گۆڕان شەش مانگی تری بۆ پارتی تازە کردووەتەوە
ئاژانس – سەلام ھانەدنی
ساڵێک بەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا تێدەپەڕێت، بەڵام ڕێککەوتنە ٢٤ خاڵییەکەی گۆڕان و پارتی تەنها خاڵێکی جێبەجێ کراوە و بە پێی زانیاریەکانی “ئاژانس”یش، گۆڕان شەش مانگی تری بۆ پارتی نوێ کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی.
ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی، جگە لە کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم، هیچ کام لە خاڵەکانی تری جێبەجێ نەکراوە کە پەیوەندیی بە نەمانی پاشەکەوتی مووچە، شەفافییەت لە نەوت و داهاتی ناوخۆ، ئەنجامدانی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی ئەنجومەنی چاکسازی و دەستەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند و چەند خاڵیکی تریشەوە هەبوو.
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ “ئاژانس” وتی: “ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی ڕاستە کاتێکی دیاریکراوی بۆ دانرابوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پاکێجەی نێوانیان، بەڵام تاکو ئێستا ئەوەی ھەیە کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمە و کەوتووەتە سەر سکە، بەڵام لەو کاتەی دیاریکرابوو نەتوانراوە تەواوی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.”
وتیشی: “ھۆکاری جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە تاکو ئێستا بەشێکی پەیوەندیی بە ناوخۆی پارتییەوە ھەبووە، بەشێکی پەیوەندیی بەو پۆستانەوە ھەیە لای یەکێتیین و تاکو ئێستا تەسلیم نەکراون.”
ڕێککەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، بڕیار بوو لە ماوەی شەشە مانگدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەو ماوەیەدا ماددەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجی نەکراون، دواتر گۆڕان بڕیاری دا ساڵیک چاوەڕێی حکومەت بکات بۆ جێبەجێکردنی، ئێستا ساڵەکە تێپەڕیوە و بە پێی زانیارییەکانی بەردەست “ئاژانس”یش، گۆڕان لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی شەش مانگی تریان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ پارتی نوێ کردووەتەوە.
ئەرشەد حسێن، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ “ئاژانس” وتی: “ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنە بە ھۆی بارودۆخی ھەرێمی کوردستانەوە کەمێک درێژەی کێشاوە، بەڵام لە بواری چاکسازیدا ھەنگاوی باشی بڕیوە کە بەشێکی زۆری لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا جێگەی کراوەتەوە، دەبێت جێبەجێ بکرێت.”
وتیشی: “ئێستا گۆڕان و پارتی لە ھەموو کات زیاتر لە یەک نزیکن، ھەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان دەدەن، بەڵام بڕینی مووچە لە لایەن بەغدا و کەمیی نرخی نەوت و بارودۆخی تەندروستی وای کردووە کارەکان بە شێوەیەکی خێرا ئەنجام نەدرێت.”