كریستۆفه‌ر هێڵ
وه‌رگێڕانی: ئیبراهیم ئەحمەد
چیرۆكى كاره‌ساتبارى دوو شارى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست– حه‌له‌ب له سوریا و موسڵ له عێراق– پێمان ده‌ڵێن چ كۆده‌نگییه‌كى لاواز له ناوچه‌كه و له نێوان هێزه‌كانى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه، تا ڕاده‌یه‌كى زۆر نه‌بوونى سیستم له سیستمى نێوده‌وڵه‌تییشدا ئه‌ركى كۆتاییهێنان به‌و ململانێیانه‌ى ئاڵۆز كردووه.
كاتێكیش دواجار ململانێى خوێناوى له سوریا كۆتایى پێ دێت، نمایشى سه‌ركه‌وتن و ساتى ده‌ربڕینى هه‌ستوسۆزى نیشتیمانى نابینین، به‌ڵكو پێ ده‌چێت ڕێوشوێنێكى سیاسی ببینین كه سوریا له چوارچێوه‌ى سنوورى ئێستایدا جێ بهێڵێت به‌ڵام له سایه‌ى حوكمێكى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدا كه گوزارشت بێت له هه‌مه‌چه‌شنى و بێمتمانه‌یى– لانیكه‌م له ئێستادا– له نێوان گرووپه نه‌ژادى و ئایینییه جۆراوجۆره‌كاندا، كه‌سیش دڵخۆش نابێت، چونكه ئه‌وكات هیچ ئاماده‌كارییه‌كى پێویست بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى مه‌ده‌نى و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك بوونى نابێت تا كۆده‌نگیى كۆمه‌ڵایه‌تى یاخود سه‌روه‌ریى یاساى له‌سه‌ر بونیاد بنرێت.
تا ئه‌و پره‌نسیپه گشتییانه‌ش به ڕوونى له یه‌كتر جیا نه‌كرێنه‌وه، ناتوانین واى دانێین جه‌نگه‌كه كۆتایى هاتووه، تا لایه‌نه بهشهڕهاتووهكانیش دواجار د‌رك به‌وه نه‌كه‌ن كه ئه‌و ژماره پره‌نسیپه‌ى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ڕێك ده‌كه‌ون له‌سه‌رى ده‌بێته بناغه‌ى ئایینده‌ى وڵاته‌كه‌یان، ئاگربه‌سته‌كان به شێوه‌یه‌كى باش كار ناكه‌ن و بگره بۆ ماوه‌یه‌كى درێژخایه‌نیش خۆیان ڕاناگرن.
له واقعیدا جه‌نگى سوریا بێوێنه نییه له ناوچه‌كەدا، به‌و پێیه‌ى جه‌نگى ناوخۆیى لوبنان له‌و درێژخایه‌نتر بوو: له قۆناغى ساڵانى 1975 بۆ 1990، جه‌نگه‌كه ژماره‌یه‌كى هاوشێوه‌ى له قوربانى و په‌نابه‌ر لێ كه‌وته‌وه، ڕه‌نگه ژماره‌یه‌كى هاوشێوهشى له ئاگربه‌ست به خۆوه بینى بێت. سه‌بارى ئه‌وه‌شى هێشتا جه‌نگى سوریا نیوه‌ى ئه‌و ململانێ كاره‌ساتباره‌ى نه‌بڕیوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك له ئارادا نییه به‌وه‌ى لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه جیاوازه‌كان شه‌كه‌ت بووبن.
به له‌به‌رچاوگرتنى شوێنه‌واره گه‌وره جیهانییهكهشى، پێ ده‌چێت كاریگه‌ریى جه‌نگى ناوخۆیى به‌رده‌وامى سوریا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له كاریگه‌ریى جه‌نگى ناوخۆیى لوبنان مه‌زنتر بێت، چونكه سه‌ره‌تا توانرا لێشاوى په‌نابه‌ران له‌ناو ده‌وڵه‌تانى دراوسێدا، به‌تایبه‌ت ئوردون و لوبنان و توركیا و ته‌نانه‌ت عێراقیش له ئامێز بگیرێت، به‌ڵام هه‌رزوو په‌نابه‌ران به‌سه‌ر ئه‌ورووپا و ناوچه‌كانى دیكه‌دا هه‌ڵقووڵان، كه ئه‌وه‌ش بووه هۆى سه‌رهه‌ڵدانى گرژى و ئاڵۆزى سیاسی له‌نێو وڵاتانى دوور له ململانێكه و سه‌ره‌نجام كۆچ و ڕه‌وى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ى یه‌ك له دواى یه‌ك سنوورى ده‌وڵه‌تانى ئه‌ورووپایان ده‌بڕى، بووه گوزارشتكردن له هه‌موو ئەو شتانه‌ى ڕێژه‌یه‌كى زۆرى ئه‌ورووپییه‌كان له‌م سه‌رده‌مه‌دا تووڕه ده‌كات كه جیهانگیریى باڵاده‌سته تیایدا.
نه‌بوونى كۆده‌نگییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى سه‌باره‌ت به سوریا، كه ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى شكستى ده‌وڵه‌تانى ئه‌ندامى هه‌میشه‌یى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو له ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ڕێگاچاره‌یه‌ك، یه‌كێك له هۆكاره‌كانى خراپتربوونى دۆخه‌كه بوو، پاڵپشتیى به‌رده‌وامى لایه‌نه بهشهڕهاتووهكانیش له لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌تێكى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه– كه پێ ده‌چێت متمانه‌یان به سیستمى نێوده‌وڵه‌تى نه‌بێت– هه‌روه‌ها به‌شداریكردنى ڕاسته‌وخۆى ڕوسیا له شه‌ڕه‌كه‌دا، قه‌یرانه‌كه‌ى قووڵتر و ئاڵۆزتر كرد.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ده‌ستوه‌ردانى ڕاسته‌وخۆى ڕوسیا له به‌رژه‌وه‌ندیى سه‌رۆكى سوریا ״به‌شار ئه‌سه‌د״ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌مەریكا و ڕوسیاى گرژتر كرد، كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى كه‌ڵه‌كه‌بوونى مه‌ترسییه‌كان له ناوچه‌ى دیكه‌ى جیهاندا. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مەریكا ״جۆن كیرى״ و هاوتا ڕوسییهكهى ״سێرگى لاڤرۆڤ״یش تا ئێستا شكستیان هێناوه له‌وه‌ى ڕێگاچاره‌یه‌كى كردارى بۆ كۆتاییهێنان به شه‌ڕ بدۆزنه‌وه.
مرۆڤ به ته‌وسه‌وه چاوه‌ڕێى ئه‌و ڕۆژه‌یه كه كیرى و لاڤرۆڤ له ژوورى دانووستانه‌كان بێنه ده‌ره‌وه و به جیهان ڕابگه‌یه‌نن كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ بۆ ئاڕاسته‌كردنى ئایینده‌ى سوریا و به‌دیهێنانى كۆده‌نگى له نێوان ئه‌ندامه‌كانى دیكه‌ى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و خودى لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كان ڕێك كه‌وتوون. ته‌نها ئه‌و كاته ئاگربه‌ست سه‌رده‌كه‌وێت كه لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كان بتوانن وێناى ئایینده‌ى سوریا له پاش جه‌نگ بكه‌ن، چونكه ئه‌وكات هیچ كه‌سێك نایه‌وێت دوایین كه‌س بێت كه له شه‌ڕدا بكوژرێت گه‌ر داهاتووه‌كه له‌به‌ر چاوى ڕوون بێت.
شه‌ڕى موسڵیش شه‌ڕێكى ناوخۆیى نییه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌ى دۆخى سوریاوه كه وا ده‌خوازێت لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كان سازش بۆ یه‌كدى بكه‌ن، له موسڵ تێكۆشان دژ به ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى جه‌نگى له‌ناوبردنى به‌رامبه‌ره، هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ى هێرشى ״ڕوسى–سورى״یش بۆ سه‌ر حه‌له‌ب، عه‌ره‌ب و كورده‌كان و ڕاوێژكاره ئهمەریكییهكانیان له عێراق بۆ چه‌ندین مانگ كاریان له‌سه‌ر پێشهاته‌كان و زامنكردنى سه‌ركه‌وتن له پێش ده‌ستپێكردنى شه‌ڕه‌كه كرد.
به‌ڵام له ئێستادا ڕوون بووه‌ته‌وه ئه‌وه‌ى له موسڵ كه‌وتووه‌ته به‌ر سه‌نگى مه‌حه‌ك له پرسى له‌ناوبردنى داعش گه‌وره‌تره، به پشتبه‌ستن به چۆنیه‌تیی كۆتاییهاتنى ئه‌و پرسه‌ش، دواجار بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئاخۆ عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى فرهتایهفه له قه‌یرانه‌كه‌ى ڕزگارى ده‌بێت یاخود ده‌بێته چه‌ند پارێزگایه‌كى تایه‌فى و نه‌ژادى. له كاتێكیشدا سوپاى عێراق (شانبه‌شانى كورده‌كان) گه‌وره‌ترین ڕۆڵ له شه‌ڕى دژ به داعشدا ده‌گێڕن، به‌ڵام پێ ناچێت سوننه‌كان بیانه‌وێت له حكوومه‌تێكى زۆرینه شیعه‌دا له به‌غدا به‌شداری بكه‌ن.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شى دووبه‌ره‌كیى سوننه و شیعه له عێراق به قه‌د پێویست قورس نه‌بێت، له ئێستادا كه‌لێنێكى قووڵتر و ئه‌سته‌متر سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌ویش ململانێى توركیایه له‌گه‌ڵ ناسنامه و سنووره سه‌پێنراوه‌كانى له ده‌ره‌وه، له واقیعیشدا لێدوانه زیانبهخشهكهى سه‌رۆكى توركیا ״ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان״ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى هه‌رگیز ملكه‌چى ئه‌و سنووره نه‌بووه كه سه‌د ساڵه له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ پارێزگاى نه‌ینه‌وا به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه، تا ڕاده‌یه‌كى زۆر بووه هۆى ئاڵۆزكردنى تواناى توركیا له گێڕانى ڕۆڵ له پڕۆسه‌ى بهرقهراركردنى ئاشتى له عێراقدا.
له‌مێژیشه عه‌ره‌به‌كان گومانیان هه‌یه له‌وه‌ى توركیا له پاراستنى كه‌مینه‌ى توركمان و عه‌ره‌بى سوننه زیاترى ده‌وێت، ئه‌وه‌تا له ئێستاشدا ئه‌ردۆگان ئه‌و گومانانه‌ى پشتڕاست كردووه‌ته‌وه و هه‌لومه‌رجى بۆ درووستبوونى توندوتیژیى زیاتر له عێراق خوڵقاندووه.
دواجار چۆنیه‌تیى كۆتاییهاتنى شه‌ڕى حه‌له‌ب و موسڵ ئه‌ركه‌كانى داهاتوو ڕوون ده‌كاته‌وه، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ى ڕوسیا و ئه‌مەریكا و توركیا و سعوودییه و ده‌وڵه‌تانى دیكه (ئه‌ى ئه‌ورووپا كه‌ستان له ماڵه؟) له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پره‌نسیپ بۆ زامنكردنى وه‌رچه‌رخانى ناوچه‌كه به‌ره‌و ئاشتى ڕێك ده‌كه‌ون، ئه‌و كوشتاره هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.\