نزیكەی 45 ملیۆن دۆلاریان پێ دراوە
ئاژانس – ڕاوێژكامەران
حكوومەتی هەرێم 80 یەكەی كارەبایی بە بڕی 45 ملیۆن دۆلار كڕیوە و ماوەی نۆ ساڵە كاریان پێ ناكات، ئەمە سەرباری وەستانی 12 یەكەی تری كارەبا لە ناوچە جیاوازەكانی تری كوردستان بە هۆی قەرزاریی حكوومەتەوە بە كۆمپانیای درووستكەری یەكەكان بە بڕی ملیارێك و سێسەد ملیۆن دۆلار.
لە ساڵی 2007ـدا حكوومەتی هەرێم 80 یەكەی كارەبای جۆری دیزڵی لە وڵاتی لوبنان بە بەهای 45 ملیۆن دۆلار كڕیوە و پاش 9 ساڵ لە كڕینی ئەو یەكانە تا ئێستا كاریان پێ ناكرێت و هەڵگیراون.
فایەق مستەفا، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمای كوردستان، بە ״ئاژانس״ی وت: ״حكوومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی لوبنانیدا كردووە بە بڕێك پارەی زۆر كە نرخەكەی 45 ملیۆن دۆلار بووە و لە گرێبەستەكەدا تەنها بیر لەوە كراوەتەوە كە چۆن پارەی تێدا بخورێت، ئەو یەكانە كە بە یەكەی (سەقەر) ناسراون بە بیانووی ئەوەی كێشەی تەكنیكییان هەیه لە كار وەستاون، لە كاتێكدا چۆن دەبێت 80 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە یەكەوە و بە هۆی كێشەی تەكنیكییەوە لە كار بكەون.״
ئەو کۆمپانیایەی یەکەکانی لێ کڕدراون، بریتییە لە ״گرووپی سهقهر بۆ وزه״، كۆمپانیایهكی لوبنانییه كه له ساڵی 1972 دامهزراوه و له وڵاتانی خۆرههڵاتی ناوهڕاستدا بۆ دابینكردنی كهرهسته و ئامێری كارهبایی و مۆلیده كار دهكهن.
دۆخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە كێشە بەردەوامەكانی هاووڵاتیان دادەنرێت و سەرەڕای چەندان بەڵێنی جۆراوجۆر بۆ باشبوونی، بەڵام حكوومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە نەبوونی كارەبا چارەسەر بكات.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی، كارنەكردنی ئەو یەكانە پشتڕاست دەكاتەوە كە لە كۆمپانیا لوبنانیەكە كڕدراون و زیاتر وتیشی: ״ئەو یەكانە كاتی خۆی بە بڕی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار لە كۆمپانیای سەقەڕی لوبنانی كڕدراون و خاوەنداریەتییەكەیان بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی كاریش بكەن پێویستە بە بەردەوامی گازوائیلیان بۆ دابین بكرێت، ئێستاش حكوومەت بە هۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت گازوائیل دابین بكات، هەر بۆیە یەكەكانیش لە كار كەوتوون.״
هاوكات ئەمین حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، ئەو یەكانەی كە ئێستا لە كار كەوتوون بە هۆی ئەوەوەیە پێویستیان بە چاكسازییە و ئێستاش چاكسازییان تێدا دەكرێت و بڕیارە بخڕێنەوە كار.
جگە لەو یەكانەش، حكوومەتی هەرێم گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای ماس گڵۆباڵ واژۆ كردووە كە خاوەنەكەی ״ئەحمەد ئیسماعیل״ی وەبەرهێنە، كە 3 وێستگەی تری كارەبای لە هەرێم دامەزراندووە، بەڵام ئەو یەكانەش تا ئێستا كار ناكەن و هۆكارەكەشی بۆ قەرزاریی حكوومەت دەگەڕێندرێتەوە بەو كۆمپانیایە.
وەک فایەق مستەفا ڕوونی کردەوە، كۆمپانیای ماس گڵۆباڵ ئەو سێ یەكەی كارەبایەی لە سلێمانی و چەمچەماڵ و دهۆك درووست كردووە و هەر وێستگەیەك لە 8 یەكە پێك هاتووە و هەر یەكەیەكیش 125 مێگاوات كارەبا دەدات كە دەكاتە 24 یەكە و لەوانەش ئێستا 12 یەكەیان كار ناكات.
مستەفا، وەستانی ئەو یەكانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی: ״پێشتر حكوومەتی هەرێم لەگەڵ وەبەرهێنەكە ڕێك كەوتووە كە كارەبای لێ بكڕێتەوە، بەڵام لەم مامەڵەیەدا تا ئێستا حكوومەت یەك ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلاری پارەی كارەبای كۆمپانیای ماس گڵۆباڵ قەرزارە، هەر بۆیە كۆمپانیاكەش وەك فشارێك بە بیانووی چاكسازی كاركردنی یەكەكانی ڕاگرتووه.״
بەڵام وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا بێئاگایی خۆی دەربڕی لەوەی كە وەستانی یەكەكان بە هۆی قەرزاریی حكوومەتەوە بێت و وتی: ״ئەوەی بە ئێمە وتراوە ئەوەیە بە هۆی پێویستیی یەكەكان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە كار وەستاون.״