تێکۆشەر خالید
سڵاو دایکە…
دایکە سەر هەڵبڕە، دایکە، منم ڕامین
ئەستێرەکەت کوژایەوە…
مانگت لێ ئاوا بوو، دایکە
دایکە، ئینجانەکانت ئاو بدە
بە یادی من…
بە یادی وێنەیەکی چرکێندراو
بە یادی نیوەڕۆیەکی بریندار
بە یادی تێکشکاندنی مرۆڤبوون و
بە یادی برین و خێرلەخۆنەدیویت
دایکە سەر هەڵبڕە
لەوە بەسوێتر چییە؛ چاو دەگێڕیت و
من نابینیت…
دایکە دڵم پڕە لێت
بۆ نامبینیت…
من ئەستێرە کوژاوەکەی تۆم
من مانگی لە تۆ ئاوا بووم
بەڵام من نەمردووم، دایکە
مەگەر من چۆن بەبێ تۆ بۆ هیچ کوێ دەڕۆم
ناڕۆم و
لێرە
لەپشتت دەمێنمەوە
چایەکی گەرم و
ماچێکی ناوچەوانت و
باوەشێکی گەرمت…
ئاه…
دایکە سەرمامە
خوێن و دەمارەکانم سارد بوونەتەوە
دایکە
باوەشێکم بکە…
با هەستمەوە سەرپێ…
دایکە سەر هەڵبڕە، دایکە، منم ڕامین
دڵم نایە ڕاتبوەشێنم
بەڵام
توخوا
وەڵامی سڵاوەکەم بدەرەوە
دایکە.