یەكێتیی و گۆڕان: دەیكەین بەڵام بە كێشەی ترەوە سەرقاڵین
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
ئەگەرچی هەریەکە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان سوورن لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنەیان وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە، هەردوولاش ڕایدەگەیەنن کێشەی پۆست لە نێوانیاندا نییە و بە کێشەی ترەوە سەرقاڵن.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە 11/12/2014ـدا ڕێكکەوتنێكیان واژۆ كرد لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین کە ژمارەیان دەیان پۆستە، بەڵام دوای تەواوبوونی دوو ساڵی یەكەم هێشتا ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و قایمقامەكانیان و قایمقامی ناوەندی سلێمانی و هەڵەبجە نەكراوە، تەنها ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە كراوە كە بە وەكالەت بە ڕێوە دەبرێن.
لەتیف شێخ عومەر، بەرپرسی مەڵبەندی 1ـی یەكێتیی لە سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەوەی ماوەتەوە لە هیچ لایەكمانەوە هیچ ڕێگرییەك نییە بۆ جێبەجێنەكردنی، ئێمە و گۆڕان خەریكی ئیشوكاری تر بووین و ئەولەوییەتی ترمان هەبووە، بەڵام بە زووترین كات ڕێكکەوتنەكە جێبەجێ دەکەین و لەو بارەیەشەوە بەردەوام گفتوگۆمان هەیە.״
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ئێستادا کێشەی لەپێشتر هەیە یەکێتیی و گۆڕانی سەرقاڵ کردووە و دەڵێت: ״هەوڵ دەدەین کە پارێزگارە نوێکانی هەڵەبجە و سلێمانی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بناسێندرێن و کێشەی یاساییان نەمێنێت.״
لیژنەیەكی باڵا لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا بۆ جێبەجێكردنی ڕێكکەوتنەكە بوونی هەیە كە پێك هاتوون لە هەر یەك لە: قادر حەمەجان، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و بڵێسە جەبار فەرمان، لەتیف شێخ عومەر، ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتیی. لای گۆڕانیش عومەر سەید عەلی، جەلال جەوهەر و ئاسۆ ڕەحیم و دانا عەبدولكەریم و ئاسۆ مەحموود ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕانن.
لەو ڕووەشەوە، دانا عەبدولكەریم، ڕێكخەری ژووری حكوومەت و پەرلەمان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ئەوان لەگەڵ یەکێتیی کێشەی پۆستیان نییە و لە داهاتوودا ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکەن.
وتیشی: ״لە ئێستادا هەندێ کێشەی تر سەرقاڵی کردووین و ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ئێمە و یەکێتییش وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.״