ئەوقاف: هانی هیچ كه‌سێک ناده‌ین زه‌كات بداته حزبه ئیسلامییه‌كان
ئاژانس – ئه‌حمه‌د باڵه‌كى
״ڕه‌مه‌زان دادێت ده‌بینم چه‌ندین كه‌س زه‌كات وه‌رده‌گرن به‌س شایسته نین، گوایه هه‌تیوه، یان خزمی ده‌وڵه‌مه‌ندى ده‌یداتێ، وه‌ڵڵاهی منیش فه‌قیرم به‌س شه‌رم ده‌كه‌م داوا بكه‌م زهكاتم پێ بده‌ن، به‌س ئه‌وان وا ده‌زان كه ئه‌وانه‌ی مووچه وه‌رده‌گرن هه‌موویان باروگوزه‌رانیان باشه، بشمرم له برسان به كه‌س ناڵێم زهكاتم پێ بده‌ن״، ئه‌مه وته‌ى حامد زێرۆى ناوى خوازراوى پێشمه‌رگه‌یه‌كه و ته‌مه‌نى 46 ساڵه و خاوه‌نى 7 منداڵه.
ساڵانه له مانگى ڕه‌مه‌زاندا به پێى ئایینیی ئیسلام، زه‌كات و سه‌رفیتره ده‌درێت به هه‌ژاران، به‌شێك له سه‌رمایه‌داران و بازرگانان داوا ده‌كه‌ن، دامه‌زراوه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى زه‌كات و سه‌رفیتره دابه‌ش بكات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ى شایسته‌ن به یه‌كسانیی به‌ریان بكه‌وێت.
نه‌به‌ز ئیسماعیل كه‌مال وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینیی هه‌رێم بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״ئێمه هیچ پهیوهندییەکمان به حزبه ئیسلامییه‌كانه‌وه نییه، ئه‌وانه حزب ئێمه حكومه‌تین دوو ئاڕاسته‌ی جیاوازمان هه‌یه، هانی هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش ناده‌ین كه‌وا زه‌كات و سه‌رفیتره بداته حزبه ئیسلامییه‌كان، ئه‌وانیش دابه‌شی بكه‌ن״.
وتیشى: ״ئیشی حزبه ئیسلامییه‌كان نییه كه‌وا پاره كۆ بكاته‌وه، ئه‌ى ئیشى وه‌زاره‌تی پلاندانان چییه، وه‌زاره‌ته‌كانی تر ئیشیان چییه، بۆیه ئه‌وان به‌رپرسن له‌و بارودۆخه و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییش به‌رپرسه له‌وه‌ی ڕێگه ده‌دات له‌و ڕاگه‌یاندنانه‌وه كه‌وا داوا بكرێت پاره‌یان پێ بده‌ن و پاره كۆ بكرێتەوە، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته لای ئێمه با به دڵنیایی ئه‌و جۆره قهناتانهمان داده‌خست״.
״له ئێستادا پڕۆژه‌یەك له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ئاماده كراوه، له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی، پشتیوان سادق به‌وه‌كاله‌ت پڕۆژه‌یەكی زیندوو كرده‌وه، له لایه‌ن به‌رپرسه باڵاكان و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان ڕاوێژكاره‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف پڕۆژه‌یه‌كی (54) مادده‌یان ئاماده كردووه، ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیان كردووه، له‌وێ ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بكرێت ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت״، نه‌به‌ز واى وت.
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان باسی ئه‌و ده‌كات، خه‌ڵك متمانه‌ی به حكومه‌ت نه‌ماوه، له‌م پرۆسه‌یه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نابێت.
موسلم ڕایه‌تی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به ״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند: ״ده‌بوو ئه‌م زه‌كات و سهرفیترانه بكرابایه یه‌ك ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كه‌س لێی سوودمه‌ند بێت كه شایسته بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان و زۆربه‌ی وڵاتان كتر ده‌یبینین جێگای داخه، له ئێستادا ده‌ستێكی ئه‌مین له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نییه سه‌رپه‌رشتیاریی ئه‌و پرسه بكات״.
وتیشی: ״كه ده‌ستێكی ئه‌مین نه‌بوو، شه‌رعی نه‌بوو، كه زه‌كات كۆ بكاته‌وه، ڕاسته‌وخۆ وا ده‌كات كه خواپێداوان پاره و سامانه‌كانیان ڕاده‌ستی ئه‌و ده‌سته ناكه‌ن كه حكومه‌ته، له حكومه‌تیش جیهه‌ته كه وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه، به حكومی ئه‌وه‌ی كه‌وا زه‌كات فه‌رزێكی گه‌وره‌یه، بۆیه ده‌وڵه‌مه‌ندان كه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ده‌یانه‌وێت وه‌ك خۆی بگاته شوێنی خۆی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ڵده‌ستێت به خۆی جێبه‌جێی ده‌كات و یانیش ده‌یداته ده‌ستێكی ئه‌مین یان ڕێكخراوێكی خێرخواز و باوه‌ڕپێكراو״.
״خه‌ڵك متمانه‌ی به حكومه‌ت نه‌ماوه، حكومه‌ت ده‌ستپاك نییه، بۆیه حكومه‌ت له‌م پڕۆسه‌یه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و دڵنیاشم سه‌ركه‌وتوو نابێت״، موسلیم وای وت.
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان پێی وایه ڕێكخراوه خێرخوازییه‌كان كاری كۆكردنه‌وه و دابه‌شكردنی زه‌كات بكەن باشتره نه‌ك حكومه‌ت و حزب.
غازی سه‌عید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا بووین سندوەقێكی ئه‌مین هه‌یه و ده‌ستی هیچ كه‌سی له پشت نییه، ئه‌وا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات ئێمه پشتگیریی ئه‌و سندووقه ده‌كه‌ین، به‌ڵام كاری ڕێكخراوه خێرخوازییه‌كان قه‌ده‌غه نه‌كرێت״.
وتیشی: ״نابێت حزبه‌كان بچنه ئه‌و مه‌یدانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه خێرخوازییانه ببنه جێگای باوه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌ندان، ئاماده‌ش نین له‌گه‌ڵ هیچ حزبێكی ئیسلامی‌دا شتێك درووست بكه‌ین بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات، من ده‌ڵێم ئێمه وه‌كو یه‌كگرتوو ئه‌گه‌ر له هه‌ر شوێنێك ده‌سته‌یه‌كی پاك و سه‌ربه‌خۆ دوور له ده‌ستی حكومه‌ت و ده‌ستی حزبی هه‌بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات یارمه‌تیده‌ر ده‌بین و دڵنیاشیم ئه‌گه‌ر سندووقێكی له‌و جۆره هه‌بێت، له لایه‌ن هاووڵاتییانیشەوە ده‌بێتە جێگای باوه‌ڕ״.
به پێى زانیارییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف، پاره‌ی زه‌كات ساڵانه ئه‌گاته (70-90) ملیۆن دۆلار.
له ئێستادا له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین ڕێكخراوی خێرخوازیی سه‌ربه‌خۆ و چه‌ند ڕێكخراوێكى تری سێبه‌ری حزبه ئیسلامییه‌كان بوونه‌ته جێگای باوه‌ڕی به‌شێك له بازرگانان و ده‌وڵه‌مه‌ندان، کە زه‌كات و سه‌رفیتره كۆ ده‌كه‌نه‌وه، به چه‌ندین ڕێگای جیاواز دابه‌شی سه‌ر سه‌دان خێزانی هه‌ژاری ده‌كه‌ن له ڕێگای ئه‌م ڕێكخراوانهوه.
ئازاد عەبدولوه‌هاب به‌رپرسی ڕێكخراوی مرۆڤدۆستانی كوردستان به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״له دوای ئه‌وه‌ی بینیمان بۆشاییه‌كی زۆر هه‌یه بۆ دابه‌شكردنی زه‌كات، به پێویستمان زانی بیرۆكه‌یه‌ك بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێكخراوه بدۆزینه‌وه، ئه‌وه نزیكه‌ی پێنج ساڵه ئێمه شه‌ش كه‌س وه‌كو ستافی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوه‌كه به خۆبه‌خش كار ده‌كه‌ین״.
به‌رپرسی ڕێكخراوی به‌خته‌وه‌ری، دامه‌زراوه‌یه‌ك به پێویست ده‌زانێت بۆ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى ساڵانه پاره له‌وانه وه‌ربگرێت كه پێویسته زه‌كات بده‌ن.
حاجی كاروان به‌رپرسی ڕێكخراوی به‌خته‌وه‌ری به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״پێویسته له هه‌رێمی كوردستان دامهزراوەیهك درووست بكرێت شه‌رعی بێت، ساڵانه پاره له‌وانه وه‌ربگرن كه زه‌كاتیان له‌سه‌ره״.
وتیشى: ״به‌داخه‌وه تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه و حكومه‌ت ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه، بۆیه دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی، یان مامۆستایانی ئایینی، یان كه‌سانێك جێگای متمانه‌ى كۆمه‌ڵگا بن، ساڵانه زه‌كات و سه‌رفیتره كۆ ده‌كه‌نه‌وه دابه‌شی ده‌كه‌ن״.