40 كەناڵ لە هەرێم پەخش دەكەن
ئاژانس -شیروان محەمەد ئەمین
لە هەرێمی كوردستان 38 كەناڵی كوردیی هەیە، كە لە ڕێی فریكوێنسیی جیاوازەوە پەخشەكانیان لە ڕێی تەلەفیزیۆنەوە بە بینەرانیان دەگات، بۆ ئەوەش ساڵانە 24 ملیۆن و 80 هەزار دۆلار لە هەرێم بۆ كڕینی فریكوێنسی و كرێی پەخش خەرج دەكرێت تاوەكو بتوانن لە ڕێی قەمەرە ئاسمانییەكانەوە پەخش بكەن، كە زیاتریان لەسەر قەمەری نیلسات، عەرەبسات و هۆتبێردن.
بە گوێرەی بەدواداچوونی ״ئاژانس״، لەو 34 كەناڵە ئاسمانییە، 34 كەناڵیان بە سیستمی HDی پەخش دەكەن و 4 كەناڵیشیان بە سیستمی SD پەخش دەكەن، هەروەها چوار كەناڵی پارتی دیموكراتی كوردستان پشكی زۆرینەیان بەركەوتووە لە كڕین و كرێی فریكوێنسی كە 4 كەناڵیان لە سێ قەمەرەوە پەخشی بەرنامەكانیان دەكەن و ساڵانە 2 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار تەنیا خەرجیی كرێی ئاسمانییە.
ئازاد دارتاش، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״40 كەناڵی ئاسمانی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتیان وەرگرتووە، 38 كەناڵی كوردی و 2 كەناڵی توركمانی و كەناڵێكی ئاشورییش لە هەرێمی كوردستان پەخش دەكەن״.
بە پێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری، پێدانی مۆڵەتی كار بۆ پەخشی كەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەكان لەسەر ئاستی هەرێمیش دەبێت خاوەندارەکەی ناسنامەی عێراقی یان شەش مانگ ئیقامەی لە هەرێم وەرگرتبێت و بەڕێوەبەری كەناڵەكەش دەبێت زیاتر لە پێنج ساڵ لە بواری ڕاگەیاندن كاری كردبێت، ئەگەر وەك كۆمپانیاش داوای مۆڵەت بكات پێویستە ناوی لە بەشی كۆمپانیاكان تۆمار كرابێت.
شوان عوسمان، دابینكار و پسپۆڕ لە وەرگرتنی فریكوێنسیی كەناڵە ئاسمانییەكان، بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״هەرگیز نرخی فرۆشتنی فریكوێنسی بۆ میدیاكان لە هەمان كۆمپانیا و بۆ هەمان تایبەتمەندی هاوتا نییە، لەبەر ئەوەی جۆری مامەڵە و ڕێككەوتن بڕی كرێی ساڵانە دیاری دەكات، چونكە بۆ هەر قەمەرێك پەخشكردنی جوگرافیایەكی دیاریكراو هەیە، كە خۆی لە هەشت نمرەی پەخشدا دەبینێتەوە״.
״گرێبەستەكان بۆ ماوەی یەك ساڵ دەكرێن، ئەگەر سیستمی پەخشی بە SD بێت، تەواوی پەخش بۆ وڵاتانی ئەورووپا و كیشوەری ڕۆژهەڵات بكات، ئەوا بەردەوام بۆ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ پێویستی بە 4 مێگابایت هەیە، كە بۆ هەر مێگابایتێك كەمترین نرخی لە یەك قەمەری نیلسات لە ساڵێكدا 80 هەزار دۆلارە، ئەگەر لە هەمان قەمەر بۆ سادەترین كوالێتی پەخشی HD بكات، لانیكەم پێویستی بە 6 تا 12 مێگابایت هەیە، كە كەمترین نرخی 100 هەزار دۆلارە بۆ یەك مێگابایتی ساڵێك״، شوان عوسمان وای وت.
زۆربەی كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان سەر بە سیستمی (ئێچ. دی) كار دەكەن، جگە لە چوار كەناڵیان كە سیستمیان (ئێس.دی)یە.
سەركار سەرهەنگ، خاوەنی پێشەنگای جیهانی سەتەلایت لە هەولێر بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە 32 كەناڵی كوردیی هەرێم، جگە لە چوار كەناڵ كە بە سیستمی SD پەخش دەكەن، ئەوانی تر هەموویان بە سیستمی HD پەخشی بەرنامەكانیان دەكەن.״
״زۆربەی كەناڵەكان لەسەر یەك قەمەر پەخش دەكەن، بەڵام كەناڵەكانی (ڕووداو، كوردستان 24، كوردستان تیڤی، وار)، هەریەكەیان لەسەر سێ قەمەر پەخش دەكەن، هەروەها كوردسات و كوردسات-نیوز هەریەكەیان لە دوو قەمەردا پەخشی بەرنامەكانیان هەیە״.
بەم پێوانەیە بێت لە هەرێمی كوردستان كە 38 كەناڵی كوردیی فریكوێنسییان هەیە و كاری پەخش دەكەن، تەنها بۆ یەك فریكوێنسی بە سیستمی HD ئەگەر دیقەی كەناڵەكەش لاوازترین بێت كە دەكاتە 6 مێگابایت، ئەوا ساڵانە هەر كەناڵێك 600 هەزار دۆلار، كۆی كەناڵەكانیش ساڵانە 22 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار خەرجییان هەیە، هاوكات 4 كەناڵی كوردییش كە بە سیستمی SD پەخشی بەرنامەكانیان دەكەن، هەریەكەیان ساڵانە 320 هەزار دۆلار و هەر چوار كەناڵەكەش ساڵانە 1 ملیۆن و 280 هەزار دۆلار لە فریكوێنسیی كەناڵەكانیاندا خەرج دەكەن، واتا كەناڵە كوردییەكان بە هەردوو سیستمی پەخش ساڵانە 24 ملیۆن و 80 هەزار دۆلار خەرجییان هەیە.
كەناڵەكانی پارتی پشكی شێریان لە خەرجیی پەخشی كەناڵە ئاسمانییەكاندا بەردەكەوێت، چونكە كەناڵەكانی ڕووداو، كوردستان 24، كوردستان تیڤی، وار وێڕای ئەوەی كە بە سیستمی HD پەخش دەكەن، هەریەكەیان لە سێ قەمەری تر پەخشكردنیان هەیە، بەم پێوانەیەش ساڵانە خەرجیی ئەم چوار كەناڵە دەكاتە 2 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار، یەكێتیی تەنها دوو كەناڵی كوردسات و كوردسات-نیوزی بە سیستمی HD لە دوو قەمەردا پەخش دەكات، خەرجیی ساڵانەی فریكوێنسی ئەمەش 1 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
ئازاد محەمەد، سەرۆكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״ژمارەی كەناڵە ئاسمانییەكانی هەرێم زۆر ناسروشتییە، دەبوو بە یاسا پەخشی كەناڵەكان ڕێك بخرێت و ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەبەر چاو بگیرێت״.
״تا ئێستا لە كوردستان هەندێك لە كەناڵەكان هیچ پێناسەیەكیان نییە و هیچ پڕۆژەیاسایەكیش بۆ ڕێكخستنی پەخش لەسەر ئاستی هەرێمدا بوونی نییە״، ئازاد محەمەد وای وت.