وەرگێرانی: شۆڕش ئەنوەر
دکتۆر عەبدولجەبار ئەلروفاعی بیرمەندێکی عێراقییە و خاوەنی چەندین شەهادەی ئەکادیمیی باڵایە لەوانە دکتۆرا لە فەلسەفەی ئیسلامی و ماجستێر لە زانستی کەلام، خاوەنی دەیان کتێب و توێژینەوەی جۆراوجۆرە، لە گفتوگۆیەکدا کە لە ناوەندی ئافاق بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بڵاو کراوەتەوە دکتۆر عەبدولجەبار ئەلروفاعی قسە لەسەر بەئینسانیکردنەوەی ئایین دەکات و پێی وایە کە بەرگریکردن لە خودا لە ئینسانی باوەڕداردا لە بەرگریکردن لە کەرامەتی ئینسان و پاراستنی مافەکانی ئینسانەوە دەست پێ دەکات.
ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ״فەرامۆشکردنی مرۆڤ دیاردەیەکە لە توراسی موسڵماناندا بەدی دەکرێت״ باوەریشی وایە کە سەلەفییەت دژ و پێچەوانەیە بە ئینسانییەت.
جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دۆزینەوەی سەرچاوە ئینسانییەکان لە ئاییندا هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی وێنەیەکی ڕۆحانی ئەخلاقی ئیستاتیکی بۆ خوای گەورە.
پ: چۆن لە بیرۆکەی یان زارەوەی بەمرۆییکردنی ئایین تێدەگەن؟
دکتۆر عەبدولجەبار ئەلروفاعی: چەمکی بەئینسانیکردنی دین بەرەو پرسیاری ئەوەمان دەبات کە ئێمە چیمان لە (ئینسان و دین) دەوێ؟ چونکە چەمکی ئینسان و هەروەها چەمکی دینیش بەگوێرەی ئەو سیاقانەی کە لەفەزای خۆیاندان و ئەو مەرجەعییاتانەی کە هەیانە و ئەو تێڕوانینانەشی کە هەیانە بۆ ئەو جیهانەی کە دەبنە هەڵگری، جیاوازن.
ئەوەی من مەبەستمە لە بەئینسانیکردنی دین ئەوە نییە کە هەندێ بیرمەند بۆی دەچن کە پێیان وایە دەبێت دینیش وەک هەر دیاردەیەکی مرۆیی دابڕاو لە غەیری مرۆڤ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، وەیان پێیان وایە کە هیچ پاساوێک وەیان لێکدانەوەیەک بۆ وجودی دین و پەرەسەندنی دین لە دەرەوەی جیهانەکانی خودی مرۆڤەوە نییە، وەک ئەوەی کە دین نیشانەیەکی ئاشکراودیاری مرۆیی بێت کە بشێت تەنها لە چوارچێوەی دیاردە مرۆییەکاندا لێی تێ بگەین، بەڵام ئومێدەواریشم کە واش بیر نەکرێتەوە کە ئەوەی باسم کرد مانای ئەوە بێت کە من داوای لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی دین بکەم لە دەرەوەی عەقڵ و زانست و مەعریفە و شارەزایی ئینسانەوە، هەروەها ناشمەوەێ بڵێم کە هەموو دینێک ڕاست و درووستە و جاڕی ئەوە بدەم کە هەموو دینێک سەرچاوەکەی وەحیێکی غەیبیانەیە، بەڵکو دەڵێم کە دین تەوقێکی ئەنتۆلۆژیی قووڵە بۆ ڕۆح تا پەیوەست بێت بە (ڕەها – موتڵەق)ێکەوە کە خۆی بۆ تەرخان دەکات و بەهۆیەوە بەرزوبڵند دەبێتەوە، جا ئەم ڕەهایە خودا بێت یان شتێک بێت کە عەقڵی خۆمان درووستی دەکات، هەر ئەم تەوقەشە تەفسیری ئەوەمان بۆدەکات کەچی تەفسیرێکی لۆژیکییە و چیش وێنەیەکی ساختەی (موتڵەق)ە!
ئەو بەئینسانیکردنەی دین کە من بانگەشەی بۆ دەکەم شێوازێکی ئامادەگییانەی (خودایەکی ڕوحی ئەخلاقی)یانەیە لە ژیانی ئینسان، بەمانایەکی تر بریتییە لە دیندارییەکی ئینسانییانەی ڕۆحانی ئەخلاقی کە پەیوەندی لەگەڵ خودا ناپچڕێنێت بەجۆرێک دین بکاتە دیاردەیەکی مرۆییانەی تەواو، هەروەک چۆنیش سرووشتی مرۆڤایەتی فەرامۆش ناکات و مامەڵە لەگەڵ ئینساندا ناکات وەک ئەوەی کە ئینسان تەنها ڕۆح بێت و بەس، بەڵکو هەرچی کەرەسەیەکی بەردەست لە زانست و مەعریفە و شارەزایی دەخاتەکار بۆ تێگەیشتنێکی درووست لە سرووشتی مرۆڤ، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو تێگەشتنەشەوە هەوڵی دەسەبەرکردنی پێداویستییە جەستەییەکانی مرۆڤیش دەدات.
بەئینسانیکردنی دین لەلای من واتا ئینسانیبوونێکی ئیمانیانە و ئیمانێکی ئینسانییانە کە وەک ئینسانیبوونێکی نائیمانیانە نییە کە هەندێ لە بیرمەندانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات قسەی لەسەر دەکەن کە تێیدا ئینسانیبوون بریتییە لە بەسەنتڕاڵکردنی ئینسان و لەبیرکردنی خوا و بەخودا کردنی ئینسان!
پێویستبوونی بەستنەوەی ئینسان بە ئیمانەوە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە مرۆڤ وەک بونەوەرێک دەستبەرداری ژیانی ڕۆحیانە نابێت، هەروەها پێویست بوونی بەستنەوەی ئیمانیش بە ئینسانییەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی ڕزگاربوون لەو خوێندنەوە خورافی و توندوتیژانەی کە بۆ تێکستەکانی دین هەن کە مرڤ لەناو دەبەن و کەرامەتی ناهێڵن و ئیمانی لەبەریەک هەڵدەوەشێنن.
بەرگریکردن لەخودا لە ئینسانی ئیمانیدا لە بەرگریکردن لە کەرامەتی ئینسان و پاراستنی مافەکانی ئینسان و پارێزگاریکردن لەئازادیەکانی ئینسانەوە دەست پێدەکات، چونکە ڕێگای ڕۆیشتن بەرەو خودا لەرێگای ڕێزگرتنی ئیسنان و ئاگالێبوون ڕێزلێگرتنییەوە دەبێت، بەجۆرێک ڕێڕەوەی ئیمان یەکسان دەبێت لەگەڵ ڕێرەوەی پاراستنی کەرامەتی ئینسان و پاراستنی ماف و ئازادیەکانی ئینسان، بەڵکو ئیمان ئەوکاتە دێتەدی کەخۆی تەرخان بکات بۆبەزەیی هاتنەوە بە ئینساندا، ئەمە بەئینسانکردنەوە ئینسان و پاراستنیشیەتی لە نائینسانییەتی ئینسان و ڕزگارکردنیەتی لە دەمارگیری و دەستدرێژی و توندوتیژی ئینسان، ئینسانییەتی ئیمانی بەرەو مانای ئەوە دەچێت کەیەک خوا هەیە هەروەها یەک مرۆڤیش هەیە، لەبەر ئەوە مرۆڤ مافە سرووشتیەکانی خۆی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤەو بەس، لەسەر ئەم بنەمایەشە چەمکی هاوڵاتی بوون درووست دەبێت کە لێیەوە مافەکانی هەر هاووڵاتییەک لە مافە دینی و سیاسییەکان دەستەبەر دەبن!
پ: ئەو پاڵنەر و هۆکارانە چین کە وامان لێ دەکەن کە ئێمە وەک جفاتێکی دینی ڕۆشنایی بخەینەوە سەر بابەتی ئنیسانیبوونییانەی دینی ئیسلامی و سەرلەنوێ کەشفکردنەوەی ڕەگوڕیشە بەهائامێزە ئینسانییەکانی، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم دینە لە قووڵایی خۆیدا و لە ڕەسەنایەتییە بابەتییەکەیدا لەسەر چەندین بەها و پرەنسیپی ئینسانی دامەزراوە کە بە درێژایی هەموو مێژوو چەندین گەل و نەتەوە و شارستانییەتی زۆری مرۆڤایەتی باوەریان پێی هێناوە؟
دکتۆر عەبدولجەبار ئەلروفاعی: ئەو تێکستە دینییانەی کە ئیسلامی لەسەر دامەزراوە، هەروەک تێکستی دینەکانی تر، بوونە ئیلهامبەخشی زنجیرەیەک لە تەئویل و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز، وەک دەرهاویشتەی سەردەمە دوابەدوایەکەکانی ناو دونیای موسڵمانانیش و بەتێپەرینی زەمەنیش بڕێکی گەورەی تەئویل و لێکدانەوەکان بەسەریەکدا کەڵەکەبوون کە ناویان دەبەین بەزانستە ئیسلامییەکان یان کلتوری ئیسلامی، کەبوونەتە فەرهەنگێک بۆدارشتنەوەی ژیانی دینیانە لە ئیسلامدا، وەپلەبەپلەش ئەم تەئویل و لێکدانەوانەش لەقورئان دوور دەکەوتنەوە و قوتابییان و مامۆستایانیش لە باوەشی خوێندنگا و حەوزە دینییەکاندا لەناویاندا نقووم ببوون و زۆربەشیان ئەوەیان لەیادچووبۆوە کەئەم خوێندنەوانە پەراوێز و شیکردنەوەو کۆششکردنن لەتێکستە دینییەکان و بریتین لە تێگەیشتنی مرۆڤەکان بۆقورئان و سەربەمێژوون و سنووریان کات و شوین و زمان و کولتوری کۆمەڵگایە.
لەبیرکردنی مرۆڤیش دیاردەیەکە لەناو زۆر لە کێڵگەکانی توراسی ئێمەدا بەدی دەکرێت، ئەمە لەزۆرێک لەبەرهەمەکانی فەرمودەناس و ڕاڤەکارانی قورئان وموتەکەلمین و فەقیهەکاندا دەبینین، ئەم دیاردەیەش هاوکار بووە لە سەپاندنی خویندنەوەیەکی توندوتیژی داخراوانە بۆ تێکستەکانی دین، کەنەک هەر ئینسان بە ناوی خوداوە نەفی دەکات، بەڵکو ژیانیش بەناوی دواڕۆژەوە ڕەت دەکاتەوە، ئاوەدانسازیی ئینسانی بەناوی جێنشینایەتییەوە ڕەت دەکاتەوە، ڕوح بەناوی تەکلیفەوە ڕەت دەکاتەوە، بەناوی فقهیشەوە ئەخلاق ڕەت دەکاتەوە، بەناوی بەندایەتیش بۆ خودا ئازادی ڕەت دەکاتەوە، بەناوی مافەکانی خوداوە مافەکانی مرۆڤ ڕەت دەکاتەوە، وە وێنەی ڕۆحانی ئەخلاقی و ئیستاتیکییانەی خودا بەناوی گەڕانەوە بۆ سەلەف و بەگژاچوونەوەی بیدعە ڕەت دەکاتەوە!
سەلەفییەت بەو پێیەی کە شێوازێکی بیرکردنەوە و گوزارشتکردن و ڕەفتارە، لە هەموو دین و کولتوورەکاندا بڵاوە بەڵام لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی ترسناک هاتووەتە ناو ژیانی دینییانەی جیهانی ئیسلامی، بانگەوازی سەلەفییەت هەر بەدەزگا دینی و پیاوانی دینییەوە نەوەستاوە، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ناو هەندێ لە بیریاران و لێکۆڵەرەوانی هاوچەرخیش لە دونیای ئیسلامدا، ئەوان لێهاتوون لە لێکۆڵینەوە و بەکارخستنی ئاڕاستە و پرۆگرام و گوتە تازەکان لە فەلسەفە و زانستە مرۆڤایەتییەکان و زانستەکانی لێکدانەوە بە مەرامی پاساودان بە سەلەفییەت و کارکردن لەسەر فریودانی لاوان و گەنجان بەسەلەفییەت.
سەلەفییەت دژ و پێچەوانە بە ئینسانییەتی ئیمانیە، چونکە سەلەفییەت شێوازێکی بیرکردنەوەیە کە ڕقەبەرایەتیی مێژوو دەکات و بەردەوام ئەوە دووبارە دەکاتەوە (هەروەک پێشتر وا بووە) هەمیشە سەلەفییەت دەست دەگرێت بە کۆمەڵێک گوتە کە سەر بە زەمەن و شوێن و مێژوو نین، لەبەر ئەوە زۆر بە توندی ڕووبەرووی هەموو پرسیارێک دەبێتەوەو دژایەتیی هەر بانگەوازێکیش دەکات بۆپێداچوونەوەو ڕەخنە و لەبێژنگدان و پشکنین، بەڵام ئینسانییەتی ئیمانی هاوتەریبە لەگەڵ واقیع، گوێ لە ئاوازەکانی بزاوتی مێژوو دەگرێت و هەوڵ دەدات کەفۆرمێکی ئیمان بەرهەم بهێنێت کە بگونجێت لەگەڵ ئەو ئاوازەوە دینداریەکیش بەرهەم بهێنێت کە دینداران ڕزگار بکات لەوەی کەنامۆ بن بەسەردەم و دەوروبەرەکەیان، ئەمەش بەوە دەبێت کە ڕابردوو تێپەڕێنین و ڕزگاربین لە وێنەی خودایەکی توندوتیژی خوێناویی جەنگاوەر.
دۆزینەوەی سەرچاوە ئینسانیەکان لەدیندا هەوڵێکە بۆ زیندوکردنەوەی وێنەیەکی ڕۆحانی ئەخلاقی ئیستاتیکی بۆ خوای گەورە و ڕزگاربوون لە هەر وێنەیەک کە شێوازێکی توندوتیژ و خوێناوی و جەنگاوەرانە بداتە پاڵ خوای گەورە کەبەرهەمی سەردەمە جیاوازجیاوازەکانن، کەتێیدا وێنەی خودا وێنەی خودایەکە کەدەستی بەسەر عەرشەکەیدا گرتووە و مرۆڤی بەلاوە گرنگ نییە، لەبەر ئەوە سنورەکانی هەڵوەشاندوونەتەوە و باوەڕهێنان بەخۆی (خودا)ی تێکەڵ کردووە بەگوێڕایەڵی کردنی دەسەڵات و مل کەچ بوون بۆ دەسەڵات، بەو جۆرە وێنەی ئیمان و دینداری گرێدراوە بە بەکۆیلەکرانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتەوەو بایەخ نەدان بەکەرامەت و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، قووڵکردنەوەی ئەم وێنەیە و بڵاوبوونەوەی لە گوتە و قسە و فەتوا فقهییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە زەمینەسازی هەبێت بۆ لەدایکبوونی داعش و خوشکەکانی لە ئەمڕۆدا و بەردەوامیش داعش دەخەنەوە، وە هێشتاش زۆر لە گەنج و لاوانی موسڵمان هیچ لە ئیسلام نازانن جگە لەوە نەبێت کە ئەو نووسەرانە نووسیویانە کە وێنەی خودایان ڕەنگڕێژ کردووە بە خوێن و بە کوشتار!
پ: بەو ئیعتیبارەی کە ئامانجی دین ئینسانە و تەوەری کارای شارستانییەتیش هەر ئینسانە، پێگەی بەئینسانیکردن چییە لە فیکری دینی ئیسلامیدا لەسەر ئاستی یاسادانان و گوتاری فیکری ولەسەر ئاستی دامەزراوەکانی مافەکانی تاک و کۆمەڵگا؟ پاشان ئایا بیرۆکەی بەئینسانیکردنی دین خۆی لە خۆیدا چالاککردنێکی کرداری و گۆرەپانێکی بەپیت نییە بۆ لەیەکنزیکخستنەوەی نێوان زانستە مرۆییەکان و زانستە شەرعییەکان؟
دکتۆر عەبدولجەبار ئەلروفاعی: ناتوانین ڕەگەزی ئینسانییانە لە دیندا ڕزگار بکەین بەبێ پرددرووستکردن لە نێوان زانستەکانی دین و زانست و مەعریفە ئینسانییە جیاواز جیاوازەکان، لە دینە ئاسمانیەکاندا هیچ دینێک لەدەرەوەی فەزای ژیانی مرۆڤ و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەر و شێوازەکانی ژیانکردنەوە ئامانجەکانی بەدی نایەن، لەبەرئەوە دەبینین کەهەموو ئاینەکان لەسەر زەمین دەبنە زەمینی و مرۆیی و بەرجەستە دەبن لە ڕەفتار و دەستکەوتە جۆراوجۆرەکانەوە، کە لە داهێنانە عەقڵییەکاندا خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام ئێمە تا ئەمڕۆش بەتوندی بەکارخستنی ئەو زانستە مرۆییانە ڕەت دەکەینەوە لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و لێکدانەوەی دیاردە و گوزارشتە دینییەکان لە ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتیدا، وە هەر هەوڵێکیش بۆ کارکردن لەسەرئەوە بە لە دین دەرچوون تۆمەت بار دەکەین.
ئەو لەیەکتر جیابوونەوەی نێوان زانستەکانی دین و زانستەکانی دونیا کە لەوەتەی چەرخی داڕووخانەوە لە جیهانی ئیسلامی بەمیرات بۆمان ماوەتەوە، هەروەها ئەو ئاڕاستە دەقگەرایانەی فەرموودەناسان و زاهیری و ئخبارییەکانی سوننە و شیعە و هەروەها هەڵوێستی دژدە بیرکردنەوەی فەلسەفییانە و کەلامییانە بەرەو ڕێگاگەلێکی داخراوی بردووین کە تێیدا ڕابردوومان لە ئێستادا دووبارە دەبێتەوە، هەنگاوێکیش نانێین تا دەگەینە کۆتایی و هەر لەو شوێنەشدا هەنگاوەکانمان کۆتاییان دیت کە لێیەوە دەست پێ دەکەین.
ئەم تەڵاقەی نێوان زانستە دینییەکان و زانستە دنیاییەکان، خۆبەدوورگرتن و هەستەوەرییەکی سلبی لە هەمبەر زانست و مەعریفە و شارەزاییە مرۆییە گەردونیەکان درووست کردووە، وەهمی ئەوەی لەلا درووست کردووین کە ئەوەی هەمانە بەسمانە و پێویستیمان بەوە نییە کە ئینسان دایدەهێنێت، وە بەڕۆیشتنی کاتیش ئەم هەستەوەرییە بووەتە نەخۆشی کە لە نەستی دەستەجەمعی ئێمەدا خۆی نقووم کردووە کە هەندێ جار لە شێوەی فۆبیا لە بەرامبەر هەر شتێک کە نایزانین و پێشتر ئاشنا نەبووە بەمیراتی ئێمە خۆی دەردەخات، هۆکاری ئەمەش بۆ شکستهێنانی جیهانی ئیسلامی دەگەڕێتەوە کە بەشدار نییە لە بەرهەمهێنان بەو ئەندازەیەی کە گونجاوە لەگەڵ قەبارەی دیمۆگرافیاکەی لە فەلسەفە و زانست و مەعریفە جۆراوجۆرە تازەکان، ئەگەرنا دەبێت بە چی هۆکاری ئەم شکستە ژیارییە لێک بدەینەوە؟ چۆن لەو قسە پڕوپووچانەی ناو توراسمان تێ بگەین کە شعوری ئێمە پڕ دەکات لەوەی کە ئێمە باڵاین بەسەر دین و کولتوورەکانی تر لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە ئێمە دەستەوەستانین لەوەی بەشدار بین لە درووستکردنی ئەوەی جوان و دڵڕفێنە لە جیهاندا؟ وە چۆن ئەوە لێک بدەینەوە کە زیاتر لە سەدەیەکە نزیکەی ملیارونیوێک موسڵمان لە ئاهەنگەکانی نۆبێڵ غائیبین، لە کاتێکدا کۆمەڵگای بچووک بچووکی تر هەن بە چڕی و بەکاراییەوە لەم ئاهەنگانەدا بەشدار دەبن؟
لەوانەشە لەم نەخۆشییەدا کە بووەتە ڕێگر، زۆربەی ئەو هۆکارە شاراوانە بدۆزینەوە کە لە پشتی لەباربردنی ئەو دەست پێشخەرییانەوەن کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئەمڕۆ بۆ نوێکردنەوەی بیرکردنەوەی دینی لە ئیسلامدا دەدرێن.