ئاژانس – ڕۆژگار مستەفا
ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسییەکانی سەرجەم ئاھەنگی ھاوسەرگیریی ئەو کوڕ و کچە دەستگیراندارانەی ھەڵوەشاندەوە، کە بەنیاز بوون لە ھۆڵەکاندا سازی بکەن، ھەروەھا خاوەنی ھۆڵی بۆنەکانیش پەیوەست بوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕاگرتنی بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، ئارایشتگاکانیش بە ھەمان شێوە کاری چاککردن و ڕازاندنەوەی بووک و خانمانیان بۆ ماوەی ٢ مانگ ڕاگرت، بەو ھۆیەوە دەرگای زیاتر لە هەزار سەنتەر و ئارایشتگا داخران، و ١٥٠ ھۆڵی ئاھەنگ و بۆنەکان لە سەرتاسەری ھەرێم ھێشتا داخراون و دەنگی دەھۆڵ و زووڕنایان لێ نایەت.
ئالان محەمەد، دانیشتووی ھەولێر، بەنیاز بوو لە وەرزی بەھاردا لەگەڵ بەنازی دەستگیرانیدا بە دەھۆڵ و زووڕناوە لە ھۆڵێکدا ئاھەنگی ھاوسەرگیرییان ساز بکەن، بەڵام مەترسیی کۆرۆنا و ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن، ئاھەنگەکەی لێ تێکدان.
ئالان بە “ئاژانس”ی وت: “شەش مانگە دەستگیراندارم و وا بڕیار بوو لە ئاداردا ئاھەنگی ھاوسەرگیریی لەگەڵ بەناز بکەین، بە ھۆی مەترسیی کۆرۆناوە دوامان خست و ھۆڵەکەشمان ئاگادار کردەوە و زیاتر لە 5 مانگ بەسەر وادەی ئاھەنگەکەماندا تێپەڕیوە و چاوەڕوانی ئاھەنگی ھاوسەرگیرییمان گۆڕاوە بۆ چاوەڕوانیی کۆتاییھاتنی پەتای کۆرۆنا.”
بە گوێرەی زانیاریی “ئاژانس”، کە لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەستی کەوتووە، زیاتر لە ١٥٠ ھۆڵی بۆنە و ئاھەنگ لە ھەرێمی کوردستان داخراون و بە ھۆی کۆرۆناوە کارەکانیان ڕاگرت و ناتوانن کار بکەن، تا ئەو کاتەی باری نائاسایی بە ھۆی کۆرۆناوە لە ھەرێم ھەڵدەگیرێت.
محەمەد عومەر، خاوەنی ھۆڵی مایسترۆ لە ھەولێر بە “ئاژانس”ی وت: “ساڵانە لە مانگی ئاداردا زۆرترین بۆنەی ئاھەنگی بووک و زاوا دەبێت و نزیکەی ٢٥ ئاھەنگمان ھەبووە، بەڵام بە ھۆی کۆرۆنا لە ئەمساڵدا ڕاگیراون و ساڵی پار لەم مانگەدا ھەموو ڕۆژێک ئاھەنگمان ھەبووە، جگە لە بۆنەی خوێندکاران و لەدایکبوون و شەکراوخواردنەوە”.
ئەو کەسانەی ھۆڵیان گرتووە وادەکەیان بۆ دادەنرێت لە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی نەخوزراو کە بۆ بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنا لە سەرتاسەری ھەرێم گیراوەتە بەر، تا ئێستا ھۆڵی بۆنە و ئاھەنگەکان داخراون و زیاتر لە ٥ مانگ دەبێت”.
ھۆڵی ڕۆز لە دھۆک ٢٧ وادەی ئاھەنگی بووک و زاوای ھەڵوەشاندووەتەوە و ھۆڵی ئۆسکاریش لە سلێمانی بە ھەمان شێوە ٢٥ ئاھەنگی ڕاگرتووە، ھەریەک لە سیھاد زاویتەیی، خاوەنی ھۆڵی ڕۆز و شێرکۆ فایەق، بەڕێوەبەری ھۆڵی ئۆسکار بە “ئاژانس”یان وت: “ئاھەنگەکان بە ھۆی ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە کۆرۆنا ڕاگیراون”.
زۆربەی بووکەکان بەرلەوەی بچنە ھۆڵی ئاھەنگ پێشوەخت ناو لە ئارایشتگایەک تۆمار دەکەن بۆ ڕازاندنەوە، بۆیە کۆرۆنا ئەم دەرگایەشی داخستووە و ھەر بە گوێرەی ئەو داتایانەی “ئاژانس”، کە لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ھەرێم دەستی کەوتووە؛ زیاتر لە ١٠٠٠ ئارایشتگا لە پارێزگاکانی ھەرێم ماوەیەکی زۆر داخران و ئێستا جارێکی دیکەش 10/7 ی ئەمساڵ داخراونەتەوە.
ھاجەر تەویل، بەڕێوەبەری میدیای ئارایشتگای ئۆھایەر لە ھەولێر بە “ئاژانس”ی وت: “بەر لە کۆرۆنا لە یەک مانگدا ٤٠ بووک کاریان بۆ کراوە و تەنیا لە مانگی ئاداردا ٣٠ بووک ناویان تۆمار کردبوو، کۆرۆنا ڕایگرت و ھەموو کار و داوایەکیشمان ڕەت کردووەتەوە کە ١٥ دانە بووە”.
وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێریی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان دەکەن کە بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا گرتویەتییە بەر.
ئازاد ھادی مەولود، بەڕێوەبەری پشکنین و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی تەندروستی بە “ئاژانس”ی وت: “ھەر شوێنێک قەرەباڵغی دروست بکات دادەخرێت و ئەگەر سەرپێچی بکەن و پێشێلی رێكار و رێنماییەكان بكەن بە ئارایشتگا و ھۆڵەکانیشەوە؛ دەدرێنە دادگا و غەرامەش دەکرێن.”
دیڤیا بیوتی لە سلێمانی و لاجە لە دھۆک دوو نموونەی دیکەن کە بە “ئاژانس”یان وت: “بە ھۆی کۆرۆناوە ھەموو کارێکی ڕازاندنەوەی بووکمان ڕاگرتووە، جگە لە کارکردنی ئاسایی ڕۆژانە بۆ خانمان، تەنیا وەک جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا”.
ھەموو ئەو بووک و زاوایانەی ئاھەنگ دەگێڕن پێویستیان بە تۆمارکردنی ساتەکانیانە وەک یادگارییەک بۆ داھاتوو، بەڵام کۆرۆنا ئەم کارەش ڕادەگرێت.
ژیار تەھا، فۆتۆگرافەری بووک و زاوا، بە “ئاژانس”ی وت: “کاری فۆتۆ و ڤیدیۆ بە پێی وەرز دەگۆڕدرێت، نزیکەی ٢٠-٢٥ ئیشی بووک و زاوام ھەبووە، بە ھۆی کۆرۆناوە ئیشەکانم ڕاگرتووە”.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم بۆنە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەگرێت کە دەبێتە ھۆی قەرەباڵغی، ھەر لە ڕێورەسمی داخوازیی کچ بۆ کوڕ و شەکراوخواردنەوە و مارەکردن لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە.
مامۆستا عەتا پێنجوێنی، جێگری لێپرسراوی لقی سلێمانیی یەکێتیی زانایان، بە “ئاژانس”ی وت: “ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگەریی لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی ژن و ژنخوازی کردووە، ئەمانە ھەمووی قەرەبوو دەکرێتەوە، لە ئیسلامدا ژیانی مرۆڤ لە ھەموو بۆنەیەک لەپێشترە”.