ئاژانس
خانمە هونەرمەند سروود سەیالی ڕایدەگەیەنێت کە گۆرانییەکەی نوێ بە شێوازی دوێت لەگەڵ هونەرمەند ئەفشین شوکری بڵاو دەکاتەوە.
سروود سەیالی بە “ئاژانس”ی وت: “گۆرانییەکی خۆشەویستیمان بە ناوی (لە بیرت ناکەم) ئامادەیە کە بە شێوازی دوێت لەگەڵ هونەرمەند ئەفشی شوکری وتوومە، ئەمە ئەزموونێکی نوێی کاری هونەری دەبێت بۆ من، هۆنراوەی بەرهەمەکە لە لایەن ڤالان کەمال نووسراوە و میلۆدی و ئاوازەکەش هونەرمەند ئەفشین شوکری ئامادەی کردووە، هاوکات بەهزاد موتەلیبی کاری ڕێکخستنی بۆ کردووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرهەمەکەمان بڵاو بێتەوە.”
سروود وتیشی: “لە پاش هاتنم بۆ وڵاتی کەنەدا هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە بووە کە بەردەوام بم لەسەر هونەرەکەم و خۆشبەختانە لەوە کارەشدا سەرکەوتوو بووم، چونکە لێرە جگە لەوەی بەشداریم لە چەندین کۆنسێرتدا کردووە، دەرفەتی کاری هونەریی نوێشم هەبووە.”
سروود سەیالی ٢١ ساڵ، لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ خانەوادەکەیدا چووهتە وڵاتی کەنەدا و لەوێ نیشتەجێ بووە.