گقتوگۆی ئیدریس سیوەیلی
د. ئیبراهیم ئەمین جاف، لە سەردەمێكی زوەوە تێكەڵی ئیخوان بووە، بە لێهاتویی خۆی ئاستەكانی رێكخراوەیی بڕیوە گەیشتوەتە ناوەندی بڕیار و ئاگاداری وردەكاری كاری ئیخوان بوە لە باشووری كوردستان و ناوەڕاستی عێراق، لەم دیدارە درێژەدا بیرەروەرییەكانی خۆی لەناو ئیخوان دەگێرێتەوە، باس لەو ململانێیە دەكات كە رێزەكانی ئیخوان بەخۆیەوە بینی، لێكترازانی رێكخستنەكانی ئیخوان شیدەكاتەوە و كەموكورتییەكان دەخاتەڕوو.
ئاژانس: دەوترێت هەر لەو ماوەدا لە ناوەڕاستی عێراقدا هەندێك گەنجی ئیخوان پابەند نەبوون بە بڕیاری وەستاندنی كار و دەستیان كردەوە بە كار؟
د. ئیبراهیم جاف: وه‌ك ده‌زانیت گه‌نج واتە توانا و وزه‌یه‌كی زور گه‌وره و زه‌به‌لاح، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و توانا و هێزه گه‌وره به‌كار نه‌هێنرا بۆ درووستكردن و به‌رهه‌مهێنان و كاری باش، ئه‌وا بێگومان ده‌بێته كاره‌ساتێكی زۆر گه‌وره بۆ گه‌ل، وڵات، نیشتیمان و كۆمه‌ڵگا. له ساڵی (1959) ڕابه‌ری ئیخوان له عێراق كه شێخ محەمەد مەحموود سەواف بوو، له ترسی ده‌سه‌ڵاتی شیووعییهكان و مه‌ترسیی له‌ناوبردنی وڵاتی به‌جێ هێشت و به‌ره‌و سعوودییه كه‌وته ڕێ، دوای ئه‌و به كۆدەنگیی ئیخوان زانای گه‌ورەی عێراق دكتور عەبدولكەریم زیدان ئەلعانی به ڕابه‌ر دانرا، پاش كوده‌تای به‌عسییه‌كان له ساڵی (1968) به نزیكی چوار ساڵ، به‌عسییه‌كان له ڕێگه‌ی ئاسایشه‌وه بانگی دكتور عەبدولكەریم زیدان دەكەن بۆ ئاسایشی به‌غدا و پێی ڕاده‌گه‌یه‌نن ئه‌كه‌ر ڕێكخراوی ئیخوان ڕانه‌گرێت له عێراقدا، ئه‌وا چاره‌نووسی نادیار ده‌بێت، ئیتر ئه‌و به‌ڵێن ده‌دات به بڵاوەپێكردنی ئه‌و ڕێكخراوه و ڕاگه‌یاندنی ئاشبه‌تاڵ.
وا ده‌زانم له كۆتایی ساڵی (1972) بە دواوە، ئیتر ئیخوان بێسه‌روبه‌ر بوون له عێراقدا، به‌ڵام ژمارەیەك گەنجی ئیخوان كەوتنەوە جموجۆڵ و داوای دەستپێكردنەوەی كاریان دەكرد، سەركردە دێرینەكانی ئیخوان ئەوەیان ڕەت كردەوە، بەڵام ئەوان هەر سوور بوون لەسەر داواكەیان، بۆیە ناچار هەندێك لەو سەركردانە ڕازی بوون كە ڕێگە بدەن گەنجەكان كار بكەن، بەڵام پێیان وتن دەبێت كارەكە نهێنی بێت و ئەوانیش بەرپرس نین لە هەر كاردانەوەیەكی بەعس بەرامبەریان و تووشی هەرچی هاتن خۆیان بەرپرسن، ئەو گەنجانە لە بەغدا و دەوروبەری كەوتنە جموجۆڵ و لە ماوەی ساڵێكدا تا (1976) لە زۆربەی ناوچەكان شانەی ڕێكخستنیان درووست كردبوو. بەڵام لە ناوچەكانی كوردستان بانگەواز هەر بەردەوامی هەبوو، بە هۆی تایبەتمەندیی كوردستانەوە لەو كاتەدا.
ئاژانس: كەی بە ئیخوانەكانی ناوەڕاستی عێراق ئاشنا بوویت؟
د. ئیبراهیم جاف: لە (1975) لە سلێمانی قوتابی بووم، هەندێك گەنج هاتن بۆ لام كە سەرقاڵی كاری بانگەوازی ئیخوان بوون له به‌غدا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای یه‌كه‌م په‌یوەندیی به‌نده بوو له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی تازه‌ی ئیخوانی ناوەڕاستی عێراقدا، ساڵی (1976) لە كۆلێجی ئاداب زانكۆی بەغدا بوومە قوتابی، سەرەتای دەوام بوو گەنجێكی ڕووخۆشی خوێن‌شیرین لێم نزیك بووەوە خۆی پێ ناساندم، ناوی حەمدوڵڵا عقاب ئەلكوبەیسی بوو، قوتابی بەشی ڕاگەیاندن بوو، زۆر هەوڵی دا كە قەناعەتم پێ بكات و من و ئەو لەسەر یەك هێڵ و مەنهەجین، كاتێكیش دڵنیا بوو لەوەی من بەرپرسی چەند قوتابییەكی كوردم لە كۆلێجەكە، هەوڵی زۆری دا تەسلیمی ببم و قوتابییەكانی ڕادەست بكەم، بەڵام نەمكرد، یەكێكیش لەو كەسانەی لەناو قوتابییەكانم بوو خزمێكی خۆم بو بە ناوی (حەسەن ئەحمەد وەیس) كە حەمدوڵڵا هەوڵی دابوو قسەی لەگەڵ بكات، بەڵام ئاگادارم كرد لە بارەی بانگەوازەوە هیچی لەگەڵ باس نەكات.
ئاژانس: تۆ لەو ماوەدا لە كوردستان پەیوەندیت لەگەڵ كێ هەبوو؟
د. ئیبراهیم جاف: لەو ماوەدا تا ساڵی (1982) پەیوەندیی ڕێكخراوەییم لەگەڵ مامۆستا عومەر ڕێشاوی به چڕی هەبوو، ئەو كاتانەی دەگەڕامەوە لە بەغدا سەردانم دەكرد و چاوم پێی دەكەوت، چەندجارێك پرسیاری ڕێكخستنی ناوەڕاستی عێراقم لێ كرد، زۆرجار زەردەخەنەی دەكرد، جارانی تریش وای لێ تێگەیشتم كە ئاگایه‌كی وای نه‌بوو له دۆخی تازه و كه‌س هەواڵی پێ نه‌دابوو، مامۆستا عومەر ڕێشاوی هه‌ر باوه‌ڕی به په‌یوه‌ستبوون بوو به بڕیاره‌كانی كۆنی ئیخوانه‌كان له بەغدا، چونكە ئه‌ویش هه‌ر له‌و نەوەیە (نەوەی یەكەمی ئیخوان) بوو.
ئەو زۆر سوور بوو لەسەر ئەوەی بەردەوام بم لە كاركردن لەگەڵی، ترسی هەبوو بچمە ناو ڕێكخستنەكەی مامۆستا سدیق عەبدولعەزیز، پاش ساڵانی (1983) زوو زوویش پرسیاری لێ دەكردم ده‌چیت بۆ كانی عاشقان؟ كەست بینیوە دەربارەی بانگەواز قسەت لەگەڵ بكات؟
مامۆستا سدیق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه دووه‌م پیاوی ئیخوان بوو له ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه و سلێمانیدا و له نەوەی یه‌كه‌م بوو، به‌ڵام بیروڕای گۆڕیبوو ده‌رباره‌ی بانگەواز و ئیش و تازه‌كردنه‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی ئیخوان، ئه‌مه‌ش مامۆستا ڕێشاوی هه‌راسان كردبوو، چونكە مامۆستا ڕێشاوی پاش دەستبەرداربوونی مامۆستا مەلا عوسمان له ئه‌میری ئیخوان ئه‌و هه‌ڵبژێردرا به ئه‌میری تا ئه‌و كاته.
ئاژانس: چۆن لەگەڵ ڕێكخستنەكەی عێراق تێكەڵ بوویت؟
د. ئیبراهیم جاف: ئەو ماوەیە كە لە بەغدا بووم چەندجار لەگەڵ حەمدوڵڵا ئەلكوبەیسی قسەم كرد، دڵنیا بووم كە ئاگای لە كاری نوێی ئیخوانە و سەر بە ئەوانە، ئەو باسی ئەوەی دەكرد كە پەیوەندییان بە چەندین سەركردەی ئیخوانەوە هەیە لە دەرەوە، وه‌ك یووسف عەزم و عەبدوڵڵا عەزام، هەر لەو ماوەشدا بە چەند سەركردەیەكی ئیخوانی عێراقی ناساندم كە لەو قۆناغەدا چالاكییان هەبوو، لەوانە: ئەندازیار سەرمەد تەها دووری كە بەرپرسی ڕێكخستنی بەغدا بوو، ئەندازیار عەلی حسێن ئەعزەمی هەمەوەندی كە بەرپرسی ڕێكخستنی باكوور بوو، به ڕه‌گه‌ز كورد بوو، هەروەها دكتۆر عیسام كازم ڕاوی كە سەرپەرشتیار و بەرپرسی هەموو ڕێكخستنەكە بوو به بۆچوونم، هەروەها عەبدوڵڵا نازم ئەعزەمی كه ئه‌میش به ئه‌سڵ كورد بوو، ئەندازیار سەباح حسێن ئەعزەمی ئه‌م كوڕه‌ش هه‌ر به ڕه‌گه‌ز كورده .
دواتر منیش تێكەڵیان بووم، لێپرسراوی سه‌ره‌كیمان سەرمەد ئەلدووری بوو، جارجار به ته‌نها له‌گه‌ڵی كۆ ده‌بوومه‌وه، جارجاریش له‌گه‌ڵ حەمدوڵڵا ئەلكوبەیسی و عەبدولباست عەبدوسەمەد ئەلڕدێنی به یه‌كەوە كۆ ده‌بووینه‌وه له ماڵی ئەوەی دواییان له ناوچه‌ی مەنسوور له گه‌ڕه‌كی (دراغ). دوای حەمدوڵڵا ئەلكوبەیسی كه خوێندنی تەواو كرد، ئیتر بەرپرسی ڕێكخستنەكانی كۆلێجی ئاداب لە (1978- 1982) هه‌مووی خرایه ژێر ده‌ستی من به ڕه‌سمی .
دیارە هەر لەو كاتەشدا چه‌ند برایه‌كی ترمان هه‌بوون به‌ڵام له پله‌ی سهركردایەتیدا نه‌بوون، كاری ڕێكخراوەییان دەكرد، ئەوانیش: عامر عانی، عەبدولباست ئەلڕدێنی، عەبدولبەدیع ئەعزەمی، سەعد زەكی، یووسف ئەعزەمی، دەشوترا ئەیاد سامەرائیشیان لەگەڵدایە.
هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا بوو بڕیار درا له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی بانگەوازەوە- به قسه‌ی سەرمەد دووری و حه‌مدوڵا ئەلكوبەیسی- ده‌یانویست ڕێكخراوی تازه‌ی گه‌نجانی ئیخوان به شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ‌تر و توكمهتر ڕێك بخرێت و عێراق به‌ش بكرێت به چه‌ند به‌شێكه‌وه: بەغدا و چواردەوری، ناوچەی ڕۆژئاوا، ناوچەی باكوور، ناوچە سوننەنشینەكانی تری عێراق. چه‌ند كه‌سێكیش بۆ سه‌ركاری و سەركردایەتیی ئه‌م كاره له ناوچه‌كاندا ده‌ستنیشان كرابوون كه بریتی بوون له :
1 ـ عەلی ههمهوەندی و سەرمەد دووری بەرپرسی ناوچه‌ی به‌غدا و چوارده‌وری بن .
2 ـ ناوچه‌ی ڕۆژئاوای عێراق (ئەنبار) حەمدوڵڵا ئەلكوبەیسی بەرپرسی بێت .
3 ـ ناوچه‌ی باكوور به‌نده بەرپرسی بێت.
4 ـ سەرجەم ناوچه‌كانی تر بیرم نه‌ماوه كی بەرپرسی بێت.
ئاژانس: دەوترێت لە كاتی هەڵایسانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەندێك سەركردەی ئیخوان ویستیان كار دەست پێ بكەنەوە؟
د. ئیبراهیم جاف: لە سەروبەندی هەڵایسانی شۆڕشی ئێران، هەندێك لە ئیخوانە دێرینەكان تێڕوانینیان بۆ كار و بانگەواز گۆڕابوو، هۆكاری ئەمەش چەند شتێك بوو، لەوانە: جموجۆڵ و چالاكیی گەنجەكان لە سەرانسەری عێراق زیادی كردبوو، ئەمەش وای لەو كەسانە كردبوو حەماسیان بجووڵێت بۆ كار چاو لەو گەنجانە بكەن. ماوەی چەند ساڵ بوو ڕێكخستنەكان لە كار و چالاكیدا بوون و حكوومەتی بەعس نەیتوانیبوو دزە بكاتە ناویەوە، ئەمەش پاروویەكی چەور بوو كە هەندێك سەركردەی ئیخوان چاویان تێ بڕیبوو، دەیانویست ببنە ڕێبەر و سەركردەی ئەو ڕێكخستنە. هەروەها هەڵایسانی شۆڕشی ئیران كاریگەریی هەبوو لەسەر ئەو كەسانە.
یەكێك لەو كەسانە دكتۆر موساعید موسلیم بوو، مامۆستا‌م بوو له كۆلێج كه ئیستا له‌گه‌ڵ دكتور یووسف قەرزاوی كار ده‌كات له وڵاتی قه‌ته‌ر، ناوبراو كەسێكی ئازا و چاونەترس بوو، زۆرجار سەردانی دەكردم، سەرپەرشتی ڕێكخستنێكی ئافرەتانی دەكرد و لە زۆربەی كۆلێجەكان ئەندامیان هەبوو، كاتی شۆڕشی ئیرانی دەهاتە لام و منیش ده‌چوومه ماڵیان له ناوچه‌ی (ئەلمەنسوور)، هەندێك شتم دەربارەی شۆڕشەكە لە فارسییەوە بۆ وەردەگێڕایە سەر كوردی، لە سەردانەكانمدا زۆرجار باسی كاری ئیخوان و بانگەوازمان دەكرد، ئاگاداری كاری من بوو لەگەڵ حەمدوڵڵا كوبەیسی، داوای لێ کردم كار تێكەڵ بكەین، هەڵبەتە من هەرچەندە لەگەڵ ئەو ڕێكخستنە گەنجە تێكەڵ بووبووم، به‌ڵام قه‌ناعه‌تم وا بوو ده‌بێت كه‌سێك سه‌رپه‌رشتیی كاری بانگەواز بكات لە نەوەی یەكەمی ئیخوان بێت و كەسێكی كارامه و كاریزما بێت، تا بتوانێت سەرپەرشتیی ئەو ڕێكخستنە بكات به شێوه‌یه‌كی ته‌واو، دواتر زانیم ئەم تێڕوانینەم هەڵە بووە، بۆچوونێكی سۆزداری و نادرووست بووه.
دكتۆر موساعد موسلیم كه داوای كرد كار تێكەڵ بكەین، جارێك لێم پرسی كێت لەگەڵە بۆ ئه‌م كاره‌ت؟ وتی: دكتۆر عەدنان دلێمی و ئەمین یاسین عانی و ناوی دكتۆرێكی تریشی وت ناوەكەیم بیر نییە، له كۆلێژی پزیشكی یاخود دەرمانسازی بوو، منیش ئەمەم بۆ حەمدوڵڵا و سەرمەد و دكتۆر عیسام باس كرد، دكتۆر ڕەتی كردەوە كاری وا بكەین، ئه‌م كاره‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌رێنی له نیوان من و دكتور عیسام درووست كرد، چونكە ئه‌و ده‌یویست كه‌س له نەوەی كۆن ئاگای له كاره‌كه‌مان نه‌بێت، منیش زۆر سوورم بووم لەسەر ئەوەی كه پیاوێكی به‌ئه‌زموون كاره‌كه بگرێته ده‌ست و كاره‌كه‌مان زیاتر فراوان ببێت. هه‌روه‌ها شه‌هید حه‌مدوڵڵا و شه‌هید سەرمەد تا ڕادەیەك مه‌یلیان هه‌بوو بۆ تێكهیڵیهكه و تێگه‌یشتن له یه‌ك، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی تر ناڕازی بوون وه‌ك باسم كرد .
ئاژانس: دەوترێت لەو ماوەیەدا هەندێك لە ڕێكخستنەكانی ئیخوان ئاشكرا بوون و لە لایەن بەعسەوە دەستگیر كران؟
د. ئیبراهیم جاف: هەرچەندە كارەكانی ڕێكخستن لەو قۆناغەدا زۆر بە نهێنی بەڕێوە دەچوون، بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی بەعس بە وردی چاودێریی هەر جموجۆڵێكیان دەكرد كە بۆنی كاری ڕێكخستنی لێ بێت، لە كوتایی ساڵی (1979) یا سه‌ره‌تای ساڵی (1980) كتوپڕ حاجی عەبدولبەدیع ئەعزەمی لە لایەن دەزگاكانی ئەمنەوە دەستگیر كرا، دوو مانگ یا زیاتر لە زیندان مایەوە، هێندەیان ئەشكەنجە دابوو كە ئازاد كرا نەیدەتوانی لەگەڵ كەس قسە بكات.
ئەندامانی ڕێكخستن زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان دەكرد، گومان هەبوو هەموو جموجۆڵێكمان خرابێتە ژێر چاودێرییەوە، هەرواش بوو، زۆری پێ نه‌چوو دواتر حەمدوڵڵا گیرا، دوای ئەویش سەرمەد و عەلی و عەبدوڵڵا و عامر و چەند كەسی تر گیران، ئەو پێنجە لە مانگی ڕه‌مه‌زانی ساڵی (1980) شەهید كران.
له كوتایی به‌هاری ساڵی (1980) كه كۆتاساڵی خویندنم بوو له كۆلێجی ئاداب لە بەغدا، چاوم كەوت بە د. موساعید، لێم نزیك بووەوە و بە هێواشی پێی وتم ئیبراهیم بچۆ بۆ دەرەوەی عێراق، چونكە دەزگا ئەمنییەكان بە دواتدا دەگەڕێن، هەروەها وتی لەم ماوەیەدا من گیرام، بەڵام بە هۆی خزمێكمەوە ئازاد كرام، لە لێپرسینەوەدا ناوی تۆیان هێناوه، یه‌كێكیت له داواكراوه ئه‌منییه‌كان له ئاسایشی گشتیی به‌غدا، جا فریای خۆت بكه‌وه، پێش گرتنت، منیش ئەو ڕۆژە یه‌كسه‌ر خۆم گەیاندە لای سەعد زەكی تا پرسوڕاوێژی پێ بكەم، ئەویش شەو بە نهێنی بردمی بۆ لای ئەنوەر ئەحمەد عانی ـكە یەكێك بوو لە بانگخوازه دێرینەكانی ئیخوان، ئەویش ئامۆژگاریی زۆری كردم كە چۆن خۆم دەرباز بكەم و ئەگەر گیراشم ئارام بگرم و ناوی كەس نەبەم، خۆیشم بۆ دیداری په‌روه‌ردگار ئاماده بكه‌م، منیش به‌ڕاستی ترسام، به‌ڵام دانم به خۆمدا گرت لای كه‌س باسی دۆخەكەم نه‌كرد.
چەند ڕۆژێك لای سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب كه له مزگه‌وتی ڕەشاد بوو له ناوچه‌ی ئەلسەورە، خۆم حەشار دا و ڕاوێژم پێ كرد كە چی بكەم، ڕێك کەوتین كە ماوەیەك بچمە لای مامۆستا عومەر نیزامی كە ئیمامی مزگەوتی سەدرەددین بوو لەو كاتەدا له بابوشێخ لە بەغدا
.
ئاژانس: دوای ئەو ڕووداوانە بە تەواوی كارتان ڕاگرت؟
د. ئیبراهیم جاف: دوای ماوەیەك لە وەستاندنی كار لە دوای ئەو كارەساتەوە، جارێكی تر ژمارەیەك گەنجی ئیخوان دەستیان بە كار كردەوە، لەوانە دكتۆر عیسام ڕاوی، دكتۆر عەبولمەجید سامەرائی و سەباح حسێن ئەعزەمی، هەڵبەتە من لە (1983)ـوە دابڕابووم بەڵام چاودێریی دۆخەكەم دەكرد.
وا ده‌زانم له ساڵی (1984) بوو مامۆستا ئیبراهیم ڕێشاوی و سەلاحەدین محەمەد و عەلی زەمەقی و كەسێكی تر كە ناوەكەیم بیر نەماوە داوایان لێ كردم هاوڕێیەتیان بكەم لە سەردانی سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب له به‌غدا، سەید ئەحمەد ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان ئەوان و ئیخوانە عەرەبەكان بوو، من گەیاندمنە ماڵەكەی سەید ئەحمەد، بەڵام دانەنیشتم و نازانم باسی چی‌یان كرد، به‌ڵام ده‌مزانی بۆچی ڕۆیشتوون و چی‌یان ده‌وێت.
لە ڕاستیدا ئەوەی عەرەبەكان و بەتایبەت سەباح ئەعزەمی ئاشنا كرد بە كاری ئیخوان لە هەڵەبجە براده‌رێكی هاوڕێمان بوو كه له كولێجی شەریعه ده‌یخوێند، من هەر لە سەرەتاوە تێبینیم هەبوو لەسەر كاری ئه‌و براده‌ره كه جموجۆڵهكهی ده‌بێته مایه‌یی پشێوی و ماڵپهرتهوازەیی ئیخوانی كوردستان، به‌ڵام ئه‌و براده‌ره به گه‌نجی و خوێنگه‌رمی و بیرنه‌كردنه‌وه له ئاییندەی كارەكە سوور بوو له‌سه‌ر كاری خۆی، من داواشم لە سەباح ئەعزەمی كردبوو خۆی نزیك نەكاتەوە لە كاری هەڵەبجە بەتایبەت و كوردستان بە گشتی، چونكە لەو ناوچەدا كارێكی تا ڕادەیەك ڕێكخراوتر هەیە، با برا عەربەكان چاویان لەسەر كار و ڕێكخستنی ناوچه‌ی ناوەڕاستی عێراق بێت و ده‌ست نهخهنە ناو كاروباری ناوچه‌كانی ئێمه‌وه، چونكە ئەم ناوچەیەی ئێمه تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بانگەوازیشی تیایە، پێویست ناكات كەس دەست بخاتە كارەكانیانەوە، دیار بوو ئەمانیش لایەنگری باڵێكیان دەكرد لەسەر حسابی باڵەكەی تر، بۆیە سەرەتاكانی پەرتەوازەیی و لێكدابڕان دەركەوتبوو.
هەر لەو ساڵەدا سەباح ئه‌عزه‌می به هاوكاریی ئه‌و برایه كه باسم كرد، له‌گه‌ڵ برایه‌كی تری ناوداری ئیخوان لای مامۆستا عومەر ڕێشاوی و مامۆستا ئیبراهیمی برای شكایەتی لە من كردبوو، كاتێك گەڕامەوە هەڵەبجە، مامۆستا ئیبراهیم ڕێشاویم بینی، له‌ناو بازاڕی هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكدا بوو پیاسه‌یان ده‌كرد، ئه‌و به‌ڕێزه له‌وان ترازا و بانگی كردم و بهخیرهاتنهوهی لێ كردم، وتی كاك ئیبراهیم هیچ گومانم لە دڵسۆزی و ڕاستیی تۆ نییه بۆ ئه‌م بانگەوازە و بۆ ئیسلام، بەڵام بۆ ڕێگری لە خەڵك دەكەیت بانگەواز بڵاو بكاتەوە؟ وتم چۆن؟ ئیتر باسی سەباح ئەعزەمی كرد، منیش پێم وت: ئایا ئەو برایانە دەھێڵن ئێمە ببینە براگەورە و سەرپەرشتیاریان لە كاروباری بەغدا؟ ئەوان ئەوەیان دەوێت كە سەركردایەتیمان بكەن، من لەگەل ئەوان كارم كردووە، ئەوان گەنجن وەكو ئێمە و بە تەمەن نین، ئەزموونیان وەكو ئێمەیە ئیتر بۆچی بیانكەینە براگەورە، بۆچی براكانی خۆمان قبووڵ ناكەین بەڵام ئەوەنە سنگمان فراوانە بۆ ئەوان؟! ئەمە بانێكە و دوو هەوا.
ئاژانس: كەی پەیوەندیت كرد بە باڵی مامۆستا سدیق عەبدولعەزیزەوە؟
د. ئیبراهیم جاف: لە مانگی (حوزەیرانی 1985) بەرەبەیانێك لە لایەن حزبی بەعسەوە لە هەڵەبجە دەستگیر كرام، گواستیانمەوە بۆ كەركوك و پاشان بۆ بەندیخانەی هەواڵگری سەربازی له نزیك شاری كوت، پاش چەند مانگێك لەوێ مامه‌وه له‌و به‌ندیخانه‌دا، پاشان بە هاوكاریی ئەفسەرێك هەڵاتم و گه‌ڕامه‌وه به‌غدا و دواییش هه‌ڵه‌بجه.
بەر لە گیرانم لە (1985) مامۆستا سدیق عەبدولعەزیز پەیوەندیی پێوە كردم و باسی ڕێكخستنی نوێمان كرد و وه‌ك ئێستا له یادم دێت له نزیكی مزگه‌وتی سەلاحەدین به‌رەو تووهوشك چووین و گفتوگۆمان كرد، دواتر چەند جارێك یەكترمان بینی، ئیتر لەو كاتەوە من بوومە پاڵپشت و پشتیوانی ئەندامانی هێڵەكەی، دوای ئەوەی حكوومەتی بەعس لێبووردنی دەركرد، گەڕامەوە بەغدا و كارگەیەكی بچووكی درووستكردنی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلم دامەزراند، نهۆمی سەرەوەی كارگەكە شووقە بوو، گرتم بە كرێ و قوتابیانی هێڵی مامۆستا سدیق كە لە بەغدا دەیانخوێند تێیدا نیشتەجێ بوون، له‌وانه دكتور حسێن محەمەد ساڵح، مامۆستا عەبدولڕەحمان محەمەد عارف، مامۆستا محەمەد حەسەن تریفه‌یی، مامۆستا مه‌لا عوسمان پێنجوێنی، كاك حەسەن باڵابەرز و چه‌ند كه‌سێكی تر كه له یادم نه‌ماون .