سازدانی: شۆڕش ئەنوەر
لەم گفتوگۆیەدا دکتۆر موسەنا ئەمین شارەزا لە فیکری ئیسلامی لە بارەی شکستی ئەزموونی تێکەڵاوکردنی دین و سیاسەت و دەوڵەت پێی وایە کە ئەمە شکستی ئەو مۆدێلەیە کە نەیزانیوە چۆن دین لەگەڵ سیاسەت تێکەڵاو دەکات. پێشی وایە کە دەبێت دین لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا گەشە پێ بدەین بە شێوازێکی سرووشتی بەبێ سەپاندن، دکتۆر موسەنا باوەریشی وایە کەنابێت دەوڵەت دینی بێت ودەوڵەتی دینی لەئیسلامدا مەرفوزە ولەناوهەموو گرووپە ئیسلامییەکان گفتوگۆ هەیە بۆ گەیشتن بە جوانترین شێوازێکی تێکەڵکردنی بەها ئایینیەکان بە کاری سیاسی ناشیشارێتەوە کە ئێمە لە قۆناغی ڕاگواستنداین، وە لە قۆناغی درووستبوون و فێربوونی سیاسەتداین و لە هەموو شتێکدا سەرەتایین.
ئاژانس: ئایا ئەزموونی تێکەڵاوکردنی سیاسەت و دین لەسەر ئاستی حزب و لەسەر ئاستی دەوڵەت لە سەردەمی تازەدا شکستی نەهێناوە؟
د موسەنا ئەمین: من پێم وا نییە مەسەلەکە شکست بهێنێ، تەنها مۆدێلێک لە مۆدێلەکانی ئەو پرەنسیپە شکست دەهێنێ، ئەو مۆدێلەی کە نەیزانیوە چۆن دین لەگەڵ سیاسەت تێکەڵاو دەکات، جا یا زیادەڕۆیی لە تێگەیشتنیدا کردووە لە دین، یان زیادەڕۆیی لە تێگەیشتنیدا کردووە لە سیاسەت.
ئاژانس: بەڵام ئێمە لە بەردەم زیاد لە مۆدێلێکی شکستخواردووی تێکەڵکردنی دین و سیاسەتین لەسەر ئاستی مەزهەبە جیاوازەکان و جوگرافیا جیاوازەکان وەکو ئەزموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ئەزموونی شیعە، ئەزموونی شکستخواردووی وەهابی سەلەفی لە سعوودییە، ئەزموونی ئیخوان لە سوودان هەیە، ئەمە بەڵگە نییە لەسەر شکستی ئەزموونی تێکەڵاوکردنی دین و سیاسەت؟
د موسەنا ئەمین: بە بڕوای من ئەوە پەیوەندیی بە خود و سیستمەکەوە هەیە کە لە وڵاتێکی شکستخواردوودا ئەم مۆدێلە پەیڕەویی کراوە، ئەو دەوڵەتانە لەبەر چەند هۆکارێکی بەدەر لەوەی کە پەیوەندی بە دینەوە هەبێت شکستخواردوون.
ئاژانس: بەڵام ئەم کێشانە لە سعوودییە و ئێران نین، بۆ ئەمانە ناتوانن ئەزموونێکی سەرکەوتووی تێکەڵاوکردنی دین و سیاسەت پێشکەش بکەن؟
د موسەنا ئەمین: مۆدێلی ئێران و سعوودییە ڕەنگە جیا بێت لە هی سودان، مۆدێلی سودان لەبەر زروفە مەوزوعییە دەرەکییەکان شکست دەهێنێت و کارا نییە، نەک لەبەر تێکەڵاوکردنی دین و سیاسەت، بەڵام لە کاتێکدا دین مانایەکی توندڕەوی بدرێتێ، یان مانایەکی ئایدۆلۆژی مەزهەبی پێ ببەخشرێت وەکو ئایدۆلۆژیای وەهابی لە سعوودییە یان ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیە لەئێران، لەم حاڵەتەدا تۆ باس لەدین ناکەی باس لە ئایدۆلۆژیایەکی مەزهەبی تایبەت دەکەی لەبیروبۆچونێکی تایبەت، هەر شتێک ئاوەها بێت ئایدۆلۆجیای مەزهەبی تایبەت کەرەسم ورەنگی کۆمەڵە خەڵکێکی تایبەتکراو هەڵگرێت، وەبیانەوێ بە ئامرازەکانی سیاسەت بیسەپێنن بەسەر کۆمەڵگادا ئەومۆدێلە هەرچی بێت شکست دەهێنێت، لەسەرەتاوە گوتم ڕەنگە مەسەلەکە لەچۆنیەتی تێکەڵکردنی دین وسیاسەت بێت، لەوێدا شکستی هێناوە.
ئاژانس: سرووشتی پەیوەندیی نێوان دین و دەوڵەت، دین و سیاسەت دەبێت چۆن بێت؟
د موسەنا ئەمین: ئەم چوارچێوەیە دەبێت بە شێوازێکی کارلێکردن بێت، واتا سیاسەت دەتوانێ خزمەتی گەورەی دین بکات لەرێگای ڕاستکردنەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتیەوە، وەهەر ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیش ڕاست وتەندرووست بوو دین لەوەها ژینگەیەکدا گەشە دەکات، نەک لەژینگەیەکی شکستخواردوو، دینیش دەتوانێ هاوبەش بێت لەبەشداریکردن لەکۆمەڵگا بۆئەوەی چۆن بچێتەوە سەر ڕاستەرێگای خۆی،چۆن ببێتە کۆمەڵگایەکی سەرکەوتوو.
ئاژانس: بەڵام پێت وا نییە لەم تێکەڵاوکردنەدا هەمیشە دین زەرەرمەند و بەناشیرینکراوی لێی هاتووەتە دەرەوە؟
د موسەنا ئەمین: ئەوەندەی باسی کرداری گرووپە تایبەتەکان دەکەی، یان شکستی حزبە سیاسییەکان، ئەوەندە باسی تێکەڵکردنی دین وسیاسەت ناکەی، ئێمە دەبێت سەرەتا پێناسەی دین و سیاسەت بکەین، ئینجا دەردەکەوێ تێکەڵ دەکرین یان نا، دین بۆکۆمەڵگا هاتووە،بۆئەوەی کۆمەڵگا ڕاست بکاتەوەو گەشەی پێبدات لەرەهەندی ئەخلاقی وروحی وتەشریعی وقانونی، سیاسەتیش دەیەوێ ئەم کۆمەڵگایە ڕێک وراست وباش وپاک بێت بەڵام لەکاتێکدا سیاسەت دەبێتە گەندەڵی، گەندەڵی لەناو سیاسەتدا دەبێتە ئامانج لەناو حزبێکی شکستخواردوودا، ئیستبداد بەنموونە کەدین هاتووە دژایەتی ئیستبداد بکات، ئیستبداد کۆمەڵگا وێران دەکات، مەفروزە سیاسەتیش دژایەتی ئیستبداد بکات، بەڵام لەکاتێکدا هەریەکێک لەمانە لە ئاڕاستەی خۆی دەترازێت، بۆنموونە دین لەئەنجامی تێگەیشتنی چەوتی مرۆڤەوە لەمانای ڕاستەقینەی خۆی دەردەچێت یان سیاسەت لەئەنجامی حزبێکی گەندەڵی شکستخواردوو لە ئامانجە حەقیقیەکانی خۆی کەخزمەتی کۆمەڵگایە دەردەچێت، لەم دوو حاڵەتەدا مۆدێلەکە شکست دەخوات، یان پەیوەندیشی هەیە بەتێگەیشتنی هەڵە لەدین یان پەیوەندی هەیە بەمومارەسەی هەڵەی سیاسەتەوە.
ئاژانس: دەگوترێت یەکێک لەو گرفتانەی کە لە ئەمرۆی گرووپە ئیسلامییەکاندایە بریتییە لەوەی کە دین تێکەڵاوی هەموو شتێک دەکەن بوارێک نامێنێتەوە کە هەوڵی بردنی دینی بۆ نەدەن.
د موسەنا ئەمین: ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە دین، دین خۆی مەساحەیەکی گەورەی هێشتۆتەوە بۆکۆمەڵگا،وەبەبروای ئێمە سیاسەتیش پێویستە مەساحەیەک بۆ کۆمەڵگا بهێڵێتەوە،نابێت بەومانایە لەدین تێ بگەین کەلەهەموو بوارێکی کۆمەڵگادا بیسەپێنین، بەڵام دەبێت دین لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵگا گەشە پێ بدەین بەبێ سەپاندن واتا هەوڵ بدەین بەشێوازێکی سرووشتی بەبێ سەپاندن بەشێوازێکی جوان بچێتە بوارەکانی کۆمەڵگاوە، وەلەهەر کوێیەک دین هەبوو پاکی وراستی ونەزاهە وعەدالەت هەبێت، ئیتر ئەمە پێویستە بچێتە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگاوە، بەو مانایە پێم وانییە کەس نارەزایەتی هەبێت، بەڵام ئەگەر بەمانای سەپاندنی دین بێت ئەوە بێگومان کارێکی هەڵەیە، دەبێت مەجالێک جێ بهێڵین بۆ کۆمەڵگا خۆی بریاربدات.
ئاژانس: پێتان وا نییە ئەوانەی کە داکۆکی دەکەن لە تێکەڵاوکردنی دین و سیاسەت خۆیان گەورەترین هۆکارێکن بۆ شکستی ئەو ئەزموونە؟ بە هۆی ئەوەی لە گۆڕانکارییە تازەکانی دونیای سەردەم تێناگەن و زیاتر سەرقاڵن بەو جەدەل و کێشمەکێشمە سیاسی ومەزهەبی و فقهییانەی کە لە ڕابردوودا لە بارەی شێوازەکانی حوکمڕانی هەبوون؟!
د موسەنا ئەمین: ئەو پرسیارە ئەوەندەی تۆمەتە، ئەوەندە پرسیار نییە، من وا نازانم بەو ڕەهاییە شتەکان ڕاست بن بۆ هیچ جۆرە گرووپێک نە بۆ ئیسلامییەکان نە بۆ عەلمانییەکان و مارکسییەکان، بۆ هیچ کەسێک بەو ڕەهاییە ڕاست نییە، ئەوانەی هەوڵی بردنی دین دەدەن بۆ ناو سیاسەت لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی ئێستا لە اخوان الموسلمینەوە ئەم نەریتە داهاتووە لە کۆمەڵی ئیسلامی پاکستان لە کۆمەڵێک بزووتنەوەی ئیسلامی تر کە لە دوای ڕووخانی خیلافەتی عوسمانی درووست بوون، هەوڵیان دا نەک لە بواری سیاسی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا جارێکی تر دین ببوژێننەوە، بەڵام وەکو گوتم لەوانەیە لە میکانیزمەکان هەڵە کرابێت نەک لە ئەسڵی پرەنسیپەکە، بەڵکو ئەسڵی پرەنسیپەکە پێویستە لەهەموو کاتێکدا هەبێت کە دەبێت لە رێگایەکەوە بکرێت، دەبێت دەرک بەو ڕێگایە بکەین، دەبێت دین بچێتە ناو ناخی مرۆڤە سیاسییەکانەوە، میکانیزمی تەندرووستیی دین بریتییە لەوەی کەدین بخرێتە ناو ناخ ورەوشتی مرۆڤەکانەوە، بخرێتە عەقڵیانەوە، مرۆڤەکان وەکو تاکەتاکەی خۆیان، پاشتر لە رێگای ئەو مرۆڤەکانەوە دەچێتە ناو کۆمەڵگاشەوە.
ئاژانس: بەڕاست دەوڵەتی دینی پێویستە؟
د موسەنا ئەمین: نا نابێت دەوڵەت دینی بێت، دەوڵەت میکانیزمێکە بۆ خزمەتی کۆمەڵگا، نابێت شوناس و ڕەنگێکی ئایینی دیاریکراو هەڵگرێت کە بسەپێنرێت بەسەر خەڵکدا، نەخێر بەڵام دین ڕۆحێکە تاکەکانی کۆمەڵگا زیندوو دەکاتەوە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتیشەوە لە رێگای مرۆڤە دیندارە پاکەکانەوە!
ئاژانس: تا ئێرە لەناو گرووپە ئیسلامییەکان، قسەکردنی جددی هەیە لە بارەی سرووشتی پەیوەندیی نێوان دین و سیاسەت لە سایەی گۆڕانکارییە تازەکانی دونیا؟
د موسەنا ئەمین: بەردەوام ئەو جەدەل و لێکۆڵینەوەیە هەیە، ئەو موراجەعەکردنە لەناو هەموو گرووپە ئیسلامییەکان بەردەوامە، بۆ گەیشتن بە جوانترین شێوازێکی تێکەڵکردنی بەها ئایینییەکان بە کاری سیاسی، ئەی باشە جەنابت بۆ باسی مۆدێلێکی وەکو تورکیا ناکەی؟ کاتێک تورکیا بەدەر لە مەسەلەی کورد لە نێوان دوو کەوانەدا ئەمە بخەرە ئەولاوە، کە کێشەیەکی قووڵ و ئاڵۆزە و هی ئەم حکومەتە نییە، بەڵام بەدەر لەوە کەسێکی ئیسلامی وەکو ئەردۆگان کە توانیویەتی مۆدێلێکی سیاسیی ئابووری پێشکەوتوو پێشکەش بکات.
ئاژانس: بەڵام ئەو مۆدێلە ئیسلامییەی تورکیا دواجار دەرنجامی ئەزموونی سیستمی عەلمانیی تورکیایە!
د موسەنا ئەمین: ئەوە ڕاست نییە نەخێر ئەو وڵاتە لەسەر دەستی عەلمانییە کەمالیستەکان دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرست و شۆڤێنی و نادیموکراسی بوو، دەوڵەتێک بوو پڕ بوو لە گەندەڵی، بەردەوام بەهای لیرە دەشکا، بەردەوام ژیان پڕ بوو لە گەندەڵی، دەوڵەتێکی شەڕانگێز بوو، بەڵام لە سایەی پارتی داد و گەشەپێدان ئێستا حاڵی دیموکراسی باشترە، هەتا کێشەی کورد لە سایەی ئەم پارتە چووەتە پێشەوە، ئابووری زۆر چووەتە پێشەوە، ئەمە بەرهەمی ئەو ئیسلامییانەیە.
دەتوانم بڵێم ئەو مۆدێلە وەختێک کەسێکی بە ئایین پەروەردەکراو حزبێکی وەکو داد و گەشەپێدان ئیسلام دەبەنە ناو کایەکانی کۆمەڵگا بە شێوازێکی سرووشتی بەبێ ئەوەی ئیدعا بێت، دین دەبێتە کردار و پڕۆژە هەتا دەوڵەتەکە تا ئێستاش سیستمەکەی عەلمانییە، بەدەستوور دەوڵەتێکی عەلماینیە، بەڵام ئەوەتا حزبێکی ئیسلامی کاری گەورەی کردووە بۆ گەشەسەندنی تورکیا لە ڕووی ئابووری و سیاسی و ماف و کەرامەتەوە.
ئاژانس: بەڵام پێت وا نییە ئیسلامییەکان ئەگەر لە ئێستادا قسەش بکەن لەسەر موراجەعەی سرووشتی پەیوەندیی نێوان دین و سیاسەت قسەکردنەکانیان زۆر سادە و هامشییانەن و خۆیان نادەن لە جەوهەری باسەکان و زیاتر بە بابەتە ڕواڵەتییەکان خەریکن بە نموونە گۆڕینی ئایەت و درووشمە دینییەکان بە سمبول؟
د موسەنا ئەمین: ئەمە ئیدعایەکی ڕاست نییە، مەسەلەی تێگەیشتن لە سرووشتی دەوڵەت مەسەلەیەکە دەتوانم بڵێم لە هەموو هێزە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە جۆرێک لە تێگەیشتن لە بونیادی دەوڵەت، چۆنیەتیی کاراکردنی کۆمەڵگا و دەوڵەت و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سیستمێکی سیاسی تەندرووست و ئابووری تەندرووست و پەروەردە، ئەم سیستمە ئاڵۆزە، تا ئێستا کۆمەڵگای ئێمە بەگشت لایەنەکانەوە دەرکمان بۆی لەئاستی پێویستدا نییە، لەبەر ئەوە سرووشتیە ئیسلامییەکانیش کوڕی ئەم کۆمەڵگایەن، ئەو قوڵی و تێگەیشتنەیان نییە، هەوروەها عەلمانی و قەومی و چەپەکانیش وان، ئێمە کوڕی ئەم کۆمەڵگایەین و هەروەها لەمامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەم سیستمە سیاسییە نوێیە کەئێمە زۆرجار ناوەکانیان هاوردە دەکەین نەک ناوەڕۆکەکانیان، ئەوانیش وەکو ئێمەن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئیسلامییەکان لە هەموو ئەو گرووپانەی تر تا حەددێکی زۆرتر لانیکەم لەبواری تیۆریدا زۆرباشترن.
ئاژانس: بۆچوونت چییە لە بارەی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت؟ یان دین لە سیاسەت و حزب؟
د موسەنا ئەمین: دین لە حزب جیا دەکرێتەوە، بەڵام دین لە سیاسەت جیا ناکرێتەوە، کاری حزبی و کاری حوکمڕانی جیایە لە کاری سیاسی.
ئاژانس: چۆن؟
د موسەنا ئەمین: کاری حوکمڕانی یان کاری حزبی شێوازێکە لە شێوازەکانی کاری سیاسی، هەموو شێوازەکانی کاری سیاسی نییە، لە چوار کەناڵەوە مرۆڤ دەتوانێ کەسێکی کارابێت لەبواری سیاسەتدا، لە درووستکردنی ڕای گشتی، لە کارابوون لەناو گرووپەکانی فشار لە شەقام، لە ڕێی حزبە سیاسییەکان لەرێی حوکمڕانی، پڕۆسەی حزبایەتیی حوکمڕانی دەکرێت جیا بکرێتەوە لە مەسەلەی ڕواڵەتی و بنەمای دینی، چونکە جاری وا هەیە لە پڕۆژەیەکی سیاسیدا لە ئامانجێکی حزبێکی سیاسیدا دەکرێ خەڵکانێکی تریش لەگەڵ بن لە دیندا لە تۆ جیاوازن، بەڵام لەئامانجی سیاسیدا لەگەڵ تۆ یەک دەگرنەوە، ئەمەش مەسەلەیەکە لەزووەوە ئیسلامییەکان دەرکیان پێی کردووە، لەوانەیە بڵێین توندترین مۆدێل کەقەراربێت اخوان موسلمینە کەمۆدێلێکی ئیسلامی ڕەسەن و مەشهورەودایکی ئەم بزووتنەوە ئیسلامیانەیە، کە ڕێگای پێ دراحزب درووست بکات، جێگری سەرۆکی حزبەکە مەسیحی بوو، لەبەر ئەوە ئەمە مۆدێلێک نییە کەتازە ئیسلامییەکان دەرکی پێ بکەن یان باوەری پێ بهێنن، ئیسلامییەکان لەزووەوە باوەریان بەوە هەیە کەحوکمڕانی وحزبایەتی دەکرێت لەدین وئینتیمای دینی جیابکرێنەوە، بەڵام کاری سیاسەت چالاکبوونی مرۆڤە بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگاو چاکسازی کۆمەڵگا، هەموو کردەیەکی سیاسی دەربرینی ڕایەک، بەشداریی کردن لەخۆنیشاندان و ڕیفراندۆم، چالاکبون لەشەقام، درووستکردنی ڕای گشتی، ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات، ئەمانە هەمووی کاری سیاسین، وەئەمە بەشێکە لەکاری دینداریش هەروەک چۆن کارێکی سیاسییشە، لەوێدا دینداری وسیاسەت ناتوانرێت لەیەکتر جیابکرێنەوە، بەڵام لەپڕۆسەی حوکمڕانیدا دەبێت دەوڵەت هی هەموو مرۆڤەکان بێت وەهی هەموو وێنەکان بێت، وەهی هەموو خەڵک بێت.
ئاژانس: بەڵام پێت وا نییە بۆ ئەوەی ئەمە وەها بێت دەبێت ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی دینی مەزهەبی نەبێت، لە ئەورووپا کە دین و مەزهەب خرانە لاوە ئینجا لە ئەنجامدا دەوڵەت بوو بە هیی هەموان، ئایا پێویستیمان بە گواستنەوەی ئەم ئەزموونەی ئەورووپا نییە؟
د موسەنا ئەمین: نا دەوڵەتی دینی لە ئیسلامدا مەرفوزە، ئێمە چۆن زەواجی مەدەنیمان لە بواری کۆمەڵایەتی و خێزاندا نییە، هەروەها دەوڵەتی دینییشمان نییە، دەوڵەتی دینی بە مانای ئەوەی کە دین دەبێتە پێوەری مافەکان، لە ئیسلامدا مافەکان پەیوەندییان بە دینەوە نییە، پەیوەندییان بە مرڤبوون و هاووڵاتیبوون و ئاشتیخوازبوون و ئەمانەوە هەیە، هەر مرۆڤێک لەم کۆمەڵگایە بژی لەگەڵ موسڵمانان مافی وەکو ئەوان وایە و پێویستە هەمان مافی پێ بدرێت و هەمان ئەرکیشی پێ بسپێردرێت و هەمان ڕێزیشی بپارێزرێت و بەشداریشی پێ بدرێت و ئەمە مافی خۆشیەتی.
ئاژانس: بەڵام پێت وا نییە ئەمە جێگای ئیشکالە لەسەر زەمینی واقیع؟ لەو ئەزموونە ئیسلامییانەی کە هەن چ لە شێوازی حوکمڕانیی وەهابییانەی سعوودییە یان ئێران و سودان، ئەوەی باسی دەکەی بوونی نییە
د موسەنا ئەمین: با من نموونەیە بە جەنابت بڵێم لەسەر ئەوەی سودان، سودان هەرچەندە لە ڕووی ئابووری و شێوازی حوکمڕانییەوە وەکو کۆمەڵگا لە قۆناغێکی دواکەتوودایە، بەڵام فیکری سیاسی ئیسلامی زۆر پێشکەوتووە، بە نموونە پێش ئیسلامییەکان هیچ کەس لە سودان ڕیفراندۆمی باشوورییەکانی قبووڵ نەکردووە و دانی نەناوە بە مافی ئەوان، بۆ ئەوەی سەربەخۆبن، ئەوە ئیخوانەکان کردیان ئەمە دیدگایەکی زۆر پێشکەوتووە بەبەراورد بەوەی ئێمە لە عێراق هەمانە.
دەوڵەت لە ئیسلامدا دینی نییە مەدەنییە و بۆ هەموو مرۆڤێکە، ماف و جڤات لە دەوڵەتی ئیسلامیدا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونە، نەک لەسەر بنەمای دین.
ئاژانس: قسەکردن لەسەر پێویستیی جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت پێت وا نییە کە زۆرتر پەیوەندیی هەیە بە فەشەلی مومارەسەی ئیسلامییەکان لە ئەزموونی حوکمڕانیی دینییان؟
د موسەنا ئەمین: ئەمە پەیوەندیی بە هەردوو ڕووەکەوە هەیە، فەشەلی سیستمی حوکمڕانی و فەشەلی کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە هەمووی، کە وەکو کۆمەڵگاش فاشیلە، کۆمەڵگاکان حوکمڕانەکانیشیان فاشیلن، ئیسلامی بن یان چەپ یان ڕاست فاشیلن، کۆمەڵێک کێشەی جەوهەری هەیە، هەتاوەکو دین جوان بچێتە ناو ناخی کۆمەڵگا بە سیاسەتیشەوە، کۆمەڵگا ئاسوودەتر و لە عەدالەت و بەها جوانەکان نزیکتر دەبێت، ئەو بەها جوانانەی لە سیستمی ئەورووپیدا دەیانبینین هەمووی لەناو دینەکەی ئێمەشدا هەیە.
ئاژانس: ئەی بۆچی نەگەیشتوون بەو ئاستە؟
د موسەنا ئەمین: بە قەناعەتی من مەسەلەکە هەرتێگەیشتن نییە، بۆ ئەوەی بگەیتە لوتکەیەک هەر تێگەیشتن ناتگەیەنێتە لوتکە، بەڵکو بە هەوڵدان و قۆناغ بە قۆناغ، بە سەرکەوتن و قوربانیدان دەگەی بە لوتکە، ئێمە کۆمەڵگاکانمان تا ئێستاش پڕن لە شەڕ و ناکۆکی، ئێمە لە قۆناغی ڕاگواستنداین و لە قۆناغی درووستبوون و فێربوونی سیاسەتداین و لە هەموو شتێکدا سەرەتایین، ئایینیش تێکەڵ بکەی بەو سیستمە هەر دەشێوێ، فکری ڕاست و چەپیشی تێکەڵ بکەی هەر دەشێوێ، بۆ لەم وڵاتانەی ئێمەدا قەومییەت و ناسیۆنالستی شکستی نەهێناوە؟ ئابڕوویان چووە، بۆ چەپەکان ئابڕوویان نەچووە؟ هەموو سیستمەکە!
هەرکەسێک بێت ئەم سیستمە بەڕێوە بەرێت ئەندازەیەک لەو ئیدعا و بیربۆچوونە ئایدۆلۆجییانەی دەشێوێ ئەگەر چەند جوانیش بن، کێشەکە لێرە ئەوەیە کە وا بزانرێت چارەسەر ئەوەیە دین لە سیاسەت جیا بکرێتەوە، نا بە پێچەوانەوە دین زۆر پێویستە، پێویستیمان بە بەها جوانەکانی دینە.