پێشمه‌رگه پاره بۆ پێویستییه‌کانی کۆ دەکاتەوە
ئاژانس
ماوه‌ی دوو ساڵه نه‌سریه‌ی میحوه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه که بڕه‌که‌ی له نێوان 50 بۆ 70 ملیۆن دینار بووه نادرێت و بڕدراوه، به وته‌ی به‌رپرسی میحوه‌ره‌کان بڕینی نهسریهکهیان کاریگه‌ریی خراپی درووست کردووه و زۆر جاریش پێشمه‌رگه پاره کۆ ده‌کاته‌وه بۆ کڕینی پێداویستییه‌کانیان.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە درێژایی زیاتر لە 1500 كیلۆمەتر زیاتر له سێ ساڵە لە سەنگەردایە دژی چەكدارانی داعش، بەرەكانی جەنگی هێزی پێشمەرگە دابەش كراوە بە سەر هەشت میحوەردا، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە مانگانە هەر میحوەرێك بڕی 50 بۆ 70 ملیۆن دینار نەسریەی پێ دەدرا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی سەنگەرەكان، بەڵام لە مانگی نیسانی 2015وە وەزارەتی پێشمەرگە بە پاساوى قەیرانی دارایی ئەو نەسریەیەی بڕیوە.
عەبدوڵڵا بۆر، بەرپرسی میحوەری باشووری خورماتووی هێزەكانی پێشمەرگە بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێشتر نەسریەیەكمان پێ دەدرا كە لە نێوان 50 بۆ 70 ملیۆن دیناردا بوو، بەو نەسریەیە سەرجەم پێویستی و كەموكورتییەكانی سەنگەرەكانمان پڕ دەكردهوە، به‌ڵام ئێستا ئه‌و نهسریهیهمان بڕدراوه.״
بڕینی نه‌سریه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له کاتێکدایه که وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ئه‌مه‌ریکا ڕێککه‌وتنێکیان هه‌یه و جگه له مه‌شق و پێدانی چه‌ک، مانگانه له ڕووی ماددییه‌وه هاوکاری هێزی پێشمه‌رگه ده‌که‌ن.
״لە مانگی نیسانی 2015وە ئەو نەسریەیە بڕاوە و بەدواداچوونمان بۆ كردووە پێیان وتووین بە هۆی نەبونی بودجەوە ناتوانن ئەو نەسریە خەرج بكەن، لە كاتێكدا ئەو نەسریەیە زۆر پێویستە بۆ میحورەكان و گرفتی بۆ درووست کردووین.״ عەبدوڵا بۆر وای وت.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا نزیکه‌ی 1500 شه‌هید و زیاتر له 9 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی برینداری هه‌یه، به‌ڵام زۆر جار بۆ کڕینی پێویستیی سه‌نگه‌ره‌کانیان له‌ناو خۆیاندا پاره کۆ ده‌که‌نه‌وه چونکه نه‌سریه‌کانیان بڕاوە.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری هەیئەی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ״ئاژانس״ی وت: ״بڕینی نه‌سریه‌ی میحوه‌ره‌کان هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه وەزاره‌ت بودجه‌ی له‌به‌ر ده‌ست نییه، سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش باری دارایی باش بوو بۆیه ئه‌و هاوکارییه ده‌درا.״
چه‌ند مانگێکی تر وه‌رزی هاوین کۆتایی دێت و پێداویستیی سه‌نگه‌ره‌کان له ڕووی که‌ره‌سته‌ی پاراستن له سه‌رما و شوێنی مانه‌وه زۆرتر ده‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا نازاندرێت چۆن ئه‌و پێویستییانه ئاماده ده‌کرێن.
وتیشی: ״بڕینی ئەو نەسریەیه مانای ئەوە نییە ئاوڕ لە سەنگەرەكان نادەینەوە، به‌ڵام ئێستا دەبێت بە نووسراو داواكاریی میحوهرەكان بگەیەنینە ئەنجوومەنی وەزیران ئەگەر شتێکیان پێویست بێت و چاوەڕێی جوابدانەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبین بۆ دابینکردنی.״