حكومه‌ت تا ڕاده‌یه‌كی باش په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكاندا پچڕاندووه
سازدانى: شیرون محه‌مه‌د ئه‌مین
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه پێویسته پاره‌ى پترۆدۆلارى نه‌وت و غاز بۆ پڕۆژه‌ى سنوورى سلێمانى و ئه‌و ناوچانه سه‌رف بكرێت كه ئه‌و سامانه‌یان هه‌یه و ده‌شڵێت: «نووسراومان بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كردووه تاوه‌كو خه‌رجكردنى پاره‌ى داهاتى نه‌وت بدرێته‌وه به پارێزگار».
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین له چاوپێكه‌وتنێكى «ئاژانس»دا ئاشكرای ده‌كات كه كۆپیى نووسراوهكانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بۆ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان نانێردرێن و ده‌شڵێت: «حكومه‌ت تا ڕاده‌یه‌كى باش په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكاندا پچڕاندووه«.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین ماوه‌یه‌كى زۆره ئه‌نجوومه‌نى پارێزگارى سلێمانى كۆ نابێته‌وه، هۆكار فراكسیۆنهكانن ئاخود ئه‌ندامه‌كان؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: بابه‌تى كۆبوونه‌وه په‌یوه‌ندیى بە فراكسیۆنه‌كانى ناو ئه‌نجوومه‌ن و دره‌نگ و زووییهوه نییه، به‌ڵكو هه‌ر بابه‌تێكى گرنگ كه پێوستى به بڕیار و به ده‌نگدان هه‌بێت، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى له ئه‌نجوومه‌ن كۆبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، له ڕابردوودا زیاتر له 60 كۆبوونه‌وه‌مان كردووه، هه‌بووه به كراوه‌یى ماوه‌ته‌وه، یان زیاتر له ده جار كۆ بووینه‌ته‌وه، به‌ڵام به یه‌ك كۆبوونه‌وه ئه‌ژمار كراوه.
ئاژانس: پێشتر بڕیار بوو ژماره‌یه‌ك پۆستى باڵا گۆڕانكاریى تێدا بكرێت ئه‌وانه به چى گه‌یشت؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: گۆڕانكارى له ژماره‌یه‌ك پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كاندا كراوه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به پۆسته‌كانى یه‌كێتییه‌وه هه‌یه، گۆڕانكارییه‌كانى دیكه‌ش ئه‌وه‌ى پێویست بكات، جێبه‌جێى ده‌كه‌ین.
ئاژانس: توانیوتانه لێپرسینه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان بكه‌ن؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین : به‌بێ هیچ گرژى و ئاڵۆزییه‌ك چه‌ندین جار به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و قائیمقام و پارێزگار بانگ كراون و میوانداریمان كردون، له‌به‌ر ئه‌وه له‌گه‌ڵ حكومه‌تى خۆجێى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هاوڵاتیان تا ڕاده‌یه‌كى باش به‌ڕێوه‌چووه.
ئاژانس: ئه‌ى ده‌توانن له پارێزگار بپرسنه‌وه؟
ئازاد: به پێى ئه‌وه‌ى له یاسادا ئاماژه‌ى پێ كراوه، بۆ هه‌ر بابه‌تێكى گرنگ و پێویست، به پێى داواى یه‌ك له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامان و پێشنیارى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن، ئاساییه به‌ڕێز پارێزگارى سلێمانى بۆ میوانداریى بانگهێشتى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگار بكه‌ین، له ڕابردودا جار هه‌بووه له‌سه‌ر داواى ئه‌ندامان یان له‌سه‌ر داواى خۆیان هاتوونه‌ته نێو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌ندامانى ئهنجوومهنەوە.
ئاژانس: له ڕێگه‌ى پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌وه داواى لامه‌ركه‌زیتان كرد، له لایه‌ن حكومه‌ت وه‌ڵامتان درایه‌وه؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: به پێى یاسا له واقیعدا ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان واتا ڕێكخستنى كاروبارى كارگێڕى و دارایى به په‌یڕه‌وى سیسته‌مى لامه‌ركه‌زى، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاكو ئێستا وه‌كو پێویست ڕێگه نه‌دراوه په‌یڕه‌و بكرێت، ئێمه‌ش زۆر جار ئه‌مه‌مان ڕووبه‌ڕووى حكومه‌تى هه‌رێم كردووەته‌وه، ئه‌ویش هه‌ر جاره و به بیانوویه‌ك نه‌یانتوانیوه سیسته‌مى لامه‌ركه‌زى جێبه‌جێ بكه‌ن، وه‌ك شه‌ڕى داعش، قه‌یرانى دارایى، دابه‌زینى نرخى نه‌وت، خراپیى په‌یوه‌ندییه‌كان له نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
ئاژانس: كاتێك ئێوه پڕۆژهكهتان وه‌ڵامى ئه‌رێنى نه‌بوو چۆن ده‌زانن داهاتى ئه‌م سنووره به چ شێوازێك مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌كرێت؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: ئه‌وه‌ى ئێمه پڕۆژه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌زێت بۆ پارێزگاى سلێمانى، به مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى هه‌ر داموده‌زگایه‌ك كه داهاتیان باشه به ڕێژه‌ى له 50% بۆ خۆیان خه‌رج بكرێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتى زیاتر بدرێت به پارێزگارى سلێمانى، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاته‌كانى زیاتر بۆ قایمقامییه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كان شۆڕ بكاته‌وه، هه‌موو داهاته‌كانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه، ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان، له بانكى سنووره‌كانى خۆیاندان، واتا جگه له ژماره‌ى بانك، پاره‌ى كاش به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى دارایى، ئه‌وانیش به‌و شێوه‌یه ئاگادارن له كۆى داهات، ئه‌مه به چه‌ند شێوه‌یه‌ك به كار ده‌هێنرێته‌وه، بۆ كۆى مووچه‌خۆران له فهرمانگهكانى ئه‌م سنووره، به‌شێكى تریش له ڕێگه‌ى كاك قوباد تاڵه‌بانى و ڕه‌زامه‌ندیى وه‌زاره‌تى داراییه‌وه بۆ پڕۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كان خه‌رج ده‌كرێت.
ئاژانس: كاتێك حكومه‌ت داواكه‌ى ئێوه په‌سه‌ند ناكات، ئه‌وه به مانا چییه؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: ئه‌مه بۆ كۆى ئه‌نجوومه‌ن و ده‌سته‌ى فراكسیۆنه‌كان ڕاسته، به داخه‌وه ئێمه وه‌ك لیستى یه‌كێتیی، ئه‌وه‌ى له به‌رنامه‌ى كار دانرابوو نه‌مانتوانى وه‌ك پێویست جێبه‌جێى بكه‌ین، له خولى پێش ئێمه‌دا په‌یوه‌ندیى هه‌رێم و به‌غدا باش بوو، مانگانه بودجه‌ى پارێزگاكان ده‌هات بۆ هه‌رێم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى ئێمه‌وه تاكو ئێستا هیچ جۆره بودجه‌یه‌ك نه‌هاتووه بۆ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، كێشه‌كانى هه‌رێم بیانوویه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان مامه‌ڵه بكات، كه پێم وایه حكومه‌ت مەبەستى وایه ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان له‌وه زیاتر ده‌سه‌ڵاتى نه‌بێت.
ئاژانس: پاره‌ى نه‌وت له پڕۆژه‌كانى پارێزگاى سلێمانیدا خه‌رج ده‌كرێت؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: ئه‌و پاره‌یه ده‌چێته پارێزگاى سلێمانى، دواتر له ڕێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى، پاره‌ى نه‌وت خه‌رج ده‌كرێت، نووسراومان كردووه بۆ ئه‌وه‌ى له كه‌مترین كاتدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه بدرێته‌وه به پارێزگار، پێشنیارم ئه‌وه‌یه چۆن حكومه‌ت له ڕابردوودا پاره‌ى پترۆدۆلارى بۆ كه‌ركوك ده‌نارد، ئێمه‌ش سوورین له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه، به تایبه‌ت بۆ سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ى گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، كه ده‌بێت پاره‌ى داهاتى پترۆدۆلار بنێردرێت بۆ ئه‌و سنوورانه‌ى كه به‌رهه‌مى نه‌وت و غازیان هه‌یه، له پێناو خه‌رجكردنى ئه‌و پاره‌یه بۆ پڕۆژه‌كانى ئه‌و سنووره.
ئاژانس: ئه‌و پاره‌یه‌ی له شیرینیى نه‌وت و پترۆدۆلار بۆ پڕۆژه‌كان خه‌رج كراوه چه‌نده؟
ئازاد محەمەد ئەمین: زانیاریى ته‌واومان لا نییه، هیچ كام له‌و ژمارانه نه‌هاتووه بۆ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به دڵنیاییه‌وه زیاتر زانیاریى ئه‌و بڕه‌پاره‌یه لاى پارێزگارى سلێمانى هه‌یه.
ئاژانس: بۆچى زانیاریى لاى پارێزگار هه‌یه و لاى تۆ وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگار نییه؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: ئێستاش سیسته‌م مه‌ركه‌زییه، بۆیه ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له 90% مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان و پارێزگاره‌كان و ئیداره‌ى جێبه‌جێكار ده‌كات، به ڕاده‌ى كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان مامه‌ڵه ده‌كات، حكومه‌ت نایه‌وێت گرنكى به ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان بدات و تا ڕاده‌یه‌كى باش په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان پچڕاندووه، تاكو ئێستا نووسراوه‌كان له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌وه گشتاندنى پێ ده‌كرێت بۆ وه‌زاره‌ته‌كان، په‌رله‌مان، ده‌سته‌كان، پارێزگاره‌كان و هیچ نووسراوێك گه‌شتاندنى پێ نه‌كراوه بۆ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێم، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان داوه به پارێزگار، دواتر به ده‌ستنووسى پارێزگار ده‌نێردرێت بۆ ئه‌نجوومه‌ن.
ئاژانس: له دهۆك و هه‌ولێر به‌نزینخانه‌ى حكومى داده‌نرێته‌وه و به‌غدا سووته‌مه‌نیان بۆ ده‌نێرێت، بۆچى ئه‌وه له سلێمانى ناكرێت؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: له‌ناو سه‌نته‌رى شارى سلێمانى پێنج به‌نزینخانه‌ى حكومى هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و به‌نزینه‌ى كه ئێستا دێت بۆ هه‌ولێر، گوایه بۆ ته‌كسى و پاس به 640 دیناره، هیچ زانیارییه‌ك نه‌دراوه به ئه‌نجوومه‌ن، به‌ڵام پارێزگارى سلێمانى ڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌ت كردووەته‌وه كه به‌نزین له عێراق وه‌ربگریت، قه‌ره‌هه‌نجیر و چه‌مچه‌ماڵ دووریى نێوانیان 20 كلیۆمه‌تره، له ناحیه‌ى قه‌ره‌هه‌نجیر كه سه‌ر به ناوچه دابڕاوه‌كان و پارێزگاى كه‌ركوكه، به‌نزینى چه‌مچه‌ماڵ به كوالێتى باشتر له قه‌ره‌هه‌نجیر به نرخى 650 دیناره، له كاتێكدا له قه‌ره‌هه‌نجیر به 640 دینار بێت، ئیتر بۆ ده دینار بۆچى منه‌تى حكومه‌تى عێراق هه‌ڵبگرین، كه كوالێتیى به‌نزینى عێراق له ئاستى پێویستدا نییه، وه‌كو ئه‌و به‌نزینه نابێت كه ئێستا له سلێمانى هه‌یه، بۆیه ده‌ستخۆشى له پارێزگارى سلێمانى ده‌كه‌ین كه ئه‌و به‌نزینه‌ى ڕه‌ت كردووەته‌وه.
ئاژانس: ته‌مه‌نى ئه‌نجوومه‌ن ته‌واو بووه ئه‌گه‌ر وایه بۆ هه‌ڵبژاردن ناكرێت؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: به دڵنیاییه‌وه ماوه‌ى چوار ساڵى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له ڕۆژى 24ى 6ى 2018 كۆتایى هاتووه، به پێى یاساى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگان له كاتى ئه‌نجامنه‌دانى هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌ى 90 ڕۆژ درێژه به كارى ئه‌نجوومه‌ن بده‌ین و له‌وه زیاتریش نه‌بێت. له پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ش بڕیاردان له‌سه‌ر كارى ئه‌نجوومه‌ن ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، كه به دڵنیاییه‌وه پێش ته‌واوبوونى ئه‌و ماوه‌یه بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌م باره‌وه ده‌درێت.
ئاژانس: پۆستى سه‌رۆكى پارێزگارى سلێمانى له نێوان گۆڕان و یه‌كێتیى ئاڵوگۆڕى له‌سه‌ر ده‌كرێت، یاخود سیناریۆكان بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه چیین؟
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین: ئێستا هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه، ڕێكکه‌وتن له نێوان یه‌كێتیى و گۆڕان سه‌باره‌ت به حكومه‌تى خۆجێیه‌تى هه‌بووه و به‌رده‌وامه، كه به پێى ڕێكکه‌وتنه‌كه دوو ساڵى یه‌كه‌م بۆ یه‌كێتیى و دوو ساڵى دووه‌میش بۆ گۆڕان بوو، پاش ته‌واوبوونى كاته‌كه تاكو ئێستا هیچ دانیشتنێك له نێوان گۆڕان و یه‌كێتیى له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته ئه‌نجام نه‌دراوه و ڕێكکه‌وتنه‌كه ئیشى خۆى ده‌كات، كه نیشانه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌ردوولایه له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ى ئێستا.
ئاژانس: زانیاریتان له‌سه‌ر فرۆشتن و داهاتى ته‌نكه‌ره نه‌وته‌كانى سنووره‌كه‌ت هه‌یه؟
ئازاد: نه‌خێر چونكه ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیى به وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانه‌وه هه‌یه، ده‌ستكه‌وتنى ئه‌و زانیارییه‌ش زیاتر په‌یوه‌ندیى به په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه هه‌یه، چونكه په‌رله‌مان تواناى به‌دواداچوونى له‌سه‌ر كۆى هه‌رێم هه‌یه، به‌ڵام ئێمه وه‌ك ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ر هیچ كام له وه‌زاره‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى سامانه سروشتییه‌كاندا نییه، هه‌بوونى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانى سلێمانییش به‌و مانایه نییه، كه ئاگادارى هه‌موو داهاتى سامانه سرووشتییه‌كان بێت.