لایه‌نه‌كانی هەرێمی كوردستان پێشوازییان لێ كرد به‌ڵام وه‌ڵامیان نەدایەوە
ئاژانس – نه‌وزاد چارلس
لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى هاوسه‌رۆكى هه‌ده‌په‌یان پشتگوێ خست بۆ چاره‌سه‌رى كێشه سیاسییه‌كانی نێوانیان، به‌شێكیان نازانن هۆكارى ئه‌و پشتگوێخستنه چی بووه به‌ڵام نوێنه‌رى هه‌ده‌په له هه‌رێم ده‌ڵێت: ״به هۆى فشارى توركیاوه بووه له‌سه‌ر پارتى״.
چوار مانگ پێش ئێستا سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى گه‌لان (هه‌ده‌په)، له‌گه‌ڵ وه‌فدێك كه له 14 ئه‌ندام په‌رله‌مانى حزبه‌كه‌ى پێك هاتبوون سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كرد و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیان دایه لایه‌نه سیاسییەكان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه سیاسییه‌كان.
لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ى ده‌میرتاشیان به گونجاو زانى به‌ڵام له‌و كاته‌وه كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه.
به ده‌ستگیركردنى ده‌میرتاش له چه‌ند مانگى ڕابردوودا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیاوه دهنگوسهنگى پڕۆژەكهشی له هه‌رێمى كوردستان دامركایه‌وه.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى هه‌ده‌په بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم بوو كه به چه‌ند خاڵێك خستبوویه به‌رده‌ستیان كه به‌شێكیان په‌یوه‌ندیى به یهكگوتاریى كورده‌وه هه‌بوو له هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان.
شیلان ئه‌مین ئۆغڵوو، نوێنه‌رى هه‌ده‌په له هه‌رێمى كوردستان به״ئاژانس״ی وت: ״ئه‌و پڕۆژه‌یه بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان بوو تاوه‌كو پێكه‌وه كار بكه‌ین و ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییانه ببینه‌وه كه له‌سه‌ر گه‌لى كورد هه‌ن״ و وتیشی: ״یه‌كه‌م حزب كه شاندى هه‌ده‌په سه‌ردانیان كرد پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بوو، پارتى ئه‌وكات وتى ئێمه به ته‌واوى له‌گه‌ڵ پڕۆژهكهین و هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنى ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌وه چوار مانگ تێپه‌ڕ بوو كه‌چى نه مه‌سعود بارزانى و نه پارتى هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌بوو.״
نوێنه‌رى هه‌ده‌په له هه‌رێمى كوردستان پێی وایه بێدهنگیكردن له‌و پڕۆژه‌كه‌یان به گوشارى توركیا بووه له‌سه‌ر پارتى تاوه‌كو كارى له‌سه‌ر نه‌كرێت.
شیلان ئه‌مین ئۆغڵوو ده‌ڵێت: ״هه‌موو حزبه‌كانى تریش كه له‌گه‌ڵیان كۆ بووینه‌وه وتیان له‌گه‌ڵ پڕۆژهكهداین و ده‌یانوت دره‌نگیشه بۆ ئه‌و كاره، ده‌بوایه زووتر بوایه، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا ئه‌وانیش هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌بووه.״
وتیشى: ״سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش جارێكى تر له زیندانیش هه‌مان داواى كرده‌وه له لایه‌نه كوردییه‌كان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كه‌س به ده‌مییه‌وه نه‌چووه، ئه‌و به په‌كخستنى په‌رله‌مانى كوردستان دڵته‌نگ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ده‌یوت له هه‌موو كوردستان یه‌ك په‌رله‌مانمان هه‌یه و ده‌بوایه ئێستا كارا بوایه و ڕۆڵى كاریگه‌رى بگێڕێت له یه‌كخستنه‌وه‌ى هه‌موو كورد له هه‌ر چوارپارچەکەدا.״
جگه له پارتى وهفدى هه‌ده‌په سه‌ردانى زۆربه‌ى لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانى كرد به‌تایبه‌ت یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامى.
خه‌لیل ئیبراهیم، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كگرتووى ئیسلامى، به״ئاژانس״ى وت: ״پڕۆژه‌كه‌ى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش پڕۆژه‌یه‌كى باش بوو به‌ڵام كه‌موكورتیى تێدا بوو، كه‌موكورتیى پڕۆژه‌كه ئه‌وه بوو ئه‌فكار بوون، به‌ڵام هیچ میكانیزمێك دانه‌نرابوو تاوه‌كو دواى ئه‌وه كارى له‌سه‌ر بكرێت، ده‌بوایه دواى ئه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرایه و لیژنه بۆ ئه‌وه پێك بهاتایه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئهفكارهكان شوێنى خۆیان بگرتایه.״
سه‌باره‌ت به بوونى فشارى ده‌ره‌كى بۆ جێبهجێنهبوونى پڕۆژه‌كه، خه‌لیل ئیبراهیم وتى: ״ڕێخۆشكهرى نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه شوێنى خۆى بگرێت، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كمان نییه كه كێ فشارى كردووه.״
هاوكات ڕێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״ئێمه وه‌كو كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌و كاته‌دا پێشوازیمان له پڕۆژه‌كه‌ى به‌ڕێز ده‌میرتاش كرد و ئه‌وكاته ته‌واوى پاڵپشتیى خۆمان بۆ ئه‌وان نیشان دا، به‌ڵام نازانین هۆكار چییه كه تاوه‌كو ئێستا سه‌رى نه‌گرتووه، ده‌بێت ئه‌وان خۆیان به‌دواداچوونیان هه‌بوایه بۆ ئه‌و بابه‌ته.״
سه‌باره‌ت به بهدهمهوهنهچوونى لایه‌نه‌كانیش بۆ پڕۆژه‌كه وته‌بێژى كۆمه‌ڵى ئیسلامى وتى: ״ئێمه‌ش نازانین كه بۆچى كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌ده‌ر نه‌كه‌وتن، نازانین كه هیچ وڵات و لایه‌ن هه‌بووه هۆكار بووبێت تاوه‌كو پڕۆژه‌كه جێبه‌جێ بكرێت یان نا.״
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان كه جه‌مسه‌رێكى سه‌ره‌كیی كێشه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌وكات پێشوازییان له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كرد به‌ڵام ئێستا ئه‌وانیش بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه.
״ئاژانس״ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌یوه‌ندیى به ئه‌حمه‌د كانى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه نیشتیمانییه‌كانى پارتییه‌وه کرد به‌ڵام ناوبراو ئاماده نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تە لێدوان بدات.