ئاژانس – ڕاوێژ کامەران
خانمە ئەکتەر و ڕاگەیاندکار (دڵنیا کامۆسی) لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری بۆکان لە دایک بووە و ماوەی زیاتر لە ٧ ساڵە لە هەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبات و ناوبانگێکی زۆری هەیە، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ “ئاژانس” باس لە چەندین نهێنیی تایبەتی ژیانی خۆی دەکات.
ئاژانس: سەرەتا وەک کچە ئەکتەرێک و دواتریش وەک کچە مۆدێل و پاشانیش وەک ڕاگەیاندنکارێک ناسرایت، کام لەم کارانە بە پیشەی سەرەکیی خۆت دەزانیت؟
دڵنیا کامۆسی: کاری نواندن و ئەکتەری خەونێکی منداڵیم بوو، هەر بۆیە لە تەمەنی ١٤ساڵیدا بووم کە لە چەند کارێکدا بەشداریم کرد و دواتر بەردەوام بووم، بەڵام وەک مۆدێل پیشەی سەرەکیم نەبووە، چونکە ئەو وێنانەی کە دەمگرت و بڵاوم دەکردەوە بۆ مارکەیەکی دیاریکراو نەبووە، تەنیا وەک حەزێکی خۆم گرتوومە و بڵاوم کردووهتەوە، هەرچی کاری ڕاگەیاندنیشە کارێکە کە زۆر بە لامەوە جوان بووە بەتایبەت ئەم بەرنامەیەی من دەیکەم کە کارێکی زۆر مرۆڤانەیە و دڵخۆشکەرە بە لامەوە، ئەم پڕۆگرامەشم یەکەم ئەزموونی کاری پێشکەشکاریمە و سوپاسی ئەو پشتگیرییە زۆری خەڵک دەکەم بۆ کارەکەم، هەست دەکەم دەبێت هەوڵ بدەم کە زۆر باشتر ببم و بەرەو پیش بچم.
ئاژانس: دەنگۆی ئەوە هەبوو کە وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی لە پڕۆگرامی (بەزمی بەزم) دەربکەویت، ئەو کارە بە کوێ گەیشت؟
دڵنیا کامۆسی: ڕاستە، بەڵام دواتر هەستم کرد کاری کۆمیدیا لەگەڵ ناخی مندا ناگونجێت، بۆیە دوور کەوتمەوە.
ئاژانس: بەدەر لە کارەکەی ئێستات حەز و خولیات چییە؟
دڵنیا کامۆسی: من کەسێکم کە خەون و خولیام زۆر زۆرە، بۆ نموونە لە بواری سینەما حەز دەکەم زۆر بەرەو پێش بچم و بەشداری لە فیلمە بەناوبانگەکاندا بکەم و لەگەڵ دەرهێنەر بەهمەنی قوبادی کار بکەم، زۆر حەز لە گەشت و گەڕان دەکەم و دەمەوێت سەردانی وڵاتی هیندستان بکەم، بەشێکی دیکەش لە خەونەکانم نهێنیی ژیانی خۆمن و ناتوانم ئاشکرایان بکەم.
ئاژانس: پێشتر ئاماژەت بەوە داوە کە پارەت پێ دراوە تا نەشتەرگەریی جوانکاری ئەنجام بدەیت بەڵام نەتکردووە، دەتەوێت نەشتەرگەری بۆچی بکەیت؟
دڵنیا کامۆسی: دەمویست نەشتەرگەری بۆ دەستم بکەم، چونکە وەک دەزانن چەند پەنجەیەکم نییە، بەڵام هەست دەکەم شتێک کە خودا پێی دابیت دەستکاری ناکرێت، چونکە زۆر شتی دیکەشت لێ دەستێنێت، هەر بۆیە جارێ ئەو نەشتەرگەرییەم نەکردووە و بەنیازیش نیم بیکەم، ئیدی نازانم لە داهاتوودا چۆن دەبێت، بزانین خودا چی پێ باشە.
ئاژانس: پەیوەندیت لەگەڵ هاوسەرەکەت چۆنە، بەنیاز نیت ببیت بە دایک؟
دڵنیا کامۆسی: هەموو شتێک باشە و ژیانێکی بەختەوەرانەمان هەیە، من بە سرووشتی خۆم کەمێک کوڕانەم و کەمتر ڕۆمانسیم، هاوسەرەکەم لەوەدا لە من باشترە، بۆ نموونە لە سەرەتای بەیەکگەشتنماندا پێکەوە تەماشای فیلمی ترسناکمان دەکرد، کە لە بیرمە یەکێک لەو فیلمانە SAW بوو، سەبارەت بە منداڵ پێم وایە هێشتا زووە و تا چەندساڵێکی دیکەش بەنیاز نیم بیری لێ بکەمەوە.
ئاژانس: ئاماژەت بەوە دابوو کە دەتەویت لە پێشبڕکێی شاجوانی کوردستاندا بەشداری بکەیت، بەڵام بۆچی ئەو کارەت نەکرد؟
دڵنیا کامۆسی: من ویستم بەشداری لەو پێشبڕکێیەدا بکەم بەڵام نەک لەبەر ئەوەی کە ببمە شاجوان بەڵکوو بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونەش لە ژیانمدا تاقی بکەمەوە چونکە لە خۆم ڕادەبینی، بەڵام دواتر ئەو کارەم نەکرد.