پەرلەمانتاران گومانیان لە زۆریی ژمارەكەى هەیە
ئاژانس – سەرچێن ساڵح
تۆمارکردنی مووچەخۆران بە سیستمی بایۆمەتری و ژمارەیان دوای جێبەجێکردنی سیستمەکە قەناعەتی بە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە و ئێستا پەرلەمان لە بەدواداچووندایە بۆ ڕێژەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم و پەرلەمانتارانیش گومانیان لەو ژمارەیە هەیە کە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە.
حكومەتی هەرێم لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی كرد بە تۆماركردنی مووچەخۆرانی لە سیستمی بایۆمەتریدا بە ئامانجی نەهێشتنی فرەمووچەیی و مووچەخۆری بندایوار و چاكسازیكردن لە لیستی مووچەخۆراندا، بەڵام دوای زیاتر لە چوار مانگ بەسەر كۆتاییهێنان بە تۆماركردنی فەرمانبەراندا لە سیستمی بایۆمەتریدا، هێشتا لیستی مووچەخۆران پاك نەكراوەتەوە و پەرلەمانتارانیش گومانیان لەو ژمارەیە هەیە کە حکومەت بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی ئاشکرا کردووە.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ژمارەی پێویست واژۆ كۆ كراوەتەوە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك بۆ پاكسازی لە لیستی فەرمانبەراندا.״
وتیشی: ״بەڵگەمان هەیە لەسەر خانەنشینی نایاسایی و دوومووچەیی، بایۆمەتری چارەسەری ئەو گرفتانەی نەكردووە تەنها تۆماری كردوون.״
بە پێی دوایین ئاماری سیستمی بایۆمەتری، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 كەسە، لەو ژمارەیە 244 هەزار و 656 كەسیان خانەنشینن و 96 هەزار و 53 وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان و 159 هەزار كەسیان فەرمانبەر و پۆلیسن، هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە 266 هەزار و 465 كەسن، بە پێی ئامارەكە حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە 897 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
خەڵەف ئەحمەد ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، دەستمان كردووە بە بەدواداچوونی لیستی موچەخۆران و پاککردنەوەی لیستی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم.
وتیشی: ״پەرلەمان لەگەڵ سیستمی بایۆمەتریدا هەوڵی تەواو دەدات بۆ یەکلاییکردنەوەی لیستی مووچە و فەرمانبەرانی هەرێم.״
ژمارەی فەرمانبەران لە نێوان هەرێم و بەغدادا بووەتە کێشە، بەغدا پێی وایە هەرێم ئەو هەموو فەرمانبەرەی نییە و زیاد لە جارێک ڕایگەیاندووە مووچەی تەنها ٦٥٠ هەزار فەرمانبەر دەنێرێت و هەرێمیش دەڵێت ئەوە تەنها نیوەی مووچەخۆرانی هەرێمە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی سیستمی تۆماری بایۆمەتری بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە سیستمی بایۆمەتریدا ژمارەیەک مووچەخۆری دوومووچەیی سێمووچەیی هەن کە یاسایین و کەسوکاری شەهید و کەمئەندامی سەنگەرن و بە پێی یاسا دەتوانن دوو مووچە وەربگرن.״
بە پێی یاسای خزمەت لە عێراقدا، هەر کەسێک بوو بە مووچەخۆری حکومی ناتوادرێت مووچەکەی ببڕدرێت.
ڕاشیگەیاند: ״پاككردنەوەی لیستی خانەنشینان پەیوەندیی بە سیستمی بایۆمەترییەوە نییە و وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسە لەو مەلەفە.״