فه‌رهاد غه‌ریب
چه‌ند ڕۆژێكه هاموشۆی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و به‌غدا خێرا بووه و ئه‌و ده‌نگانه‌ی له میدیاكانه‌وه باس ده‌كرێن ئه‌وه‌یه، كه لێكتێگه‌یشتن و ڕێكکه‌وتن له نێوان هه‌ردوو لادا نزیكه و هه‌رێم چه‌ند پێشنیارێكی داوه‌ته به‌غدا تا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر یه‌كێكیان بدات و دواتر ببێته خاڵی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو لا بۆ مه‌سه‌له‌ی بژێویی هاووڵایانی كورد له عێراق.
هه‌رچه‌نده ته‌فاسیلی ته‌واوی ورده‌كارییه‌كان و چۆنێتیی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو لا گرفتی خه‌ڵكی و میدیاكارانیشه، كه هێشتا ڕوون نییه كورد و به‌غدا له‌سه‌ر چ سیغه‌یه‌ك ده‌گه‌نه ڕێكکه‌وتن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه جموجۆڵ یان نییهتێكه لای نوخبه‌ی كوردییه‌وه، كه ده‌یه‌ویت بۆ ساڵی داهاتوو به‌غدا له پاره‌ی مۆڵ بێبه‌شی نه‌كات.
ئه‌م دیمه‌نه به گشتی، ماوه‌ی نزیكه ده ساڵه دووباره و چه‌ندباره ده‌بێته‌وه و وه‌فد ده‌چێته به‌غدا و ده‌گه‌ڕێته‌وه و كۆ ده‌بنه‌وه و میدیاكان پڕ ده‌بن له هه‌واڵی ״خۆش له به‌غداوه״، بێ ئاگا له‌وه‌ی، كه هه‌موو ئه‌مانه ئه‌گه‌ر دهرئهنجامێكیشی هه‌بێت جگه له ئازارشكێنێكی كاتی هه‌رگیز ناتوانێت گرفته گه‌وره‌كه چارسه‌ر بكات، كه ناوی لێ نراوه كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، كه له بنه‌ڕه‌تدا زاده‌ی كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی دیكه‌یه گه‌وره‌تر له مووچه و قوتی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت.
تاكی كورد بۆ ده‌بێت كێشه‌ی زه‌وتكردنی بژوێیی ژیانی هه‌بێت له كاتێكدا ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت ئه‌م تاكه هاووڵاتیی وڵاتێكه كه ناوی عێراقه، و وه‌كو هه‌ر تاكێكی عه‌ره‌بی له جیاتی پێدانی مووچه‌ی مانگی 8 ئه‌ویش مووچه‌ی مانگی 11ی وه‌ربگرتبایه، ئایا ئه‌مه سیاسه‌تی گشتیی حكومه‌تێكه، كه حرمان و بێبه‌شكردنی پێكهاته‌كانی كردووه‌ته ئه‌جێندای خۆی؟ یان شه‌ڕی نوخبهیهكه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكه ئاساییه‌كه؟
لێدانه‌وه بۆ ئه‌و پرسیاره هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌و ڕاستییه ناشارێته‌وه، كه زۆربه‌ی كات سیاسییه‌كان بۆ ئیدامه‌ی به‌رژوه‌ندییه‌كان، پاكێجهكان گشتگیر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه به‌رده‌وامی به شه‌ڕه‌كانیان بده‌ن، ده‌نا بۆچی بژێویی هاووڵاتیی ناو یه‌ك وڵات بووه‌ته ناونیشانی گه‌وره‌ی كێشه‌یه‌ك كه هاووڵاتیی ئاسایی هیچ گوناهێكی تێدا نییه و له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت واجبه بژێویی دابین بكات.
ئه‌م پرسه‌ی له عێراق ورژێنراوه، (ده‌ستبردن بۆ بژێوی)، جا جووڵێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌ر لایه‌نێك بێت حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن و مه‌ترسیداره، هیچ ده‌سه‌ڵاتێك زاتی ئه‌وه‌ی نییه مافی ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی زه‌وت بكات ئه‌گه‌ر به ده‌ق و كرده‌وه مانای هاووڵاتیبوون بزانێت، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتێكی دیكاتۆری وه‌كو ئه‌سه‌د له ماوه‌ی جه‌نگی سوریادا ده‌ستی بۆ مووچه‌ی هاووڵاتیانی كوردی وڵاته‌كه‌ی نه‌بردووه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه زۆرێكیانی ته‌نانه‌ت له مافی هاووڵاتیش بێبه‌ش كردبوو.
هه‌موو ئه‌م ده‌ربڕینانه بۆ پاكانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا نییه، كه پیمان وا بێت ئه‌وه نوخبه‌ی هه‌رێمه كه نه‌وته‌كه‌ی ناداتێ و حه‌قی بڕینی قوتی به‌شێكی هاووڵاتییانی هه‌یه، هه‌روه‌ها بۆ تۆمه‌تباركردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش نییه كه مادام نه‌وت نانێرێت، حه‌قی به‌غدایه مووچه نه‌دات، نه‌خێر، ئه‌گه‌ر نوخبه‌ی سیاسیی ئێستای به‌غدا بیه‌ویت سه‌روه‌ت و سامانی وڵات بخاته خزمه‌ت گه‌له‌كه‌یه‌وه و ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌رامه‌ته‌كانی وڵاته‌وه هه‌بێت، ئه‌وا چه‌ندین ڕێگه و ئه‌لته‌رناتیڤێ تر هه‌یه بۆ ناچاركردنی هه‌ولێر به ڕاده‌ستكردنی نه‌وته‌كه‌ی، به تایبه‌تی سیستمی فیدڕاڵی له زۆربه‌ی وڵاتاندا ڕێگه‌چاره‌ی ڕوون و ئاشكرای بۆ ئیداره‌دانی ئه‌م پرسانه داناوه.
هه‌موو ئه‌مانه ده‌مانگه‌یه‌نێته ده‌رئه‌نجامێك كه ده‌ستبردن بۆ بژێویی هاووڵاتییان و پۆلێنكردنی له چوارچێوه‌ی ململانێ سیاسییه‌كاندا، ڕه‌نگه باشترین ده‌رفه‌ت بێت بۆ نوخبه‌ی حکومڕانی هه‌ردوو لا (به‌غدا و هه‌ولێر) بۆ درێژكردنه‌وه‌ی یارییه‌كه و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، ئایا ئیتر كاتی ئه‌وه نییه كه ڕێككه‌وتن و سه‌فه‌قات به بژێویی هاووڵاتییانه‌وه كۆتایی پێ بێت؟