د. سهردار عهزيز
کۆمیونیزم و سۆشیالیزم دیاردەی سەرنجڕاکشی ئێجگار مەترسیدارن بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئەوەی لێرەدا بە کورتی قسەی لەسەر دەکەم، ئەو خەسڵەت و ڕەفتار و لە خۆڕوانین و ئاگاییانەیە، کە لە ڕێگای کۆمیونیزمەوە هاتوونەتە ناو دونیای کوردی و بە دەستییەوە دەناڵێنین.
دەکرێت بە گشتی دیاریەکانی کۆمیونیزم بۆ کۆمەڵگای کوردی و سیاسەتکردن لە کوردستان لە دوو پۆلێندا پۆلێن بکرێن: یەکەم، ئاستی خیتاب، دووەم ئاستی پیادەکردن یان پراکتیز. ئەم دوو بوارە بە دەرنین لە پەیوەندی و کاریگەری لە سەر یەکتر. سەرەتا با ڕونیان بکەینەوە پاشان قسەیەکی کورت لە سەر پەیوەندییان بکەین.
لە ئاستی خیتابدا، کۆمیونیزم باس لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەکات، خۆی وەها دەبینێت کە باوەڕی بەم چەمکانە هەیە و بەدیهێنەری ئەم خواست و خەونانەیە. لە بەرامبەردا، ئەوانیتر، دژ بە ئەم بەهایانەن. بۆیە کۆمیونیست خۆی وەها دەبینێت کە مرۆڤێکی باڵاتر و دادپەروەرترە لە ئەوانی تر، ئەو هەڵگری چارەسەرە و پێویستە بۆ کۆمەڵگا. لێرەوە بنەماکانی منی کۆمیونیستی باش و ئەوی غەیرە کۆمیونیستی خراپ خۆی پەنهان داوە. پێکەوە گرێدانی خواستە یوتوپیاییەکان لە گەڵ واقیعدا مرۆڤی کۆمیونیستی دەکاتە بونەوەرێکی ئاینی عەیار ٢٤ بە ئاستی داعش.
هەبونی باوەر بە یوتوپیا وەک چارەسەر، لە هەمانکاتدا بونی ڕێگری، مرۆڤی کۆمیونیستی پاڵ دەنێت بۆ باوەڕبون بە ڕەوایی توندوتیژی و کوشتنی ئەویتر. وەک دەردەکەوێت، مرۆڤی کۆمیونیست پلەبەندی دروست دەکات لە گەڵ ئەوانی ترداو خۆی بە ڕزگارکەر و خاوەن چارەسەر و پێویست دەبینێت. ئەمە کرۆکی ئەو چەمکەیە کە ڕایموند ئارۆن ناوی دەنێت عەلمانیەتی دینی. هەروەها جۆن گرەی زیاتر کاری لە سەر دەکات لە کتێبی ئاپۆرەی ڕەشدا.
ئەمە ئەگەر لە ئاستی خیتابدا. بە کورتی مرۆڤی کۆمیونیستی بونەوەرێکی پڕ لە وەهمی خۆ بە باڵازانی ڕزگارکەری پڕ لە توندوتیژیە، کە بروای وەهایە دەبێت هەمیشە لە کایەی سیاسەتدا چالاک بێت هەتا مرۆڤایەتی ڕزگاربکات.
ئەم وەهمانە بنەمای واقیعێک دادەڕێژن کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر کاریگەری سیاسەتکردنە لە دونیای ئێمەدا. حیزبی کوردی بە جیاوازی زۆر کەم هەمویان هەیکەلەیەکی سۆڤیەتییان هەیە.
خەسڵەتەکانی ئەم هەیکەلەیە بریتیە لە باڵایی حیزب، باڵاتربونی مەکتەب سیاسی، دروستکردنی حکومەتی حیزبی، هەروەها سڵنەکردنەوە بە ووتنی هەموو شتێکی خەیاڵی و ئەنجامدانی پێچەوانەکەی. هەرچەندە لە ئاستی خیتابدا خیتابی کۆمیونیستی لە هەموو دونیا و دونیای کوردیش نابوت بوە، بەڵام، لە دونیای کوردیدا، ستراکتۆرەکانی ماونەتەوە.
ئەمڕۆ کاتێک کۆمەڵگای کوردی خۆی وەها دەردەخات کە توشی پەشۆکان دەبێت کە گوێبیستی ئەوە دەبێت کە ئەندام مەکتەبێکی سیاسی، کە خۆی به باڵا و پاک لە قەڵەم ئەدات، خۆی وەها دەبینێت کە پیویستە بۆ کۆمەڵگا، باس لە هەموو ئەو وەهم و خەیاڵانە دەکات کە دەغدەغەی کۆمەڵگا دەدەن، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوە دەردەبڕێت کە ڕای خەڵک، خواستی خەڵک لای ئەو هیچ نرخێکی نیە، چونکە ئەو خەڵك قبوڵی بێت یان نا، خاوەنی ئەوەندە هێزە کە خۆی بە سەر خەڵکدا بسەپێنێت بەبێ ئەوەی باکی بە ڕای خەڵکی هەبێت، ئەوا پەشۆکانێکی ڕوکەشە، بەبێ هەڵکۆڵینی بنەما ئاگایی و مێژوییەکانی.
بەم پێیە دیاریەکانی کۆمیونیزم بۆ دونیای کوردی بریتیە لە وەهمگەرایی، دەسەڵاتی هەمیشەیی حیزب، دەسەڵاتی تا مردنی مەکتەب سیاسی، بێنرخی خەڵک و خواستیان، خۆ بە پاک و ڕاست زان، سڵ نەکردنەوە لە توندوتیژی، ووتنی هەموو شتێکی یوتوپیایی و ئەنجامدانی پێچەوانەکەی.
بۆیە هەرکاتێک گوێبیستی ئەوە بویت کە کۆمیونیستێکی باس لە دادپەروەری و ئازادی و مرۆڤایەتی دەکات، ئەوا یەکسەر بیرت بۆلای پێچەوانەکانی بچێت. بیرت بچێت بۆ حکومەتێکی شکستخواردو، مەکتەب سیاسییەکی تا مردن خاوەن دەسەڵات، بردنی سامانی گەل، بە سوک سەیرکردنی خەڵک و خۆ بە ڕابەر و ڕزگارکەرزان.
بەم پێیە کۆمیونیزم دابران نیە لە دین، بەڵکو تەرجەمەیەکی عەلمانیانەیە بۆ دین و بەرهەمهێنانەوەیەتی.