ئاژانس
خانمە هونەرمەند (ساوێن حەمید) ڕایدەگەیەنێت کە ئەوان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکلیپێکی نوێن کە بە وتەی خۆیان بە شێوازێکی جیاواز کاریان تێدا کردووە.
ساوێن حەمید لە بارەی بەرهەمە نوێکەیانەوە بە “ئاژانس”ی وت: “بەرهەمێکی نوێمان ئامادەیە بە ناوی (من بەبێ تۆ) کە نوێترین کارمان دەبێت و لە هۆنراوە و میوزیکی خۆمە، هاوکات شادمێر نامۆ کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە و سابات حەمید کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدۆکلیپەکە کردووە کە دوو ئەکتەر بە ناوەکانی (باوەش و ڕووان) ڕۆڵی تێدا دەبینن.”
ساوێن وتیشی: “بەرهەمەکە خۆشەویستییە و بە ستایلی پۆپە، لە شاری هەولێر کاری کلیپکردنی بۆ دەکەین و ئێستاش لە قۆناغی وێنەکگرتنداین، بەشی سینەما لە کۆلێژی هونەرهجوانەکانی هەولێر کاری وێنەگرتنی بەرهەمەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و بەو هیوایەی بە زووترین کات بتوانین بڵاوی بکەینەوە.”
سابات و ساوێن حەمید دوو خوشکی شاری ڕانیەن و بە یەکەوە کاری هونەری دەکەن و خاوەنی چەندین بەرهەمی هاوبەشن.