تێکۆشەر خالید
قاچەکانم خەریکە سڕ دەبن، ئەم مێزە کۆنەیش جیڕەی دێت، چاوەڕێ دەکەم بوێریم تێبڕژێت، تا بتوانم دەست بە نووسینی نامەکەم بکەم. من هەر لەم هەورەبانەی ماڵی خۆمان دەژیم، تا ئێستا نەچوومەتە خوارەوە. بیر لەوە نەکەیتەوە، لە خوارەوە جێ نییە. شەش ژووری چۆڵ و تۆزلێنیشتوو، خۆت دەتوانیت بیبینیت. من خۆم خووم بەم هەورەبانەوە گرتووە، نەخێر من ناترسم، بەڵام خوارەوە بۆ من کەمێک زویرکەرە. بە خێرایی بە هۆڵەکەدا تێدەپەڕم، سەیری هیچ شوێنێک ناکەم، دوایین جار کە بیرمە، وێنەیەکی ڕەشوسپی و گەورەی دایک و باوکم بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوو، لەوانەیشە ئێستا تۆزوخۆڵ دایپۆشیبێت و ئیتر نەبیندرێن. بە هەرحاڵ من ئێستا سەیری دیوارەکە ناکەم، نەکا بڵێیت، خۆم لە یادگاریییەکان دەشارمەوە. نەخێر، من ئێستایش ڕووخساری دایک و باوکم بە ڕوونی لەبەرچاوە، هەر کاتێک بیانبینمەوە، تەنانەت ئەگەر سەد ساڵی تریش بێت؛ دەیانناسمەوە. زۆر جاریش بە خەیاڵ هاتوون بۆ لام، ئەمە هەستێکی زۆر جوانە، بەردەوام لە خەیاڵەکانمدا بەدەمیانەوە پێ دەکەنم، بەڵام دڵنیام ئەگەر بە ڕاستی بێنەوە بۆلام لێیان تووڕە دەبم. بۆیە وا دەڵێم چونکە ئەگەر مردووەکانیش زیندوو ببنەوە؛ ئەوان نابنەوە، چونکە ئەوان پارچەپارچە بوون.
ئەوێ، ئەو ژوورەی دەستە چەپ! دەیزانیت؟ دەتوانیت بچیت سەیری بکەیت. دوایین جار کە ئەو ژوورەم بەجێهێشت، دایکوباوکم پرتەوبۆڵەیان بوو. دایکم بەوە تێک دەچوو کە باوکم زووزوو بڕیاری دەدا ئیتر نەچێتەوە سەر کار. دایکم دەنگێکی تیژ و برووسکەئاسای هەبوو، کاتێک کێشە دەستی پێ دەکرد و دەرکەی شەڕەقسە دەکرایەوە، بە لەپی دەستم گوێییەکانی خۆمم دەگرت، بەمشێوەیە، شەڕی یەک سەعاتی و من هەروا بە لەپی دەستم گوێیەکانم تووند قەپات دەکرد. باوەڕ ناکەیت! نەکا باوەڕ بەم قسەیەی من نەکەیت! بەو دەنگە تیژ و برووسکەئاسایەشییەوە باشترین کەس بوو بۆ من، ئەوم وەک ئەستێرە درەوشاوەکان خۆشدەویست، بێگومانم ئێستایش هەستێکی لەو جۆرەم هەیە.
– بب بر-
پرسیاری نانخواردنم لێ مەکە، ئەگەر حەزیش دەکەیت بیزانیت، قەراخی ئەو نانەبازاڕییانەم بەسە کە لەبەر دەم نانەواخانەکەدا خەڵکیی فڕێی دەدەن.
– نن نا-
دەتەوێت بڵێیت نانەواخانەی کوێ! هەر ئەوەی خوار ماڵی خۆتان. پیاوێکی بەڕێزە، ئەو تەنیا کەس بوو کە لەسەر گۆڕی دایک و باوکم بینیوومە. ئەگەر ڕۆژێک توانیم نامەی بۆ بنووسم، سووپاسێکی زۆری دەکەم و هەرگیز باسی ژنەکەی ناکەم، باسی خۆی دەکەم کە زۆر لە باوکم دەچێت. زویری ناکەم، پیاوێکی بەڕێزە. بە ژنەکەی گوتبوو کە ئێواران خواردنم بۆ بهێنێت، من ڕەتم کردەوە، لەبەر ئەوەی هەر ئەو قەراخی نانانەم بەسە. ژنێکی جوان بوو، زیاتر هەستم دەکرد لە ژنە تەنیاکانە، دەزانی کامانە دەڵێم؟ ئەوانەی زۆر بە تەنیان و سووراو و سپیاویش زۆر دەکەن.
باوکم دەیویست واز لە کار کردن بهێنێت، دایکم زۆر لە تەنیایی دەترسا، باوکم لەبەر ئەو وای دەگوت، دایکم لەوە تێنەدەگەیشت، لە هیچ شتێکی تریش، بەڵام زۆرم خۆشدەویست و زیاتر لە باوکیشم، لەبەر ئەوە نا کە خراپ بووبێت. نا، لەبەر ئەوەی هەموو شتێکی منی بە دەست بوو، بە هۆی دایکیشمەوە بوو؛ ئەوەی دەمویست لە باوکمم دەسەند. هیچی وایشم نەدەویست، جگە لەم ژوورە، کە داوای هاتنەخوارەوەم لێ نەکات. خۆت چاو بگێرە بزانە هەست بە هیچ دەکەیت؟ لە خەڵکی دەبیستم، گوایە من لەم هەورەبانە لەگەڵ جنۆکەکاندا دەژیم، ئەوان دەڵێن، من بۆیە نان ناخۆم چونکە ئەوان خواردنم بۆ دەهێنن.
– بب بۆ-
بۆ؟ لە خۆیان بپرسە.. من ئەگەر بمتوانیبایە کارێکی وا بکەم، هەرچییەکم دەکرد، ئەو کچەم بەدەست دەهێنا، ئەوەی لەبەردەم ئەو پەنجەرەیەدا ڕادەوەستێت و دەست بە قژیدا دەهێنێت. سەیری چاوەکانم بکە، ئەو پەنجەرەیەی بەرامبەرمان. با پێت بڵێم ئەو جوانترینە، بەقەدەر قەراخی نان بۆ من گرنگە، لەوانەیە بۆ پشووی هاوین هاتبێتە ئەو ماڵە، یان وەکو من لە پڕێکدا گەورە بووبێت. هەرگیز لەمەوپێش ئەوم نەبینیووە، ڕەنگە سەعاتێکی تر بێتە بەر پەنجەرەکە، هەر ئەوەندەی دونیا تاریک دادێت. خۆت بیبینە، لەوانەیە بتوانین گرەوێک بکەین. من دڵنیام ئەو سەیری هیچ شتێک ناکات، دڵنیام لەوە. چاوەڕێ بکە، با بێتە بەر پەنجەرەکە. تەنیا لەبەر ئەو مۆڵەتم داوە بە خۆم، ئەم ماوەیە بژیم. من زیاتر قژە لوولەکەی سەرنجم ڕا دەکێشێت. نازانم بۆ تۆ، نازانم. دایکم قژی لوول بوو، هەمیشە بۆنێکی خۆشی لێ دەهات، دەمولوتم دەخستە ناو قژە پڕەکەیەوە و پڕ بە سییەکانم بە لووتم هەناسەم هەڵدەکێشا و بۆنی قژییم دەکرد، تا پێم دەکرا هەناسەی خۆمم ڕادەگرت، چەند جارێک بەسەختی کۆکیوم، خەریکبووە بمرم، نەکا باوەڕ بەم قسەیەم نەکەیت! ئەگەر بمایە، ڕێم پێ دەدایت جارێک بۆنی قژی بکەیت، ئەویش ئەگەر بتگوتبا باوەڕ بەو قسەیەت ناکەم. دەتوانم ئەوە ببینم کە ئەو کچە، قژی هاوشێوەی قژی دایکمە. زۆر دڵنیا نیم لەمەیان کە دەیڵێم؛ بەڵام پڕ بە دڵ حەز دەکەم، بۆنی قژی وەکو ئەوەی دایکم بێت. بە کەس نەڵێیت کە من گوتومە ئەو قژی لە هی دایکم دەچێت، نەکەیت بەنیازی کارێکی ئاوا بیت. تەنانەت بەو کچە خۆیشی ناڵێیت. بە نانەواکەیش نەڵێیت ژنەکەی لە ژنە تەنیاکان دەچێت. لەبەر خۆتمە؛ ناودەمت سوێر دەکات. ئێستا تۆ بڕۆ…
بووەستە… گوێ بگرە، دەزانم کە ناتوانیت بە باشی قسە بکەیت، ئەگەر توانیم ئەمشەو نامەکەم بنووسم، ئەوا تۆ سبەی دێیت و نامەکە هەڵدەگریت، بەڵێنت پێ دەدەم کە بتوانم ئەمشەو بینووسم، بەڵام نەکا دیسان نەمتوانیبێت، بیرت نەچێت، لەگەڵ خۆت هەندێک قەراخی نان ئەگەر پشیلە نەیبردبوو بهێنیت، دەی ئێستا بڕۆ، نەکەیت لەبیری بکەیت، ئەگەر نامەکەم نووسیبوو، لەسەر ئەم مێزە دایدەنێم، تۆ دەیبەیت بۆ پیاوی نانەواخانەکە و بە کەسیش ناڵێیت من مردووم.