ئیمداد تەها
ترس له ئیسلام (ئیسلامۆفۆبیا). یه‌كێكه له‌و دیارده هه‌نووكه‌یی و بابه‌ته فیكرییانه‌ی سه‌رده‌م كه‌وا قسه‌وباسی زۆری لێ ده‌كرێت.
ئیسلامۆفۆبیا ئه‌و ترسه به كۆمه‌ڵه‌یه كه زۆرێك له هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای پێوه گیرۆده‌یه به‌رامبه‌ر به ئیسلام و موسڵمانان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وشه‌ی فۆبیا به ترسێكی ده‌روونی، لاشعوری بێ هۆكار ده‌وترێت، به‌ڵام شاره‌زایان ئه‌م ترسه به بێ سه‌رچاوه و هۆكار نازانن و پێیان وایه كه‌وا ئه‌م ترسه به‌رنامه بۆ داڕێژراوه و به تایبه‌ت له لایه‌ن ڕه‌گه‌زپه‌رسته تووندڕه‌وه‌كانه‌وه بره‌و به‌م ترسه ده‌درێت به‌رامبه‌ر ئیسلام و له ڕۆژئاوادا بڵاو ده‌كرێته‌وه.
هه‌رچه‌نده دیارده‌ی ترس له ئیسلام و ئاماده‌كاری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه یان به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و به تایبه‌ت له دوای ڕووداوه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر زۆرتر ته‌شه‌نه‌ی كردووه و خودی ئه‌م ڕووداوانه‌ش كاردانه‌وه و چه‌ند جه‌نگێكی به دوای خۆیدا هێنا له نێوان ئه‌مه‌ریكا- عێراق و ئه‌فغانستان.
مێژوونووسان دوو بۆچوونیان هه‌یه ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی: دیارده‌ی ترس له ئیسلام(ئیسلامۆفۆبیا). بۆچوونێك پێی وایه كه‌وا بۆ یه‌كه‌مجار زانایانی بوواری كۆمه‌ڵناسی له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به كاریان هێناوه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م.
بۆچوونه‌كه‌ی دیكه‌ش پێی وایه كه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاش شۆڕشی ئیسلامی له ئێران له ساڵی 1979ز. بۆ یه‌كه‌مجار مه‌رجه‌عیه‌ته شیعییه‌كان به كاریان هێناوه و مه‌به‌ستیان لێی ئه‌و ترسه بێ هۆكاره بووه كه له لای كه‌سانێك درووست بووه كه هه‌ڵگری بۆچوونی دژایه‌تیكردنی به‌زۆره‌ملێ باڵاپۆشكردنی ئافره‌تان بوون له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه.
له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا له نێو ڕۆژئاوا بره‌وی زۆر به‌م چه‌مكه دراوه، به مهبهستگهلێكی تایبه‌تی وه‌ك ڕێگرییه‌ك له موسڵمانبوونی خه‌ڵك، یان به جه‌مسه‌ربوونی ئیسلام به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوا له پاش داڕمانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و پووكانه‌وه‌ی بیری شیوعییه‌ت.
به پێی وته‌ی شاره‌زایان و لێكۆڵه‌ران ئه‌م دیارده‌یه له چه‌ند كاتێكدا بره‌و ده‌سێنێت. ئه‌وانیش: سه‌یركردنی ئیسلام به‌وه‌ی كه‌وا كیانێكی سه‌ربه‌خۆیه و هیچ جۆره هاوبه‌شی و وێكچوونێكی له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕه‌كانی دیكه‌دا نییه و هیچ ڕۆشنبیری و ئایدیایه‌ك كاری تێ ناكات.
هه‌روه‌ها سه‌یركردنی ئیسلام به‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ و تێڕوانینێكی چه‌قبه‌ستووه و گۆڕانكاریی تێدا ناكرێت. هه‌روه‌ها، سه‌یركردنی ئیسلام به‌وه‌ی ئایینێكی په‌ڕگیری تووندڕه‌وه و ڕقوکینه و توندووتیژی به‌رامبه‌ر خه‌ڵك به كار ده‌هێنێت. له‌گه‌ڵ سه‌یركردنی به‌وه‌ی كه‌وا بیروباوه‌ڕێكه ئامانجی سیاسی و سه‌ربازیی له پشته‌وه‌یه و كار بۆ به‌جێگه‌یاندنی ده‌كرێت.
ته‌ماشاكردنی ئیسلام به‌وه‌ی ئایینێكه ئامانجی سه‌ره‌كی تێیدا بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆق و دڵه‌ڕاوكێ و كوشتاری مرۆڤه‌كانه و دینێكی كۆنه‌په‌رستی و چه‌قبه‌ستووه و دان به مافی ئافره‌تاندا نانێت.
له گرنگترین هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و بره‌وسه‌ندنی دیارده‌ی ترس له ئیسلام بریتییه له ڕووداوگه‌لێكی مێژوویی كه ڕوویان داوه. وه‌ك ڕووداوه‌كانی ڕووخاندنی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمی مه‌سیحی و له دهستسهندنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستیان. هه‌روه‌ها دواتریش زنجیره ڕووداو و شه‌ڕێك كه له نێوانیان ڕووی داوه وه‌ك گرتنی قوسته‌نتینییه و شاری قودس و هتد.
تاوه‌كو ئێسته‌ش ئه‌م بیرۆكه‌یه كۆتایی نه‌هاتووه و خه‌ونی دووباره گرتنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه و شارانه و شكاندنی هێزی ڕۆژئاوا نه‌كوژاوه‌ته‌وه له لای به‌شێك له موسڵمانان. ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ درووستبوونی ترس و دڵه‌ڕاوكێ له لای ڕۆژئاوا. هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌شێك له موسڵمانان له‌سه‌ر ڕۆژئاوا به درووستكردنی ته‌قینه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك به‌رده‌وامیی هه‌یه و كۆتای نه‌هاتووه.
بیرۆكه‌ی كۆتاییهێنان به ژیانی خه‌ڵكانی جگه له موسوڵمان تاوه‌كو ئێسته به‌رده‌وامیی هه‌یه و لێسه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو مافه سروشتییه‌كان كه خودا به مرۆڤه‌كانی داوه به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كیی كاری به‌شێكه له موسوڵمانه توندئاژۆكان.
هه‌روه‌ها ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به تایبه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بی. به تایبه‌ت زنجیره ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و زیادبوونی نفوزی ئیخوان موسلمین و هێز و پارته ئیسلامییه‌كان، وای كرد ترسی زیاتر درووست ببێت و له هه‌ندێك جێگه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕۆژئاوا بخاته مه‌ترسییه‌وه.
ئالووده‌بوونی ڕۆژئاوا به كۆمه‌ڵه بابه‌تێك كه وه‌ك مافی سروشتی و تاكه‌كه‌س لێی ده‌ڕوانن و ڕێگه به هیچ ئایدیایه‌ك ناده‌ن ڕێگرییان لێ بكات له ئه‌نجامدانیدا و ئه‌و كارانه‌ش له ئیسلامدا و به پێی ده‌ق و بنه‌ما گشتییه‌كان به كاری ناڕه‌وا و قه‌ده‌غه (حرام) هه‌ژمار ده‌كرێن و پێویسته مرۆڤ لێیان دوور بكه‌وێته‌وه، وای كردووه كه‌وا ڕۆژئاواییه‌كان یان هه‌ر كه‌سێكی دیكه ئالوده به‌و كارانه و كه‌سێك وه‌ك ئه‌وان بیر بكاته‌وه ترسی بۆ درووست ببێت له ئیسلام كه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت لێیان قه‌ده‌غه بكات و ژیانیان سنووردار بكات.
هۆكاری دیكه‌ی زۆربوونی ئه‌م دیارده‌یه‌ش بریتییه له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ی ناڕاستی كۆمه‌ڵێك له ڕه‌گه‌زپه‌رسته تووندڕهكانی دژ به ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان كه ڕێبازی زانستی‌یان نه‌گرتووه‌ته به‌ر له گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان ده‌رباره‌ی ئیسلام، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی به پیشه‌ییانه كاره‌كه‌ی خۆیان ئه‌نجام داوه و تێڕوانینێكی گشتگیرتر و به ویژدانانهتریان هه‌بووه بۆ ئیسلام و زانیارییه‌كانیان به درووستی گواستووه‌ته‌وه له گیانی لێبوورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان و پێدانی مافه‌كان به خه‌ڵكانی دیكه له تێڕوانینی ئیسلام و موسوڵمانانی میانڕه‌وه‌وه.
چه‌ندین ده‌زگا و دامه‌زراوه هه‌ن له چه‌ند وڵاتێكی ڕۆژئاوا كاری سه‌ره‌كییان بره‌ودانه به دیارده‌ی ترس له ئیسلام و به‌رده‌وام خه‌ریكی شێواندنی بیروباوه‌ڕی ئیسلامیی و مێژووی موسوڵمانان و به‌لاڕێدابردنی ئه‌و ئایه‌ت و فه‌رموودانه‌ن باس له پێویستبوونی بێزیانبوونی موسوڵمانان ده‌كات به‌رامبه‌ر به خاوه‌ن بیروباوه‌ڕه‌كانی دیكه و گیانی پێكه‌وه‌یی و مرۆڤدۆستی و پێكه‌وه‌ژیانیان تێدا ده‌چێنێت.
تووندڕه‌وه ڕه‌گه‌زپه‌رسته ڕۆژئاواییه‌كان له‌م ڕێگه‌یه‌وه پاساو بۆ تووندڕهوبوونی خۆیان و هه‌ر كارێكی نامرۆڤانه ده‌هێننه‌وه كه به‌رامبه‌ر ئیسلام و موسوڵمانان ئه‌نجامی بده‌ن.
هه‌ندێك له پارته سیاسییه‌كانیش بره‌و به‌م دیارده‌یه ده‌ده‌ن وه‌ك ئامرازێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و گوتاری سیاسیی خۆیانی پێ به‌هێز ده‌كه‌ن كه گوایه بایه‌خ به بابه‌تێك ده‌ده‌ن و چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ن كه زۆرێك لێی بێ‌ئاگان.
ئه‌م سیخناخبوونهی ڕۆژئاوا له زانیاریی هه‌ڵه ده‌رباره‌ی ئیسلام و بهههڵهتێگهشتنی ئه‌وان هۆكاری دیكه‌یه بۆ زۆربوونی ترس له ئیسلام له پاڵ هۆكاری یه‌كه‌م كه ڕه‌فتاری به‌شێك له موسوڵمانانی توندئاژۆیه ترسی زۆر كردووه.
له دیارترین لێكه‌وته‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌ش خۆی ده‌بینێته‌وه له هه‌وڵی دژایه‌تیكردنی ئیسلام و شێواندنی كه‌سێتیی په‌یامبه‌ری ئیسلام له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی كورته‌فیلم و درووستكردنی كاریكاتێر و وێنه‌ی نه‌شیاو. هه‌روه‌ها دژایه‌تیكردنی دیارده و ڕواڵه‌ته ئیسلامییه‌كانی موسوڵمانان له لایه‌ن هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواوه و ناخۆشبوون و ناههموواربوونی بارودۆخ و گوزه‌رانی هاووڵاتییه موسوڵمانه‌كانی ئه‌و وڵاتانه.
هه‌وڵی به‌رده‌وامیان داوه كه‌وا ئاژاوه و شه‌ڕ و كوشتار له ناوچه‌ی وڵاتانی ئیسلامی درووست بكه‌ن و سه‌رقاڵیان بكه‌ن به خۆیانه‌وه وه‌ك ڕێكارێك بۆ ڕێگری له سه‌رقاڵبوون به ئه‌وانه‌وه. بۆ نموونه: بره‌وپێدان و تۆخكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه و سووننه وای كردووه كه‌وا وڵاتێكی وه‌ك سعودیه كه تا پێشتر به دووژمنی ئیسرائیل ده‌ناسرا، ئێسته به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیجییه‌تی هاوبه‌شی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌و پێیه‌ی كه‌وا دووژمنهكهیان هاوبه‌شه و ئێرانه.
هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ درووستكردنی ده‌وڵه‌تۆكه‌ی بچووك بچووك كه له ژێر فه‌رمان و چاودێریی ئه‌واندا به‌ڕێوه بچێت.
هه‌وڵی به‌رده‌وام دراوه و له ئارادایه بۆ گۆڕینی شێوازی دینداری و ڕۆشنبیری و تێڕوانینی موسوڵمانان ده‌رباره‌ی پرس و بابه‌تگه‌لێك كه پهوهندیداره به ئه‌وانه‌وه. هه‌ستاون به درووستكردنی چه‌ندین ڕێباز و ڕێچكه‌ی ئیسلامی و پاڵپشتی و پشتیوانیی گه‌وره‌یان كردووه بۆ بڵاوبوونه‌وه‌یان. له ڕێگه‌ی زانسته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و موژدهبهران (المستبشرین) كاریگه‌ریی زۆریان درووست كردووه له‌سه‌ر گۆڕینی تێڕوانینه ئیسلامییه‌كان و شێواندنی زۆرێكیان و گروپگهلێكیان درووست كردووه له ناو موسوڵماناندا. ئه‌مه سه‌رباری هه‌وڵی بێ‌وچان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی له ڕێگه‌ی موژدهبهرانهوه.
دیارده‌ی ترس له ئیسلام هه‌رچه‌نده ئێسته وه‌ك چه‌مكێك بۆ بابه‌تێك تازه سه‌ری هه‌ڵدابێت قسه‌وباسی لێوه ده‌كرێت، به‌ڵام له ڕاستیدا ململانێ و ناكۆكیی نێوان ئیسلام و نه‌یارانی مێژوویه‌كی دوورودرێژی هه‌یه و هۆكاری مێژوویی هه‌ن بۆ درووستبوونی ئه‌م ترسه و خودی ترسه‌كه‌ش نوێ نییه و كۆنه و به درێژایی ئیسلام هه‌ر هه‌بووه. ڕۆژئاوا ترسی هه‌یه له ئیسلام وه‌ك دینێك و ناكۆكیی مێژوویی له نێوانیان هه‌یه نه‌ك هێزه چه‌كداره ئیسلامییه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌دیهێنه‌ر و درووستكه‌ری ئه‌و ترسه بووبن، ئه‌گه‌رچی ڕۆڵی زۆریشیان بینیوه له تۆخكردنه‌وه و بره‌وپێدانی ئه‌م ترسه.