دیدەنیکاران: مۆنا سیمپسۆن، لویس بوزبی
و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
دیدەنیکار: سەرەتای ژیانت چۆن و لە چی دەچوو، هەروەها چی وای لێکردیت بتەوێ بنووسیت؟
ڕەیمۆند کارڤەر: لە شارۆچکەیەک لە ڕۆژهەڵاتی واشینگتن گەورە بووم، جێیەک پێیان دەگوت یاکیما. باوکم لەوێ لە کارگەیەکی داربڕین کاری دەکرد. باوکم مشارخڕکەر و هاوکار بوو بۆ ئاگەداربوون لەو مشارانەی بۆ داربڕین و ڕەندەکردنی قەدی دارەکان بەکار دەهاتن. دایکم شتێکی وەک کاتبی فرۆشی شتومەک بە تاک، یاخود ساقی و کارگوزار بوو، یان شتی دیکەشی دەکرد و لە ماڵەوە دەمایەوە، بەڵام حەوسەڵەی ماوەدرێژی لەسەر هیچ کارێک نەبوو. ئەو قسانەم لەیادە لەمەڕ ״حەوسەڵە״ی دایکم دەکران. لەژێر دۆڵابی دەسشۆری موبەقەکەدا، بوتڵیکی شەفافی ״دەوای حەوسەڵە و دەمار״ی شاردبۆوە، هەموو بەیانییەک دوو کەوچکی چێشتی لەمە دەخواردەوە. دەوای حەوسەڵە و دەماری باوکم ویسکی بوو. زۆربەی زۆری جارەکان باوکم بوتڵێکی لەژێر هەمان ئەو دەسشۆرییەدا دادەنا، یان لە جێیەکی دەرەوە لەژێر کەپرێکی باخچەکەدا. لەبیرمە جارێکیان بەدزییەوە بۆ هەوەڵینجار تامم کرد و ڕقم لێی بوویەوە، حەزم دەکرد بزانم چۆن خەڵکی ئەم شتەیان بۆ دەخورێتەوە. ماڵ؛ خانوویەکی دووقەرەوێڵەیی چکۆڵەی خەوتن بوو. کە من منداڵ بووم ئێمە زۆر و زوو زوو بارمان دەکرد، بەڵام هەمیشە هەر بۆ ماڵێکی دیکە، کە خانوویەکی دووقەرەوێڵەیی چکۆڵە بووە. یەکەمین خانوو، کە بیرم بێ تێیدا ژیابین، نێزیک بە شاری یاری بوو لە یاکیما، ئاودەسێکی لە دەرەوە هەبوو. ئەمە باسی کۆتایی ١٩٤٠ـەکان دەکەم. من ئیتر هەشت یا دەساڵان بووم. خووم بەوەوە گرتبوو لە وێستگەی پاسدا چاوەڕوانی هاتنەوەی باوکم بم لە کارەوە بەرەو ماڵ. عادەتەن باوکم وەک سەعات وابوو، ڕێک و سەرڕاست. بەڵام هەموو دوو هەفتە جارێک و ئەو شتانە، باوکم لەناو پاسەکەدا نەدەبوو. لەو ناوەدا بۆ خۆم دەچەقیم و چاوەڕێی پاسی داهاتووم دەکرد، بەڵام پێشتریش دەمزانی تەنانەت لەناو ئەو پاسەشدا نابێ. کە ئەمە ڕووی دەدا، مانای ئەوەبوو لەگەڵ هاوڕێیانی کارگە چوونەتە خواردنەوە و کەیفکردن. من هێشتا ئەو شعووری چارەڕەشی و نائومێدییەم لە یادە کە بەسەر مێزی نانخواردنی شێودا شۆڕ دەبوویەوە، وەختایەک کە دایکم و من و برا چکۆڵەم دادەنیشتین بۆ نانخواردن.
دیدەنیکار: کەی بۆ یەکەمین جار ئیشەکانت بڵاو کرانەوە؟
ڕەیمۆند کارڤەر: وەختایەک لە ״هەمبۆڵدت ستەیت״ لە ״ئەرکاتا، کالیفۆرنیا״ خوێندکاری زانکۆ بووم. ڕۆژێک، کورتەچیرۆکێکم لە گۆڤارێک و شیعرێکیشم لە گۆڤارێکی دی بڵاو کرانەوە. ئەی چ ڕۆژێکی خۆش بوو! دەشێ یەک لە خۆشترین ڕۆژەکان بووبێ تا ئێستا. ژنەکەم و من تەواوی شارمان بە ئۆتۆمبێل دەور کردەوە و نامەی قەبووڵکردنی کورتەچیرۆک و شیعرەکەمم پێشانی گشت دۆستانمان دا. هەندەک ڕەواییم کە زۆر پێویست بوو بۆ ژیانمان وەرگرت.
دیدەنیکار: هەوەڵین چیرۆک کامە بوو کە بڵاوت کردەوە؟ ئەی هەوەڵین شیعر؟
ڕەیمۆند کارڤەر: چیرۆکێک بوو بە ناوی “شوانکارەیی” و لەWestern Humanities Review بڵاو کرایەوە. گۆڤارێکی ئەدەبیی باش بوو و تا ئێستاش لەلایەن زانکۆی ئوتاوە بڵاو دەکرێتەوە. هیچ پارەیەکیان لە پاداشتی چیرۆکەکەمدا پێ نەدام، بەڵام ئەوە هەر مەسەلە نەبوو. شیعرەکەش ناوی “ئەڵقەی مسی سپی” بوو، ئەویش لەلایەن گۆڤارێکەوە لە ئەریزۆنا بڵاو کرایەوە، ئێستا ئیتر ئەو گۆڤارە نەماوە، ناوی Targets بوو. هەر لە هەمان ژمارەدا چارڵس بۆکۆڤسکی شیعرێکی بڵاو کرابوویەوە، ئێجگار خۆشحاڵ بووم بەوەی لە هەمان گۆڤاردا لەگەڵ ئەودام. بۆکۆڤسکی بۆ من چەشنە پاڵەوانێک بوو.
دیدەنیکار: ئەوە ڕاستە کە– یەک لە هاوڕێکانت ئەمەی پێم گوت- جەژنت گرتووە بەبۆنەی یەکەمین کاری بڵاوبووەوەت بەوەی گۆڤارەکەشت لەگەڵ خۆت بردووهتە نێو جێخەوەکەتەوە؟
ڕەیمۆند کارڤەر: بەشێکی ئەو شتە ڕاستە. ڕاستیت بوێ، کتێبێکی ساڵانە بوو، ״باشترین کورتەچیرۆکە ئەمەریکایییەکان،״ چیرۆکەکەی من ״بێ زەحمەت دەکرێ بێدەنگ بیت، تکایە؟״ لەو کۆلێکشنەدا دەرکەوتبوو. ئەوە کاتی خۆی بوو لە ئاخیری شەستەکاندا، وەختایەک هەموو ساڵێک لەلایەن ״مارتا فولەی״یەوە سەرپەرشتی و ئیدیت دەکرا و ئیتر خەڵکیش هەر زۆر بەئاسانی ڕاهاتبوون پێی بڵێن “کۆلێکشنەکەی فولەی.” چیرۆکەکە لە گۆڤارێکی چکۆڵەی ون و نادیاردا بە ناوی –December- کە لە شیکاگۆ دەردەچوو، بڵاو ببوویەوە. ئەو ڕۆژەی ئەنتۆلۆجییەکە-بژاردەی وێژەیی-ـم بە پۆستە بۆ هات لەگەڵ خۆمم بردە نێو جێخەوەکەوە تەنیا بە خاتری ئەوەی چاوێکی پێدا بخشێنم، بۆ خۆت دەزانیت، گرتم بەدەستمەوە، بەڵام زیاد لەوەی بۆ خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەم بێ تێر سەیرم کرد و گرتم بەدەستمەوە. خەوم لێ کەوت و بەیانی داهاتوو خەبەرم بوویەوە کتێبەکەش هەر لەو ناوە بوو لەلای خۆم لە جێخەوەکەدا لەپاڵ ژنەکەم.
دیدەنیکار: لە وتارێکتدا کە بۆ The New York Times Book Review نووسیوتە، ناوی چیرۆکێکت هێناوە “زۆر دوورودرێژ و جاڕسکەرە لێرە باسی لێوە بکەیت”- لەبارەی ئەوەوەیە کە، بۆچی تۆ بەسەر ڕۆماندا کورتەچیرۆک دەنووسیت. ئێستا دەتەوێ بچیتەوە ناو هەمان ئەو باس و چیرۆکە؟
ڕەیمۆند کارڤەر: چیرۆکەکە ئەوە بوو “زۆر دوورودرێژ و جاڕسکەرە باسی لێوە بکەیت” دەبوو باسی هەندێ شت بکەیت کە، خۆش نین قسەیان لەبارەوە بکەیت. لە کۆتاییدا من باسی هەندێک لەم شتام کردووە لە وتاری “ئاگرەکان” کە کاتی خۆی لە گۆڤاری Antaeus بڵاوبوویەوە. لەوێڕا گوتوومە، لە کۆتاییدا، نووسەر بەوەی دەینووسێت داوەریی دەکرێت، پێویستە هەر وایش بێ. ئەو بارودۆخانەی دەوروخولی نووسین دەدەن شتێکی دیکەن، شتانێکن لە دەرەوەی ئەدەب. هەرگیز تا ئێستا هیچکەس داوای لێ نەکردووم ببمە نووسەر. وەلێ زۆر دژوار بوو بەزیندوویی بمێنییەوە و پارەی حیساب بدەیت و خواردن بخەیتە سەر مێز و لە هەمان کاتیشدا بیر لەخۆم بکەمەوە وەک نووسەر و فێربم بنووسم. پاشی ساڵانێك لە ئیشی گەنوگوو و بەخێوکردنی منداڵ و کۆششی نووسین، درکم بەوەکرد پێویستم بەوە بووە هەندێ شت بنووسم، تەواوی بکەم و بەخێرایی جێبەجێ ببێ. هیچ ڕێیەکم نەبوو کە نووسینی ڕۆمانێک بگرمە ئەستۆی خۆم، دوو- یاخود سێ ساڵان مەتاتییانە درێژ بکەمەوە بۆ تاکە پرۆژەیەک. پێویستم بە نووسینی شتێک بوو کە بتوانم یەکسەر بڕێک پارەم لە بەرانبەریدا دەست بکەوێ، نەک ساڵێکی دیکە، یاخود لە ئێستاوە تا سێ ساڵی دیکە. لەبەر ئەمانە؛ شیعر و چیرۆکم دەست دایە. لە هەوەڵدا بینم ژیانم ئەوە نییە- بابڵێم ئەوە نەبوو کە دەمویست ببێ. هەمیشە فارگۆن پڕ بوو لە تووڕەیی و نائومێدی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ- ویستی نووسین و نەتوانینی دۆزینەوەی زەمان و مەکان بۆ نووسینەکە. خووم بەوەوە گرتبوو بچمە دەرەوە و لەنێو سەیارەکەدا دابنیشم و هەوڵی نووسینی هەندێ شت لەسەر سەفتەکاخەزەکەی سەر ئەژنۆم بدەم. ئەمە وەختایەک بوو کە منداڵەکان لە سەروەختی مێردمنداڵی و جەوانیی خۆیاندا بوون. منیش لە ئاخیروئۆخری بیستەکان یاخود سەرەتای سییەکاندا بووم. ئەوکات هێشتا لە فەترەی لاتی و هەژاریدا بووین، ئێمە موفلیس و داماوییەکمان لە پشتەوەی خۆمان بەجێهێشتبوو، هەروەتر ساڵانێکی پڕ زەحمەتی کاری قورس و نەبوونی هیچ شتێک بۆ خۆپێوەبادان جگە لە کۆنەسەیارەیەک، خانوویەکی کرێ، هەندەک داوای قەرزی نوێ لە باخەڵەکانی پشتەقوونمان. ئەوە شتێکی خەمێهێن بوو و هەستم بە خاپووری و تێشکانێکی ڕۆحی دەکرد. ئەلکهول بووە گرفت، زیاتر و کەمتر دەستم هەڵگرت، خواردنەوە بووە شتێکی جیددی و بەردەوام. ئەوە بەشێکی ئەو شتەیە کە باسم لێوە کرد کاتێ باسی هەندێ شت دەکەم “زۆر دوورودرێژ و جاڕسکەرە باسی لێوە بکەیت.”
دیدەنیکار: دەکرێ کەمێکی دیکە لەمەڕ خواردنەوەوە قسە بکەیت؟ زۆرێک لە نووسەران، هەرچەندە ئەلکهولیک-ئالوودەبووی خواردنەوە نین، زۆر دەخۆنەوە.
ڕەیمۆند کارڤەر: لەوانەیە بەگشتی لە هەر کام لە دەستە و تاقمە پرۆفێشناڵەکانی دی زیاتر نەبێ. تووشی سەرسووڕمان دەبیت. بێگومان ئەفسانەیەک هەیە لەبارەی خواردنەوەوە، بەڵام من قەت پەرۆشی ئەو ئەفسانەیه نەبوومە. بەڵکوو پەرۆشی خواردنەوەکە خۆی بوومە. پێم وایە بەخەستی سەرم کردە خواردنەوە پاش ئەوەی بۆم دەرکەوت کە، ئەو شتانەی لە ژیاندا من زۆر زۆرم ویستوون بۆ ژیانی خۆم و نووسینم، بۆ ژنەکەم و منداڵەکان، بەئاسانیی بۆم نەچوونەتە سەر و مەیسەر نەبوون. شتێکی غەریبە. تۆ هەرگیز یەکەمین هەنگاوت هەڵنەگرتووە لە ژیاندا بە نیازی ئەوەی ببیتە لاتوپوتێک یاخود ئالوودەبوویەکی شەراب یاخود دزێک، یانیش درۆزنێک.
دیدەنیکار: ئەی تۆ خۆت هەموو ئەو شتانە بوویت؟
ڕەیمۆند کارڤەر: بووم. چیدی نیم. ئۆهـ، لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی دیکە نەختێ درۆم دەکرد، چون هەموو کەسێکی دی.
دیدەنیکار: چەندێک تێپەڕیوە لەو کاتەوەی وازت لە خواردنەوە هێناوە؟
ڕەیمۆند کارڤەر: دووی مانگی جوونی ١٩٧٧. ئەگەر ڕاستیت دەوێ، من شانازیی بەوەوە دەکەم، کە وازم لە خواردنەوە هێناوە، زیاد لە هەر شتێکی دیکە لە ژیانمدا. من ڕزگاربوویەکی ئەلکهولیکم. من هەمیشە ئەلکهولیک دەبم، بەڵام هیچی تر من ئەلکهولیک نیم.
دیدەنیکار: خواردنەوە چ خەراپە و زیانێکی هەبوو؟
ڕەیمۆند کارڤەر: شتێکی هەر زۆر بەئێش و ئازارە بیرکردنەوە لە هەندەک لەو شتانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە ئیتر. من وێرانەخاکێکم لە هەموو ئەو شتانە خولقاند کە دەستم لێیانەوە دابێ. وەلێ دەشێ ئەوەیش بڵێم لە ئاخیری خواردنەوەکەدا هەرچۆنێک بێ هیچی وای لێ نەڕوا. بەڵام شتە تایبەتەکان؟ با ڕێکوڕاست بڵێین، لە بۆنەدا، پۆلیس وابەستە دەبوو و ژوورە فریاکاری و ژوورەکانی دادگایش دەهاتنە نێو مەوزووعەکەوە و بەشدار دەبوون.
دیدەنیکار: چۆن وازت هێنا؟ چی وای لێ کردیت بتوانی واز بهێنیت؟
ڕەیمۆند کارڤەر: ئاخرین ساڵی خواردنەوەم ١٩٧٧، من دووجار لە سەنتەرێکی چاکبوونەوە بووم، هەروەها نەخۆشخانەیەکیش؛ چەند ڕۆژێکی کەمم لە جێیەک بەسەر برد پێیان دەگوت ״دی¬ویت״ نزیک لە ״سان جۆسێ، کالیفۆڕنیا.״ دی¬ویت پێشتر بەکارهاتبوو، تەواو ڕێکوپێکانە، وەک نەخۆشخانەیەک بۆ شێتیی گوناهبارێتی. لە دوادوایی مەسەلەی خواردنەوەکەمدا بەتەواوی مانا لە جڵەو دەرچووبووم و ئیتر تەواو لە مەقامێکی ئێجگار حاسمدا بووم. بەرچاوڕەشبوون یاخود تاریکییەکان، تەواوی مامەڵە و ئیشەکە- ئاماژەیان بەوەدەدا کە تۆ چیدی هیچت نایەتەوە یاد لەوەی دەیڵێیت یاخود دەیکەیت لە ماوەی کاتێکی دیاریکراو و تایبەتدا. دەکرا سەیارە بئاژوویت، شتێ بخوێنیتەوە، دەرس بە پۆلێک بڵێیتەوە، ڕووبدا لاقێکت بشکێنرێ. لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بچیتە نێو جێخەوەوە و دەستبازیی بکەیت، بەڵام دوایی هیج یادەوەرییەکت لەسەر ئەمانە نەبێ. تۆ بەجۆرێک لە جۆرەکان شتێکی وەک فڕۆکەوانێکی ئۆتۆماتیک-خۆکاریت. من وێنەیەکی خۆمم لە پێشچاوە دانیشتووم لە ژووری میوانەکەم بە گڵاسێک ویسکییەوە لە دەستمدا و سەرم بە باندج بەستراوە لە کەوتنێکدا بەهۆی سەکتەیەکی کتوپڕی ئەلکهولەوە. شێتۆکەی پەڕپووت! دوو حەفتە دواتر گەڕێنرامەوە بۆ سەنتەری چاکبوونەوە، ئەم کەڕهتەیان لە جێیەک پێیان دەگوت دەفیس (سەنتەری دەواپێدان و چارەسەریی ئەلکهولیکە- و. ک.) لە ״کالیستۆگا، کالیفۆڕنیا،״ لە سەری سەرەوەی وڵاتانی شەرابنۆشاندایە. لە دوو کاتی جیاوازدا من لە دەفیس بووم؛ لە شوێنێک پێی دەگوترا دی¬ویت، لە سان جۆسێ، هەروەتر لە نەخۆشخانەیەک لە سان فرانسیسکۆ- هەموو ئەوانە لە ماوەی دوازدە مانگدا بوو. وای بۆ دەچم ئەوە هەر زۆر خەراپ بوو. بەهۆیەوە وەخت بوو دەمردم، ڕوون و ڕەوان، پێموابێ منیش زۆری پێوەنانێم و هیچیشی ناخەمە سەر.
دیدەنیکار: چ شتێ تۆی گەیاندە ئەو خاڵەی کە دەتتوانی لەبەر باشحاڵی واز لە خواردنەوە بهێنیت؟
ڕەیمۆند کارڤەر: کۆتاییی مانگی مەیی ١٩٧٧ بوو. بەخۆم لە ماڵێک لە شارۆچکەیەکی بەشی باکووری کالیفۆڕنیا دەژیام و فەترەی سێ حەفتە من مەیم نەخواردبوویەوە. لێمخوڕی بەرەو سان فرانسیسکۆ، لەوێ کۆڕوکۆبوونەوەی ئەم بڵاوکەرەوانەیان هەبوو. فرێد هیڵس، لەو دەمەدا سەرنووسەر بوو لە ماک-گراو هیڵ، ویستی داوەتم بکا بۆ نانی نیوەڕۆ و هەندەک پارە بخاتە بەردەستم تا ڕۆمانێک بنووسم. بەڵام دوو شەو بەر لە نانی نیوەڕۆیەکە، یەک لە دۆستانم ئاهەنگێکی هەبوو. لە دەوروبەری نیوەڕۆدا، گڵاسێک شەرابم دەست دایە و نۆشیم، ئەوە ئیتر ئاخیر شتە بەبیرم بێ. ساتەوەختی بەرچاو ڕەشبوون. بەیانی ڕۆژی داهاتوو وەختایەک دوکان و کۆگەکان کرانەوە، من چاوەڕوانم دەکرد تا بوتڵێک بکڕم. شێوی ئەو ئێوارەیە کارەسات بوو؛ زۆر موخیف بوو، خەڵکی دەمەدەمەیان دەکرد و لەسەر مێزەکە دیار نەدەمان. هەروەها بەیانیی ڕۆژی دوایی دەبوو لە خەو هەڵسم و بڕۆم بۆ نانی ئەم نیوەڕۆیەی باسی دەکەم لەگەڵ فرێد هیڵس. سەرم زۆر سووڕی دەخوارد کاتێ هەڵسام بە زەحمەت توانیم دەست بدەمە سەرم و بەرزی بکەمەوە. بەڵام ئاخر نیو لیترم لە ڤۆدکا خواردبوویەوە بەر لەوەی بگەمە لای هیڵس و هەڵیگرم و ئەویش کۆمەکی ڕۆشتنم بکا. ئیتر داوای کرد و دەیویست بۆخۆی سەیارەکە لێبخوڕێ بەرەو سان فرانسیسکۆ بۆ نانی نیوەڕۆ. ئەوەبوو لانیکەم یەک سەعاتمان پێ چوو بەهۆی چڕوپڕی و قەرەباڵغیی ترافیکەوە، منیش هەم سەرخۆش و هەم سەرگێژ بووم، حاڵی دەبیت. بەڵام لەبەر چەند هۆیەک لە سەری ڕۆیشت و ئەم بڕە پارەیەی خستە بەردەستم لە بۆ نووسینی ڕۆمانێک.