ئارام وەڵەدبەگی*
خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق لە کاتێکدا پێ دەنێتە هەفتەی سێیەمەوە کە هێشتا هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەم پرسیارەی دەست نەکەوتووە کە داخۆ ئاگری ڕاپەڕینی جەماوەریی تووڕە لە قازانجی کوردە یان بە زەرەری دەشکێتەوە؟ هەربۆیە دەبینین سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە دڕدۆنگی و دوودڵییە خۆی لە هیچ بەرەیەکدا ساغ نەکردووەتەوە و وەکو تەماشاکارێک لە دوورەوە چاو لە یارییە خوێناوییەکەی بەغدا دەکات. تەنانەت ڕەنگە بشتوانین ئەو گریمانەیە بخەینە ڕوو ئەوان چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاون بۆ ئەوەی بۆچوون و سیاسەتی ڕوونی خۆیان بخەنە ڕوو. بەڵام ئەم گریمانەیە بۆ سیاسییە بڕیاربەدەستەکان بەجێ دەهێڵین و لێرەدا بە دوای وەڵامی پرسیاری سەرەتا و مانشێتی وتارەکەماندا دەگەڕێین.
لە وڵاتانی فرەنەتەوە کە کێشەی شووناسی نەتەوەیی چارەسەر نەکراوە و هێشتا بابەتی دەوڵەت-نیشتیمانسازی (Nation-State Building) لە قۆناغەکانی سەرەتایی خۆیدایە و نەتەوەیەک یان ئایینێک بە زەبری ئاگر و ئاسن خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا سەپاندووە بە هیچ جۆرێک ناتوانین باس لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی هاوبەش بکەین. بە دیوێکی تردا ڕەنگە ئەو شتەی لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی ناوەندی و نەتەوەی سەردەستدا بێ هیچ کات لە قازانجی نەتەوەی بندەستدا نەبێت. ئەم چوارچێوە پێچەوانەکەشی ڕاستە.
ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە هاوکێشەیەکی پێچەوانەی درووست کردووە، هەرکات ناوەند بەرەو لاوازی بڕوا پرسی نەتەوە بندەستەکان زۆرتر دەورووژێندرێ و دەرفەتی زۆرتریان بۆ هەڵدەکەوێ. چاو لێ بکەن کوردی باشوور و عێراق هیچ کات بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی هاوبەش کۆی نەکردوونەتەوە بگرە هەرکات بەغدا لاواز بووە کورد هەناسەیەکی هەڵمژیوە و قۆناغێک پرسەکەی بردووەتە پێشەوە. بەغدای بەهێزیش بە واتای کۆتاییهاتنی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد هاتووە.
ئەم میناکە (Model or Pattern) و ڕاستییە مێژووییەکانی وای کردووە کورد بەرژەوەندیی لە شپرزی و لێکترازان و ئەنارشیبوونی (Anarchy) بەغدادا بێ. هەربۆیە دەتوانین بڵێین بەڵێ بۆ خۆپێشاندان و پەرتەوازەبوونی عێراق، لەبەر ئەوەی ئەم چرکەساتە لەگەڵ خۆیدا دەرفەتی زێڕین دەهێنێت.
ڕەنگە تاکوو ئێستا من کەوتبوومە بەرەی ئەوانەی خۆشحاڵن بە تێکچوونی باری بەغداوە و وەڵامی پرسیارەکەی سەرەتام دابێتەوە و ڕامگەیاندبێ ئەم قۆناغە واتا دەستکەوت و دەرفەت… بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، چونکە من هەموو چیرۆکەکەم نەگێڕاوەتەوە و بەشە مەترسیدارەکەم لە دووتووێی نانێکی گەرمدا بۆ خوارەوەی وتارەکە بەجێهێشتووە.
ڕاستە کورد و بەغدا بەرژوەندییان جیاوازە و وەکوو ڕوانگەیەکی کلاسیکی لاوازبوونی ناوەند بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام بەغدای ئێستا بەغدای جاران نییە. بۆ وێنە بەغدای سەردەمی سەددام حسێن لە کاتی قەیرانەکاندا توانای چارەسەرکردنی کێشەی (Problem) لە دەست دەدا. بە واتایەکیتر بەغدا وەکوو مەکینەیەک بوو کە کاتێ قەیران، بەرۆکی دەگرت ئیفلیج دەبوو و یەکەی هەڵسەنگاندنی ناوەندییەکەی (CPU) توانای خۆی لە دەست دەدا. لە کاتێکدا ئێستا بەغدا بە دەست لایەنێکەوەیە ڕێک بە پێچەوانەی سەردەمی پێشووەوە و لە سەرووبەندی قەیرانەکاندا زۆر بە باشی دەجوڵێتەوە. کۆمەڵێک سەرکردە بەغدا بەڕێوە دەبەن کە مامۆستای بەلاڕێدابردنی ڕەوتی ڕووداوەکانن و ئەوان پسپۆڕی گۆڕانکاری لە تەنگەژەکانن و زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە دڵی قەیران و کێشەکاندا دەرفەتی زێڕێن درووست بکەن.
چاو لێ بکەن لە کاتێکدا داعش گەیشتە دەروازەکانی بەغدا هەموو کەس چاوەڕێی کەوتنی «نوری مالیکی» بوون، بەڵام پاش ٤ ساڵ حوکمی ناوەند بە بەهێزی کورد و سوننەی پەراوێز خست. ئێستا لەم ڕۆژانەشدا دەتوانن هەست بەم گۆڕانکارییە بکەین.
هەوڵێک لە ئارادایە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان بگۆڕدرێ و سیاسی و حزبە لێزانەکان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی گەل ببن و ناونیشانی ڕاپەڕینی جەماوەر بۆ پرسی تۆکمەترکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەموو عێراقدا بگۆڕن.
بۆ وێنە دەبینین لە گەرمەی ڕاپەڕینی گەل لە کاتێکدا ئەوان باسی نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی سەرەتایی دەکەن، پەرلەمان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەردەکات و بەم کارەیەوە زۆر بە زیرەکییەوە گورزێکی ستراتیژیک لە کورد و پرسی کەرکوک دەدات.
پێم وابێ ئەم خۆپیشاندانە و بەم بەغدای ئێستاوە دەتوانێ بۆ کورد وەکوو شمشێری دوودەم یان وەکوو ئەوەی لە وێژەی سیاسیدا باس دەکرێ وەکوو شمشێری دامۆکلیسی (Damocles) لێ بێ و گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داهاتوو و مانەوەی درووست بکات.
ئەو شتەی ڕەنگە تا ڕادەیەک بتوانێ هەڕەشە لە کورد دوور بکاتەوە و بژاردەی یەکەمی ئەم نووسینە واتا دەرفەت مسۆگەر بکات پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە جۆری یاریی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. هەرێمی کوردستان ناتوانێ بە کەمتەرخەمییەوە لە ڕووداوەکانی بەغدا بڕوانێ و بە هەمان ڕوانگەی کلاسییکییەوە بڵێ بەغدای ئانارشی، هەولێری بەهێزتری لێ دەکەویتەوە. مەرج نییە هەموو جارێ مێژوو دووبارە ببێتەوە. هەربۆیە دەبێ کورد لە بارەی ئەم بابەتەوە سەرەتا بۆچوون و ستراتیژی خۆی ڕێک بخات و کۆدەنگییەک لە نێوان حکومەت و دەستەبژێری حزبیدا درووست بکات. پاشان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بە دوای هاوپەیمانی متمانەپێکراو و بەهێز بێ کە ئەوانیش لەم پرسەدا وەکوو کورد بیر بکەنەوە. دەکرێ لێرەشدا کورد لەو وڵاتانەش نزیک ببێتەوە کە خوازیاری عێراقێکی ناناوەندین. پاش ئەمە ئەرکی هەرێمی کوردستان خۆی لە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی لایەنی بەرامبەر بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی فیدڕاڵی دەبینێتەوە. ئەگەر هەولێر ئەم کارە نەکات بە دڵنیاییەوە شۆفێرەکانی شەمەندەفەرەکەی بەغدا لە وێستگەی دەوڵەتی ناوەندی بەهێزتر، کورد دادەبەزێنن.
*خوێندکاری دکتۆرای پەیوەندیی نێودەوڵەتی