شێوازی پەلاماردانەکانی دەگۆڕێت
ئاژانس – عیماد جەباری
داعش بۆ گورزوەشاندن لە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییانی باشوور و ڕۆژئاوای كەركوك گۆڕانكاری لە شێوازی پلانەكانی دەكات و «چالاكی جۆری» بۆ پەلاماردان پەیڕەو دەكات، كە پێشتر گروپی تیرۆریستی قاعیدە و دواتر ئەنسار ئیسلام لەو سنوورە بە كاریان دەهێنا.
لە مانگی ڕابردوودا چەكدارانی داعش لە ڕێگەی گواستنەوەی چالاكییەكانیان بۆ زیاتر لە سنوورێك توانیان زیانی گیانی زۆر بە هێزە سەربازییەكان بگەیەنن، بە پێی ئامارێكی نافەرمیش ژمارەی قوربانیانی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە لەو مانگەدا زیاتر لە 30 كوژراو و بریندار بووە.
ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە بە «ئاژانس»ی وت: «پێچەوانەی ماوەی ڕابردوو، چەكدارانی داعش پەلامارەكانیان چڕ كردووەتەوە و پلانی شەڕكردنی ڕووبەڕوویان گۆڕیوە و پەنایان بردووەتە بەر ئەنجامدانی پەلاماری جۆری.»
له دوو ههفتهی ڕابردووشدا، داعش هێرشی کردووهته سهر چهند گوندێکی نزیک داقوق ق جهلهولا و زیاتر له ده کهسی له دانیشتووانی ئهو ناوچانه ڕفاندووه که یهکێکیان ئاغایهکی کاکهییه، ئهمه سهرهڕانی نانهوهی بۆمبی چیندرا و لهو سنوورانهی شهوانه دهچێته ناویان.
وتیشی: «هێزە سەربازییەكان تەنها لە سەنتەری قەزاكە بوونیان هەیە، لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا بازگەی سەر ڕێگا سەرەكییەكانیش بەجێ دەهێڵن، ئەوەش وای كردووە چەكدارانی داعش بە شێوەیەكی ئاسان هاتوچۆ بكەن.»
لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەی ڕاگەیاند، دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگیش بەسەر ئەو وادەیەدا، هێشتا بەرپرسانی سنوورەكە نایشارنەوە كە هێزە سەربازییەكانی عێراق نەیانتوانیوە ئاسایش لە تەواوی ناوچەكەدا بەرقەرار بكەن.
چەند جارێك هێزە سەربازییەكان بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی عێراق ئۆپراسیۆنی فراوانیان لە سنووری حەویجە ئەنجام داوە و شوێنی خۆحەشاردان و چەكوتەقەمەنی و شوێنەواری مانەوەی ئەو چەكدارانەیان ئاشكرا كردووە و دواتر خاپووریان كردووە، بەڵام هیچ لەو ڕێوشوێنانە نەیانتوانیوە ڕێگر بن لە مانەوەی چەكدارەكان.
بەجێهێشتنی ناوچەی حەفتەغار لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی وای كرد بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بكەونە بەردەم مەترسیی چەكدارانی داعش كە بۆ بازاڕیكردن و دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكانیان دەهاتنە گوندە كوردییەكانەوە، تاوەكو لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بۆ ماوەی 30 خولەك سێ گوندی ناوچەكەیان داگیر كرد.
عەلی حوسێنی، وتەبێژی میحوەری باكووری حەشدی شەعبی بە «ئاژانس»ی وت: «هێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی چوونەتەوە ئەو ناوچەیە و كۆتاییان بە مەترسییەكانی داعش هێناوە بۆ سەر هاووڵاتییانی كورد.»
وتیشی: «میحوەری خورماتوو و داقوق بە ئارامترین ئەو ناوچانە دادەنرێن كە پێشتر بەردەوام ئامانجی پەلامارەكانی داعش بوون.»
بە پێی ئامارێكی یۆنامی لە بارەی ژمارەی قوربانیان لە عێراق، مانگی ڕابردوو لە كەركوك 20 كەس گیانیان لە دەست داوە و 16 كەسی دیكەیش بریندار بوونە، بەوەیش كەركوك لە ڕیزبەندی سێیەم پارێزگاكانی عێراقدا هاتوو لە ڕووی ژمارەی قوربانیانەوە لە دوای بەغداد و دیالە.
محەمەد ناسیح، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك بە «ئاژانس»ی ڕاگەیاند، هیچ ناوچەیەك لە سنووری كارگێڕیی كەركوكدا نییە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بێت، چونكە لە تەواوی ناحیەو ناوچەكاندا بنكە و مەخفەرەكانی پۆلیس كراونەتەوە و كاری ڕۆژانەی خۆشیان دەكەن.
وتیشی: «تاوەكو ئێستا لە هیچ ناوچەیەكی باشوور و ڕۆژئاوای كەركوك پەلاماری بنكە و پۆلیسەكانمان نەدراوە، جگە لەشەهیدبونی كارمەندێكی بنكەی پۆلیسی مولتەقا بەهۆی بۆمبێكی چێندراوەوە هیچ قوربانییەكی دیكەمان نییە.»
لە كۆتایی مانگی ئایار، داعش تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە كە تایبەت بوو بە پەلامارەكانی لە سنووری كەركوك كە مێژووی بەشێك لە پەلامارەكان بۆ سێ مانگ پێش ئێستا دەگەڕایەوە، هەر لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا دیمەنی كوشتنی دوو هاووڵاتیی كاكەیی لە لایەن دوو چەكداری داعشەوە خراوەتە ڕوو.
ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە «ئاژانس»ی وت: «جارێكی تر داعش ناتوانیت هەڕەشەی گەورە لەسەر كەركوك و هیچ سنوورێك درووست بكات چونكە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نییە و گۆڕینی شێوازی پەلامارەكانیشی دەگەڕێتەوە بۆ بێتوانایی گروپەكە.»
وتیشی: «قەبارەی هێزەكەی داعش لە كەركوك بەراورد بە ڕابردوو كەمترە و ئەوانیش ناوچە سەخت و دورەدەستەكانیان قۆستووەتەوە بۆ خۆحەشاردان. «