازاد كراوە و گەڕاوەتەوە بۆ شارەزوور بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە نزیك گوندی قەرەیەتاغ كەمینێك هەبوو، ڕایان گرتم، وامانزانی هێزی ئەمنین، لەو كاتەدا دوو ئۆتۆمبێلی دیكەشیان ڕاگرت، ئێمەشیان دابەزاند، ئەو كات زانیم هێزی ئەمنی نین و چەكدارن״.
״ئەوانەی ڕفاندیانین جلوبەرگی سەربازییان پۆشیبوو، بە منەوە 7 كەسیان دەستبەسەر كرد، دەست و چاویان بەستین بردیانین بۆ ناو توونێلێكی بچووك، چوار كەسمان لەو شوێنە بووین، پۆلیسێكیشی تیادا بوو، كە زیاتر لە چوار مانگ بوو گیرابوو، بۆ ئەوە هێشتبوویانەوە كە دیل بە دیلی پێ بكەن لەگەڵ چەكدارێكی داعش״، هەڵۆ وای وت.
هاوسەرەكەی هەڵۆ نووری بە پەشۆکاوی و ترسەوە، دەگاتە ماڵی باوكی، ڕووداوەكە و ڕفاندنی هاوسەرەكەی دەگەیەنێت، بۆیە ئەوان و ماڵی باوكی هەڵۆ و كەسوكاریان دەكەونە سۆراغ و نزیكەی هەفتەیەك دەگەڕێن، هیچیان دەست ناكەوێت، تەنیا ئەوە نەبێت كە داعش لەو سنوورە خەڵكی دیكەشیان ڕفاندووە.
بە پێی ئەو ئامارەی دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 10 هاووڵاتیی كورد لە لایەن چەكدارانی داعشەوە لە سنووری قەرەتەپە و زنانە و جەبارە ڕفێنراون، لە بەرامبەر ئازادكردن داوای پارە دەكەن، بە جۆرێك لە 10 ڕۆژی سەرەتای ساڵی نوێ كەسێك لە سنووری زنانە ڕفێندراوە، هەروەها 30ی ١ی ئەمساڵ هەڵۆ و شەش كەسی تر ڕفێندراون، بە هەمان شێوە ڕۆژی 2ی 2، واتە چەند ڕۆژێك دوای ئەوە، ئەو چەكدارانە دوو برا لە سەر ڕێگەی كفری-زنانە دەڕفێنن بە ناوەكانی (قانع جەلال، هێمن جەلال.)
حاجی نووریی باوكی هەڵۆ و كەسوكارەكەی دەستیان لەسەر دڵ و چاوەڕوانی ئۆقرەی لێ بڕیبوون، ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئێوارەیەك لەناكاو زەنگی مۆبایلەكەم لێی دا، بەڵام هیچ ژمارە و ناوێكی لەسەر نەبوو، داوای 10 دەفتەر دۆلاریان كرد لە بەرامبەر ئازادكردنی هەڵۆ، هەرچۆنێك بێت زانیم كوڕەكەم ماوە״.
ئەو چەكدارانەی هەڵۆیان ڕفاندبوو، باسی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام و كارەكانیان و هەروەها نوێژ و ئیسلامیان بۆ كردوون.
هەڵۆ نووری دەڵێت: ״ئەوانەی لەوێ گیرا بوون، كورد بوون، بۆیە چەكدارەكان باسی داعشیان بۆ دەكردین و دەیان وت وەرنە ناو ڕیزەكانمانەوە، بانگیان دەدا و نوێژمان دەكرد، كورد و عەرەبی سوننەیان ئازار نەدەدا״.
لە كاتی دەستگیركردنی ئەو حەوت كەسەدا، چەكدارەكان داوای ناسنامەیان لێ كردوون و پرسیاری نەتەوە و ئایینیان لێ كردوون، بە وتەی هەڵۆ: ״ئەو كاتەی دەستگیریان كردین، دەستگیركراوێكیان جیا كردەوە و بە بەرچاومانەوە بە فیشەك كوشتیان، دواتر زانیمان كە عەرەبی شیعە بووە״.
״شوێنەكەمان زۆر خراپ و سارد بوو، لەو حەوت كەسەش، چەكدارەكان یەكێكی دیكەیان كوشت و تەرمەكەیان فڕێ دابوو، ڕۆژێك داوای ژمارەی تەلەفۆنی باوكمیان لێ كردم و منیش دام پێیان״، هەڵۆ وای وت.
هەڵۆ 21 ڕۆژ دەستبەسەر و چەند ڕۆژێك دەست و قاچی بەستراوەتەوە، بەڵام دوای هەفتەیەك بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە باوكییەوە كردووە و داوای پارەیان كردووە.
حاجی نووری بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״دوای ئەوەی بووكەكەم ئازاد كرابوو، گەڕایەوە چۆنێتیی ڕفاندنەكەی باس كرد، بۆیە هیچ شتێكمان بۆ نەدەكرا، پاش چەند ڕۆژێك تەلەفۆنیان كرد، سەرەتا عەرەبێك قسەی كرد و وتی كوڕەكەت لای ئێمەیە و سەلامەتە، منیش سوپاسی خوام كرد، پاش دوو تەلەفۆنی تر، كوردێك قسەی لەگەڵ كردم، تەنیا ئەوان پەیوەندییان دەكرد و ڕەقەمی ئەوان لەسەر مۆبایلەكەم بە (رقم خاص) دەنووسرا״.
״لە یەكێك لە پەیوەندییەكاندا داوای 10 دەفتەر دۆلاریان كرد و پاشان مامەڵەمان كرد و داوای 7 هەزاریان كرد، پاش چەند ڕۆژێكی دیكە تەلەفۆنیان كرد پێم وتن دەستكورتم و بۆم پەیدا نەكراوە.״ باوكی هەڵۆ وای وت.
حاجی نووری لە پێناوی ئازادكردنی كوڕەكەی دەكەوێتە كۆكردنەوەی ئەو بڕە پارەیە و هەرچی هەیە ئامادەی دەكات.
باوكی هەڵۆ وتی: ״تەلەفۆنیان كردەوە و داوای پارەكەیان كرد و ڕێككەوتین لەسەر 4 دەفتەر و نیو، سەیارەكەی هەڵۆش كە بردبوویان دانرا بە دەفتەر و نیوێك خەمڵاندیان، پارەكەم هەڵگرتوو بەڕێ كەوتم چوومە گەرمیان كەسێكی ناسراوم برد لەگەڵ خۆم، چونكە شارەزای ڕێگەكە نەبووم، مەوعید كاتژمێر 7ی ئێوارە لە دەشتاییەك بوو چاوەڕێم كرد 3 كەسی چەكدار هاتن״.
״پارەكەم تەسلیم كرد، ژماردیان و وتیان بڕۆن دووركەونەوە، ئێستا كوڕەكەت دێت بۆ لاتان، بۆیە نزیكەی كیلۆمەترێك ڕۆیشتین و ئەو كات لە چاڵاییەكەوە هەڵۆ دەركەوت، كە دوو چەكداری لەگەڵ بوو، ئازادیان كرد و گەڕاینەوە״، باوكی هەڵۆ وای وت.